Share on facebook
چیتر سەبر نەماوە و چارەسەر ئاسانە
شەممە, 10 شوبات 2018 09:38


جەلال سەعید

بۆ بەریرسانی حكومی و حزبی و وەرزشكاران و وەرزشوانان و یانەی سۆران.
وەرزشوانان و وەرزشكاران و یانەی وەرزشی سۆران و تیپە میلییەكان هەموویان زیاتر لە 15 ساڵە چاوەروانی بەرپرسانی حزبی و حكومی ئەو شارە دەكەن، كەچی هیچ باكیان بە وەرزش و وەرزشكاران نەبووە.
لێرەدا لە بری هەمووان چەند ووشەیەك بەتوانج و رەخنە و پێشنیارێك دەوەشینم.
بەو هیوایەم وەرزشكاران و وەرزشوانان و یانەی وەرزشی سۆران و تێكرای بەرپرسانی حكومی و حزبی كە خاوەن توانای بریارن و دەتوانن چارەسەرێكی بە پلە و گونجاو بۆ وەرزش بكەن.
سۆران شارێكی گەورە و وێرانە لە وەرزش، وێرانە لە بێ‌ یاریگایی، بێنازە لە خزمەتكردنی وەرزش و وەرزشكاران لەلایەن دەزگاكانی حكومەت، سۆران چاوی لە بوونی بە پارێزگایە، كەچی خاوەن یاریگایەكی وەرزشی یان تۆپی پێ‌ نییە، لە كاتێكدا دوو یاریگای گەورەی هەیە بەڵام یەك لە هەردووكیان بێ‌ كەلكن و ناشێن بۆ ئەنجامدانی یاری تۆپی پێ و هیچ سوودێكیان بۆ وەرزش نییە.
جەماوەر و هاندەرانی وەرزشی بە یانەی وەرزشی سۆرانیشەوە سەبر و تەحمولیان نەماوە لە بێ‌ یاریگایی و نەبوونی خزمەتكردنی وەرزش، هەست دەكەن و راستەوخۆ نا راستەوخۆ زوڵمێكی گەورە لە شارەكە و وەرزشكاران و یانەی وەرزشی سۆران دەكرێت و كراوە.
دەپرسین لە بەرپرسی یەكەمی ئیداری سۆران هۆكار چییە؟ یاریگای كۆنی سۆران نۆژەن و ئامادە نەكراوە لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو.
باس لە كۆمپانیا یان بەلێندەرێك دەكرێت بۆ ئەوەی یاریگای سۆران ئامادە و نۆژەن بكرێت و سوودی لێ‌ وەر بیگیرێت، وەك دیارە لەلایەن بەرپرسانی شارەكە رەتكراوەتەوە و رەزامەند نەبوونە لە پێدانی بە كۆمپانیا، كێشە نییە و ئاساییە رەتكراوەتەوە، بەڵام بە مەرجێك حكومەت پێویستە لە ماوەیەكی كورتدا ئەو یاریگایە ئامادە بكات و نۆژەن بكاتەوە تاكو یانەی وەرزشی سۆران و تیپە میللییەكانیش سوودی لێ‌ وەر بگرن و داهاتەكەشی لە سەدا 50% بۆ یانەی سۆران بێت، زۆریش ئاساییە لە ژێر چاودێری شارەوانی سۆران بێت و خزمەتگوزار و پاسەوانیشی لە شارەوانی سۆران بۆ دابین بكرێت.
پێموایە بە 200 هەزار دۆلار تاكو 250 هەزار دۆلار واتە 20 تاكو 25 دەفتەر دۆلار چارەسەری زۆر كێشە دەكەن و یانەش لە بێ‌ یاریگای رزگاری دەبێت و سوود و بەهای خۆشی بۆ وەرزش و خزمەتكردی شارەكە دەبێت.
لە كاتێكدا باس لەمە دەكەم كە هیچ سەبر و تەحمولی نەماوە و دوا كەوتنی هەر رۆژێك لە چارەسەری ئەو كێشەیە، كێشە و گرفتی گەورە و زیاتری بەدواوە دەبێت، دواتر گەزینی پەنجەكان هیچ سوود و دادی نابێت...
داواكارم ئەوەی باسم كردوە بە هەندی وەر بگرن وكاری بۆ بكەن، چارەسەریشی زۆر ئاسانە و دەكرێت، ئەگەر هەول و كۆششی بۆ بدەن.
هیوادارم بە زوترین كات جێبەجێ بكرێت و چیتر دوا نەخرێت بۆ ئەوەی یەكەم كەس نەبم لە پێش جەماوەر و هاندەرانی وەرزشی لە رێپێوان لە دژی هەموو بەرپرسانی شارەكە بە حزبی و حكومییەوە.