Share on facebook
سلێمان ئالێخان: كورسیەكانی كورد لە بەغدا كەمدەبنەوە
سێ شەممە, 13 شوبات 2018 15:38

سوبحان شكۆ- سۆران

زاری كرمانجی بەردەوامە لە دوواندنی رۆژنامەنووسان، نووسەران، چاودێرانی سیاسی سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

سلێمان ئالێخان، رۆژنامەنووسی دیاری دهۆك لە روانگەی خۆیەوە دەربارەی بەژداری تاكی كورد لە هەڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق بۆ زاری كرمانجی ده‌دوێت:" بەهۆی ئەوەی نێو ماڵی كورد ئەمجارە پەرت و بڵاوە، نارەزایەتی خەڵكیش زۆرە، پێشبینی بەشداری كەمتری تاكی كورد دەكەم لەم هەڵبژاردنە بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر، دەرئەنجام كورسییەكانی كورد لە بەغدا كەمتر دەبن.

سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن حزبە سیاسییەكانی كورد، ئەمەی  گوتی:" دەبێ دان بە هەڵەكانیان بنێن و زۆر بە ئاشكرایی داوای لێبوردن لە جەماوەر بكەن كە لەماوەی چارێگە سەدەی رابردوو پلانیان نەبووە بۆ "هەرێمی كوردستان" و "ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان"، پێویستە پلان دابنێن و پلانەكە پێشكەشی خەڵك بكەن، تێیدا دیاربێت كە چییان هەیە و دەتوانن چی بكەن لە چەند ساڵی داهاتوو، لایەنە سیاسییەكان لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دووركەون لە باسكردن وشانازیكردن بە رابردووی خۆیان، چونكە جەماوەر زیاتر لێیان دووردەكەوێت".

لە كۆتایی قسەكانیدا ئاماژەی بەمە كرد:" پارتی دیموكراتی كوردستان پێویستە ئەوە بسەلمێنێت كە پاشگەزنەبووتەوە لە پرۆژەی دەوڵەت و لە هەمان كاتدا پرۆژە و پلانی ئێستاشی هەبێت بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك و باشكردنی باری ئابووری".