Share on facebook
هێرشەكانی ئێران لە سەردەمی نادر شای ئەفشار بۆ سەر شاری كەركوك
سێ شەممە, 13 شوبات 2018 08:39


* نوو سینی: پ.ی.د.بـەختیـار ســەعید مەحمود شـوانی


* مامۆستا لە كۆلیژی پەروەدەی بنەڕەتی زانكۆی سەلاحەدین


شاری كەركوك لە مێژووی خۆیدا توشی چەندین شاڵاوی هێزی داگیركاری بۆتەوە، یەكێَك شاڵاوانە شاڵاوە داگیركاریەكەی نادرشای ئەفشار(1)  بووبۆ سەر شاری كەركوك لە سەدەی هەژدەدا. لەئەنجامدا ئەم شاڵاوە كاریگەری نەگێتڤی بۆسەر شاری ناوبراو هەبوو، هەربۆیە لەجێگەی خۆیدایە ئەم بابەتە بەگوێرەی سەرچاوە مێژوویەكان تیشكی بخرێتە سەر.
دوای ئەوەی نادرشا دەسەڵاتی خۆی لە ئێراندا جێگیركرد بە لەشكرێكی گەورەوە ڕووی كردە عێراق لە پێناو تۆڵە سەندتەوە لە عوسمانیەكان كە لەكاتی داگیركاری ئەفغانەكاندا هێرشیان كردبووە سەر ئێران. هەربۆیە بریاری دا بەغدا داگیربكات. وە لەكاتی هێرشەكانیدا ناوچە كوردیەكانیش كەوتنە بەر پەلاماری داگیركاری ناوبراو، لە ئاكامدا بەشێك لە سوپاكەی ناردە سەر  كەركوك بە  سەركردایەتی نێرگزخان بەمەبەستی داگیركردنی شارەكە. ئەم سوپایە لە ساڵی(1733ز)دا گەیشتە قەڵای كەركوك، شایەنی باسە بەشێكی ئەم سوپایە پەلاماری قەرەتەپەو خورماتو و كفری و داقوقیشی دا بەڵام نەیتوانی سەركەوتووبن ، هەرچەندە نادر خان دووجار هەوڵی گرتنی شاری كەركوكی دا بەڵام سەركەوتوو نەبوو، بێجگە لەوەی كە ژمارەیەك خەڵكی كوشت و دەوروبەری شارەكەی وێرانكردو زیانی گەورەی بە بەروبومی كشتوكاڵی ناوچەكە گەیاند(2 ).
هەرچی لەبارەی ئەو زیانانەی كە بەناوچەكە گەیشتووە ،ئەوەتا قەشەیەكی شاری كەركوك كە خۆی هاوسەردەمی رووداوەكان بووە بۆمان دەگێرێتەوە كە سوپاكەی نادرشا فەسادی و وێرانكاریەكی گەورەیان لەناوچەكە نایەوە، لەئەنجامدا ژمارەیەكی زۆری لەمنداڵ وژن و پیاوی كردە غەنیمەی جەنگ وە ژمارەیەكی زۆریشی لە پیاوانی ناوچەكە كوشت بەتایبەتی جولەكەكانی شاری كەركوك كە دوای بەدیلگرتنیان كوژراون. هەورەها قەشەی ناوبراو لەباسی رووداوەكانی ناوچەكەدا ئاماژە بەوەش دەكات كە خەڵكی شاری كەركوك خۆراگریان نواندووە و بەتوندی بەرپەرچی هێرشەكانی نادرشایان داوەتەوە(3). هەروەها مێژوونوسێكی كوردیش لەم بارەیەوە دەڵێت "سەركردەی سوپای نادرشا نێرگزخان هەر ووڵاتێكی بهاتایەتە پێش وێران و تاڵانی دەكرد، زوڵم وستەمی ئەم نێرگزخانە لە رادەبەدەر بوو، ژن و منداڵیش لە دەستی دەربازی نەدەبوو، هەربۆیە دەوروبەری كەركوی وێران كرد"(4).
