Share on facebook
سەرۆ قادر: بەشێك لە ئەندام پەرلەمانانی كورد لەلایەن بەغدا كڕدراون
دووشەممە, 12 شوبات 2018 07:12

سوبحان شكۆ- زاری كرمانجی

ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق نزیكدەبێتەوە و زاری كرمانجی دەربارەی بنەماكانی دیاری كردنی كاندیدەكان لەلایەن حزبەسیاسییەكان بۆ پەرلەمانی عێراق چاودێرێكی سیاسی دەدووێنێ‌ .

سەرۆ قادر، نووسەر و چاودێری سیاسی بۆ زاری كرمانجی گوتی:"هەر حزبێك دیاری كردنی كاندیدەكانی بۆ پەرلەمانی عێراق ئەبێ لەسەر بنەمای پابەندبوونی بێت بە بەرژەوەندی باڵای كوردستان و لە كوردستانیەتی خۆی دەرنەچێت، پاشان  سیاسەت و بیرو باوری حزبەكەی، لە چوار ساڵی رابردوو ئەم پرنسیپە ژێرپێ‌ نرا و لەوەشدا كورد و حزبەسیاسیەكان زەرەریان كرد، ئەبێ‌ كەسانی بەهێز و دلسۆز دابنرێن بۆئەندام پەرلەمان چونكە بەشێك لەوانەی پێشوتر لە بەغدا كڕدران، ئەوان لە میدیای عەرەبی و جیهانی بەزمانی عێراقی داگیر كار و تاوانبار دژی میللەتی خۆیان دەدووان".

ئەم نووسەرە دەربارەی بەهێزی دەنگی كورد لە بەغدا گوتیشی:"بۆ ئەم جارەیان پێویستە دەنگی كورد بەهێز بێت و لایەنەسیاسیەكان یەكگرتووبن چونكە لە ئەزموونی ئەم دووایە بینیمان دەنگی كورد لاواز بوو و هەموویاساكانی بەغدا لە دژی كورد بوون و دەركران، بۆیە پێویستە لەپێناو پاراستی كوردستان و خودی حزبەكان لایەنەسیاسیەكان یەكگرتووبن و كورد وەكو هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق دابێت نەك وەكو حزب و خۆخستە نێو مزایەدە، گەر كەوتنە نێو ئەم هاوكێشەیە بەغدا دەیان كڕێت چونكە بەغدا پارەی زۆرە".

ئەمەشی خستە روو:"بەهۆی ئەو رووبەرووبوونەوانەی ئەم دواییەی بەغد لەگەڵ هەرێمی كوردستان كاردەكاتە سەر بەژداری تاكی كورد لە هەڵبژاردن و بەتایبەتی بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەبێ‌ حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسیەكان هاوڵاتیان تێبگەیێنن كە ناردنی ئەندام پەرلەمان بۆ بەغدا خزمەت كردن نیە بە عێراق بەڵكو بۆ بەرژەوەندی كوردستان لە نێو پەرلەمانی عێراق لە بەرامبەر عێراقدا، دەبێت كارێكی زۆر بكرێت تا ئەم پرسە لە یەكتر جیابكرێتەوە ئەگەرنا بەژداری كردنێك لە پەرلەمانی عێراق كە تەنها بۆ عێراق بێت نەك هەر شانازی نیە خیانەتە،  ئێستا ئێمە بە تۆپزی لە عێراق ماوینەوە ئەبێ‌ بەپێی دەستووری عێراق بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان ب پارێزین بۆ ئەمەش پێویستە كوتلەیەكی بەهێز لەنێو پەرلەمانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت، بەم ڕوانگەیە ئەبێ‌ هاوڵاتیانی خۆمان ئاگادار بكەین".