Share on facebook
تۆڕی كۆمەڵایەتی میكس بڵاوبۆوە...دانیشتووێكی سۆران خاوەنیەتی
سێ شەممە, 13 شوبات 2018 16:24

سوبحان شكۆ- سۆران

دانیشتووێكی قەزای سۆران، تۆڕێكی كۆمەڵایەتی دروستدەكات و دوای 10 رۆژ لە بڵاوبوونەوەی لەلایەن بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت پێشوازیەكی باشی لێكراوە.

شاڵاو محەممەد جەمال، دروستكار و خاوەنی تۆڕە سەبارەت بە بیرۆكەی پرۆژەكە و بەشەكانی بۆ زاری كرمانجی گوتی:"پێم وابوو پێویستە تۆڕێكی كۆمەڵایەتی كوردی بوونی هەبێت، ببێتە سەكۆیەك بۆ گشت تاكێكی كورد لە هەر شوێنێكی  جیهان بن وەك بڕاندێكی كوردی، لە ئێستادا كۆمەڵێ‌ تایەبتمەندی هەیە لە داهاتوو زیاتر ئەكرێن بەڵام ئەوەی لە ئێستا بەردەستە بریتین لە( بڵاو كردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ، تێكست، شوێن، وێنەی جوڵاو، گفتوگۆ كردن بە شێوازی نووسین و وێنە و پەیوەندی ڤیدیۆیی و پەیوەندی دەنگی، دروست كردنی لاپەڕە و كۆمەڵە و ڕووداو و بەشی بازار، دانانی رۆژانە كە وێنەیەك یا ڤیدیۆیەك لە خۆ دەگرێت بۆ ماوەی 24 كاتژمێر ئەمێنێتەوە)، جگە لەمانە چەندین تایبەت مەندی تری هەیە و هێمای سەلماندنمان هەیە بۆ بەكارهێنەران تا ئەوەی كەسانی ڕاستی و ساختە لە یەكتر جیا بكەینەوە.

دەربارەی ئەو زمانانەی لە تۆرەكە بەردەستن و ژمارەی ئەندامان دەڵێت:"هەر یەكێك لە زمانەكانی كوردی كە زمانی فەڕمی تۆڕەكەیە وە زمانی ئینگلیزی، عەرەبی، ڕووسی، توركی بەردەستە ئێستاش كار لەسەر شێوەزاری بادینی ئەكەین  و بەم نزیكانە تەواو دەبێت. تا ئەمڕۆ زیاتر لە 2600 كەس بوون بە ئەندام كە ماوەی 10 رۆژە بڵاوكراوەتەوە و زیاتر لە 30 هەزار سەردانی هەبووە".