Share on facebook
بەسەدان دار سنۆبەر لە رواندز سووتاون
پێنج شەممە, 08 شوبات 2018 09:52


ژینگە پارێزێك: نا وشیاری تاكە وادەكات ساڵانە روبەرێكی زۆری دار ودرەخت لەناوبچن


لێپرسراوی هۆبەی دارستان: دووكەسمان  بەتۆمەتی ئاگرەكە دەستگیركردوە


محەمەد ئامۆكەیی


ساڵانە بەهۆكاری جیاجیا لە سەرانسەری جیهان و هەرێمی كوردستان بە هەزارن درەخت لە دارستانە دەستكرد و سروشتیەكان ئاگر دەگرن و ئەوەش وادەكات رێژەی سەوزای روو لە كەمبوونەوە بكات و زیانێكی زۆریش بەر ژینگە بكەوێت و هەندێ جاریش بە هۆی سوتانی دارەكان بەشێكی بەر چاو لەو درەختانەی دەسوتێن ناژینەوە جگە لەمەش بوونی دارو درەخت لە هەرشوێنێك وادەكات ژینگەێكی لەبار و كەشێكی تەندروست هەبێت، هەرێمی كوردستانیش تا ئێستا نەیتوانیوە بگاتە ئاستی ستاندەری جیهانی لە رێژەی سەوزای چەند مانگێك لەمەوبەر لە قەزای رواندز بە سەدان درەخت بەهۆی ئاگرەوە لەناو چوونەو  وشك بوونە  لەسەر هۆكاری ئاگركەوتنەوە لە دارستانی رواندز زاری كرمانجی بۆچوونی هاووڵاتیان و ژینگە پارێز و لایەنی پەیوەندی داری وەرگرتوە.
محەمەد بایز گەنجێََََكی رواندزە بۆ زاری كرمانجی گووتی" لە وەرزی هاوین گەنجێكی زۆر روو لە ناو دار سنۆبەركانی رواندز دەكەن بۆ بەسەر بردنی كاتێكی خۆش و شوێنێكی بەرز و سروشتێكی جوانی هەیە بەڵام وەك پێویست لە لایەن پۆلیسی دارستان چاودێری شوێنەكە ناكرێت و هەندێ جاریش ئەو كەسانەی لە وێ خەریكی بەسەر بردنی كاتێكی خۆشن ئاگر دەكەنەوە و پاشماوەی ئاگرەكەیان خامۆش ناكەن و ئەوەش وادەكات ئاگر دروستبێت و پووش و پاوان و درەختی زۆر لەناو بچێت، ئەو گەنجە زیاتر گووتیشی دەبێت لەم شوێنانە تابلۆ هەڵواسرێ  بۆئەوەی ئەو كەسانەی سەردانی شوێنەكە دەكەن ئاگر نەكەنەوە و یاخوود پاشماوەی جگەرە فڕێ نەدەن و سروشتی جوانی رواندز بە جوانی بمێنێتەوە و ژینگەكەمان بەرەو لەناو چوون نەچێت.
هەژار ماهیر بەرپرسی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە  بۆ زاری كرمانجی دەڵێت" پرۆسەی تێكدان و شێواندنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان بە جیاوازییەكی گەورە پێش پڕۆسەی پاراستن و چاككردنی ژینگە كەوتووە ئەمەش زەنگێكی مەترسیدارە كە ئەمانەش كۆمەڵێك هۆكارن یەكێك لەوانە سووتانی بە ئەنقەست و لە ناوبردنی دار و درەخت و روبەرە سەوزاییەكانن بەداخەوە بەپێی‌ ئەو بە دواداچوونانەی كردوومانە وەك رێكخراوی وار) رێژەیەكی زۆری دار سنۆبەر لە قەزای رواندز لە ناوچوونە ئەویش لە كاتێكدایە هیچ شارێكی كوردستان نەگەیشتۆتە ستانداری جیهانی لە رێژەی سەوزایی ئەمانەش كۆمەڵێك هۆكار هەن لەوانە كەمی میلاك و نەبوونی پێداویستی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران كە تەنیا لە قەزای رواندز بنكەییەكان هەیە لە كاتی چوونی هێزەكانی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە نەتوانراوە جێگایان پڕ بكرێتەوە و نەبوونی ئاگر بڕوو نا وشیاری تاك هۆكارن بۆ ئەم لەناوچونانەی دار سنۆبەرانە كە لە هەمویان گرنگترە سەروەر نەبوونی یاسا بۆ ئەوانەی كە بەدەستی ئەنقەست ئەم كارە دەكەن و بە كەفالەت ئازاد دەكرێن بۆیە رێكخراوەكەمان چەندین نوسراوی ئاراستەی وەزیری ژینگەی هەرێم و پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم و دەستەی پاراستن و ژینگەی هەرێم و  فەرمانگەی ژینگەی هەولێر و لایەنە پەیوەندارەكان كردووە لە چاو خشاندن بە میلاكی پۆلیسی دارستان و ژینگە بەڵام تا ئێستا بێ‌ سوود بووە لە داهاتوودا لە بەدواداچونەكانمان بەردەوام دەبین.
لەسەر هۆكاری ئاگركەوتنەوە و زەردبوون و وشك بوونی دار سنۆبەرەكانی رواندز سلێََمان عەبدوڵڵا لێپرسراوی هۆبەی دارستان و پاوانی رواندز بە زاری كرمانجی راگەیاند" مانگی 7ی ئەم ساڵ ئاگرێكی گەورە لە دراستانی رواندز روویدا و بەو هۆیەوە بەسەدان دار سنۆبەر سووتان و ئەوەش وای كرد دارەكان لە ناو بچن و ڕەنگیان زەرد بێت بە گوومانی دەست هەبوون لەم رووداوە لە شوێنی ئاگر كەوتنەوە دووكەسمان دەستگیركرد كە خەریكی مەی خواردنەوە بوون و دران بە دادگا تا ئێستاش تۆمەتیان بەسەردا ساغ نەبۆتەوە و بەڵام كەیسەكە هەر لە دادگایە،لێپرسراوی هۆبەی دارستان زیاتر گووتی" پۆلیسی دارستان هیچ خەم ساردێكیان نەكردوە لە چاودێری كردنی دارستنی رواندز هەروەها داواكارین لەو كەسانە دەكەین كە دەیانەوێت پشوو بدەن خۆیان لە كردنەوەی ئاگر دوربخەنەوە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر دار نە سوتێنرێت.