شایەنی باسە عوسمانیەكان هەڵوێستی توندیان وەرگرت دژی لەشكركێشی نادرشا بۆ سەر ناوچەكە، سەرەتا هەوڵیان دا بە یارمەتی سوپای كورد بەرلە هەڵمەتی نادرشابگرن بەڵام سەركەوتوو نەبوون(5).ئەوەتا ئەحمەدپاشا میری كۆیە وهەریر هەوڵیدا لە كەركوك سوپای هێرشبەر  تێكبشكێنێ‌ بەڵام لە ئاكامدا نەك هەر سەركەوتوو نەبوون بەڵكو خودی ئەحمەدپاشا لەشەرەكاندا كوژرا(6). هەربۆیە عوسمانیەكان بەمەبەستی یەكلایی كردنەوەی بارودۆخی ناوچەكە، هێزێكیان بە سەركردایەتی تۆپاڵا عوسمان پاشا ناردە عێراق بۆ لێدانی نادر شاو یارمەتی دانی والی بەغدا، هەروەها عوسمانیەكان داوایان لەحەسەن پاشای  والی موسڵ كرد كە یارمەتی تەواو پێشكەش بەو سوپایە بكات و ملكەچی فرمانەكانی تۆباڵ عوسمان پاشا بێت، دوای ئەوەی نادر شا بەهاتنی هێزی فریادرەسی عوسمانی زانی بۆ ناوچەكە بریای دا رووبەرری ببێتەوە، تا لە ئاكامدا كەناری رووباری دجلە لەنزیك سامەرا  هەردوو هێزەكە بەیەك گەشتن لە 19تموزی 1733، شایەنی باشە هێزی عوسمانی لەلایەن میرە كوردەكانەوە یارمەتی درا، لە ئەنجامدا دوای شەرێكی خوێناوی كە نۆ سەعاتی خایاند هێزی نادرشا بەتوندی شكستی خواردو و ژمارەیەكی زۆر لەسوپای ناوبراو كوژرا بەجۆرێك هەندێك لە سەرچاوە مێژوویەكان بە هەزارەها كوژراو دیخەمڵێنن، بەڵام زیانی سوپای عوسمانی لە چاو سوپای ئێرانی كەمتر بووە، جێگەی ئاماژەیە دوای ئەم شكستەی نادر شا بەناچاری ناوچەكەی جێهێشتوو گەرایەوە ئێران(7).

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسورمانە  دوای سێ‌ مانگ نادرشا  توانی سەرلەنوێ‌ لەشكرەكەی ڕێكبخاتەوەو رووی كردەوە عێراق، كە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر توانای سەربازی لە رادەبەدەری ناوبراو(8). شایەنی باسە ئەو كات سەربازگەی  تۆباڵ عوسمان پاشا لە دەوروبەری كەركوك بوو  لەئاكامدا 25تشرینی یەكەمی (1733ز) لە دەشتی لەیلان لە نزیك كەركوك هەردوو سوپا جارێكی تر بەیەك گەیشتن، هەرچەندە میرنشینە كوردیەكانی وەك سۆران و بابان وبادینان یارمەتی لەشكریان نارد بۆ سوپای عوسمانی، ئەمە سەرەرای یارمەتی هەندێ‌ هێزی كوردستانی باكوور بۆ لەشكری عوسمانی بەڵام  تۆباڵا عوسمان پاشا لە شەرەكەدا سەرنەكەوت و تەناتەت لەشكرەكەشی تەفروتونا بوو وە خۆشی لە بەرەی شەردا كوژرا، بەڵام نادرشا نەیتوانی لەم سەركەوتنە كەڵك وەربگرێت، ئەمەش بەهۆی سەرهەڵدانی هەڵگەرانەوە لە دژی ناوبراو لە ئێراندا، هەربۆیە دوای ڕێكەوتن لەگەڵا والی بەغدا هەر لەم ساڵەدا نادر شا گەڕاوە ئێران(9).
بەم پێیە دەبینین لە ئەنجامی ئەم شاڵاوەدا چەند شەڕێكی گرنگ لە نێوان سوپای عوسمانی و هێزی نادر شا لە نزیك كەركوك ڕوویانداوە، ئەمەش بێگومان بۆتە هۆی ئەوەی كە ئەو ناوچەیە زیانی ماددی و كاولكاری زۆری لێبكەوێ‌، هەروەها شتێكی ئاساییە كەلە ئاكامی ئەم شەرو لەشكركێشیانەدا خەڵكی ناوچەكە زەرەرمەند بووبن.
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە كە سەركردەی عوسمانی تۆباڵ عوسمان پاشا لەكاتی هاتنی بۆ عێراق بۆ رووبەرووبونەوەی نادرشا، ژمارەیەك لە هێزی میسری لەگەڵ خۆیدا هێنابوو، هەربۆیە ئەم هێزەی میسریەكان توانیان لە شەرەكانی ناوبراو دژ بە نادرشا رۆڵی گرنگ بگێرن، بەتایبەتی لەو شەرانەی لە نزیك كەركوك رویاندا، بێگومان ئەم كارەی سەربازانی میسریش لە سۆنگەی خزمەتكردن بوو بۆ ئاین و دەوڵەتی عوسمانی(10).
