Share on facebook
تارا شوان: عێراق بە قۆناغێكی سەختی دارایی و ئابووریدا تێپەر دەبێت
شەممە, 10 شوبات 2018 20:53

سوبحان شكۆ- زاری كرمانجی

لە بەردەوامی بەدوواداچوونەكانی زاری كرمانجی بۆ چەندین بابەت گەلێكی جیاواز، بۆ ئەم جارەیان بەدوواداچوون بۆ پرۆژە بوودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە دەكات و پسپۆرێك دەدووێنێت.

تارا شوان، بەرێوەبەری ئینستتیوتی ئابووری ئەمریكی-كوردی سەبارەت بە ناردنی شایستە دارایەكانی هەرێم ئاخۆ تاچەند پێشێل كراوە لەلایەن بەغدا بەزاری كرمانجی گوت:" عێراق بە پێی یاسا دەستووری پێشێل كردووە بۆیە كێشەی شایستە داراییەكانیش لەو چوار چێوەیەداییە، ‎عێراق بە قۆناغێكی سەختی دارایی و ئابووریدا تێپەر دەبێت پێوێستیش دەكات بەزووترین كات كێشەكان چارەسەر بكات،  تاكە چارەسەری ئەمەش پەسەندكردنی بوودجەیە هەرچەندە زەرەری كوردە، سەبارەت بە ناردنی مووچەی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی لەلایەن بەغدا بەپێی بەدووا داچوونەكانی ئێمە تاكوئێستا حكومەتی عێراق یەك دیناریشی بۆ مووچەی ئەم دوو وەزارەتە نەناردووە تەنها ژمارە بانكیيەكی بەتاڵی هەیە و بەس!".

ئەم بەرێوەبەرە لە ئەگەری تێپەراندنی بوودجەی 2018 لەلایەن پەرلەمانەوە دەڵێت:"پەرلەمانی عێراق هەرپرۆژە یاسایەك ئەگەر بەزۆرینەو كەمینە تێپەرێنێت ئەواكێشەیەكی گەورە بۆ پەرلەمان دروست دەكات و لە زۆربەی ئەگەرەكاندا ئەگەری ئەوە هەیە حكومەتی عێراق هەڵبوەشێتەوە، بۆنموونە ئەگەر كورد رازی نەبێت لە تێپەراندنی پرۆژە یاسای بوودجە و تێپەرێنرێت ئەوا كورد دەتوانێت چەندین كارتی فشاری گەورە بەكاربهێنێت كە ئەمانەن:

یەكەم ، جێهێشتنی پەرلەمان و گەرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

دووەم، دەرچوون لە حكومەتی عێراق و جێهێشتنی سەرجەم پێگەكانی حكومەت .

سێیەم، كارنەكردن بەیاساكانی حكومەتی عێراق بەشێوەی كاتی و سڕكردنی.

چوارەم، رێكخستنی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت وەك كەرتێكی وزەی بەهێز.

لەم كاتەدا حكومەتی عێراق تووشی شكست و وەستان دەبێت و ئەگەری ئەوە روودەدات كە لایەنەكانی دیكەش قبوڵی نەكەن و عێراق بەرەو كێشەی گەورەتر بەرن، پرۆژەیاساكان لەپەرلەمان و كاری حكومەتیش بەگشتی پەك بخرێت.‎