دوای ئەوەی نادر شا جارێكی تر هاتەوە سەر دەوڵەتی عوسمانی و دەستی بە هێرشكاریەكانی خۆی كردەوە بۆسەر دەوڵەتی ناوبراو لە ساڵی (1743ز)دا  ، لە ئەنجامدا ناوچەكە بۆ جارێكی تر كەوتەوە بەر شاڵاوی تاڵان و تێكدان و خراپەكاریەكانی شای ناوبراو، لەم چوارچێوەیەدا جاری دووەم شاری كەركووك كەوتەوە بەر گەمارۆدان، بەجۆرێك خەڵكی ناو قەڵای كەركوك بەهۆی بەردەوامی لێدانی تۆپەكانی هێزی نادرشاوە تەواو بێزار بوون هەرچەندە بەرگریكاران بە توندی بەرگریان كرد، بەڵام پاش هەفتەیەك لە گەمارۆدان، ژمارەیەكی زۆر لە بەرگریكاران كوژران وە بەناچاری خۆیان بە دەستەوەدا، دوای دەست بەسەرداگرتنی شارەكە تاڵان و برۆیەكی زۆر لە ناو شارەكەو دەوروبەریدا ئەنجام دران(11).
لە باسی ڕووداوەكانی ساڵی ناوبراودا مێژوونوسی ناسراو (رەسول كەركوكلی) باسی ئەوە دەكات كە لە ئەنجامی ئەم داگیركردنەی شاری كەركوك لە لایەن نادرشاوە خراپترین چارەنووس بەسەر خەڵكەكەیدا داهات، ئەمەش لەبەر ئەوەی ماڵیان تاڵان كراو و ئافرەتەكانیان ئەتك كران و پیاو و زاناكانیان بەدیل گیران و باج و غەرامەی زۆریان بەسەردا سەپێنرا، تەنانەت ئەو بارودۆخەی بەسەر ئەوان داهات بووە هاندەرێك بۆ خەڵكی بەغدا تاوەكو بە توندی دژی نادر شا بوەستن و بەرگری بكەن و شارەكەیان بەدەستەوە نەدەن(12). شایەنی ئاماژە پێكردنە گەریدە ئێڤز كە لە ساڵی (1758ز)دا، واتە كە ماوەیەكی زۆر بەسەر ئەم ڕووداوە تێنەپەڕیبوو هاتۆتە ناوچەكە، باسی ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە كە "لە ئەنجامی ئەم گەمارۆدانەدا (500)كەس لە بەرگری كاران كوژران و خەڵكەكەش تۆقین و زۆر خراپ تەنگاوكران"(13). هەروەهاگەریدەی ئینگلیزی نیبور كە لە ساڵی (1766ز)دا بە  كەركوكدا تێپەڕ بووە دەڵێت: "هیچ نەماوە جگە لە شتێكی كەم نەبێت لە شارە ڕەسەنەكە كە لەسەر گردەكە هەڵكەوتووە كە ئەمیش تووشی ڕۆچوونێكی بەهێز بووە لە خوارەوەی، ئەمەیە كە پێ‌ی دەڵێن قەڵا، نابوتترین شوێن بوو كە تا ئێستا بینیبێتم، خانووەكانی بەبێ‌ جیاكاری لەوپەڕی خراپی دان" (14)، جێگەی بەبیر هێنانەوەیە كە گەشتەكەی نیبور دوای چەند ساڵێك دێت لە هێرشە كاولكاریەكانی نادر شا بۆ سەر شاری كەركوك، لێرەدا بۆمان روون دەبێتەوە  كە تەنانەت دوای چەندین ساڵ هێشتا شوێنەواری كاولكاریەكانی نادرشا بەسەر كەركوكەوە هەردیاربووە.
ئەوەی لێرەدا جێگەی تێڕامانە ئەوەیە كە زۆربەی ئەو هێزانەی ویستویانە شاری بەغداو موسڵا داگیر بكەن بە تایبەتی ئێرانیەكان بە شاری كەركوكدا تێپەڕیوون(15)، ئەمەش بۆتە مایەی ماڵ وێرانی و زەرەرو زیانی گەورە بۆ خەڵكی ئەم شارە، وا دیارە داگیركردنی شاری كەركوك لە لایەن نادر شاوە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ناوبراو دەهات بۆ داگیركردنی بەغدا و موسڵ، بێگومان شوێن و هەڵكەوتەی كەركوكیش لەم بوارەدا ڕۆڵی خۆی هەبوو.
پێدەچێت دوای نیوسەدە لە شاڵاوەكانی نادرشا بۆ سەر كەركوك ئینجا شارەكە كەمێك بووژاوەتەوە، ئەمەش بە گوێرەی گوتەی گەریدەی فارسی (ئەبوو تالیب خان) لە ساڵ (1799ز) دا سەردانی شارەكە دەكات و لەبارەیەوە دەڵێت: "كەركوك شارێكی گەورەیە، بە قەڵایەك توندو بەهێز بووە، خانووەكانیشی كەدەووری قەڵایان داوە لە بەردوو خشتی سوور دروست كراون"(16). شایەنی باسە ئەم گەریدەیەش ئاماژەی بە خراپی خانووەكانی شاری كەركوك داوە بەڵام نەك بەپلەی ئەو گەریدانەی كەماوەیەكی كەم دوای شاڵاوەكانی نادرشا هاتونەتە ناوچەكە.