Share on facebook
گرنگی دیاری كردنی ڕۆژی وەرزشی قوتابخانەكان
سێ شەممە, 20 شوبات 2018 06:40


بەكر كەریم حەسەن


دووەم خەلیفەی راشدین عومەری كوڕی خەتاب خودای لێ ڕازی بێت دەفەرمووێ" منداڵەكانتان فێری تیر هاوێژی و مەلەوانی و ئەسپ سواری بكەن" كە هەرسێ فێركردن وەرزشكردنە ، وە لە سەردەمی نوێ دەلێن " وەرزش بریتیە لە پەروەردەكردنی دەروونەكان پێش ئەوەی بەدەست هێنانی مەدالیا  بێت"
واتە وەرزش خۆی لە خۆیدا بریتیە لە چاككردنی چۆنیەتی ژیانی تاكەكان، بێگومان گرنگی وەرزش بۆ هەموومان زۆر گرنگە بە تایبەتی قوتابیانی قوتابخانەكان كە سەرەتای دەستپێكردنی ژیانە بۆ بەهێزكردنی بیركردنەوە و جەستە و لەش و لارێكی گونجاو وە بەردەوام بوون لە سەر وەرزش بۆ مێشك و دەروون زۆر گرنگە بەتایبەتی بۆ قوتابیانی بنەڕەتی و ئامادەیی كە وەرزش ڕۆلێكی كاریگەر و دیاری هەیە لە سەر بنیاتنانی كەسایەتی قوتابی و تاكەكان لە پاشە ڕۆژدا لە ئەنجامی گرنگیدان و بنیاتنانی تواناكان و بەهرەكانی وەرزشی بەردەوام بوون لە سەری بێگومان كاریگەری باشی دەبێت لە سەر چاككردن و گۆڕینی ڕەفتاری بەرەو باشتر كە بگونجێ لەگەڵ پێداویستیەكانی كۆمەڵگە و چۆنیەتی ڕەفتاركردنی قوتابی لەگەڵ هاوەڵەكان ومتمانە بەخۆبوون زیاتر و كاركردنی هاوبەش لەگەڵ هاوڕێیەكان بۆ یەك ئامانج  كە وەكو تیپ یاری دەكەن، بێگومان زیاتر وا لە قوتابی دەكات كە بیر لە بەشداری كردن و هاوبەشی كردن بكاتەوە بۆ سەركەوتن.
گرنگی وەرزش لە قوتابخانەكان جێگای بایەخی زۆرێك لە ووڵاتانی جیهان بووە كە بەرنامە و پڕۆگرامی وەرزش ئامادەكراو و پەسند هەیە لە قوتابخانەكان دەخوێندرێ و هۆكارێك دەبێت بۆ دۆزینەوەی بەهرە و توانا وەرزشیەكان لە قوتابخانەكاندا و كاركردن لە سەر پەرە پێدان و هاوكاری كردن و پاڵپشتی كردنی لە رێگای چەندەها كەسانی شارەزای وەرزشی بە هەماهەنگی كردن لەگەڵ یانە وەرزشییەكان، جگە لەوەش لە زۆربەی ووڵاتانی جیهان كە پڕۆگرامی وەرزشی بەهێزیان هەیە و هەفتانە لە (2-3) بەشە وانەی وەرزشی دەخوێنن و بە كردەیی پراكتیزەی وەرزش دەكەن لە قوتابخانەكان و بابەتی وەرزشی یەكێكە لە بابەتە بنەڕەتیەكانی دەرچوون و دەرنەچوونی قوتابی، هەروەها لە ساڵی (1953)خولی وەرزشی قوتابخانەكان بۆ ووڵاتە عەرەبیەكان ئەنجام دەدرێت و ووڵاتانی وەكو (سعودیە و تونس و مەغریب) گرنگی زۆر بە وەرزشی قوتابخانەكان دەدەن و یاریزان لە قوتابخانەكانەوە دەدۆزنەوە و پەرەبە تواناكانیان دەدەن لە ژێر چاودێری و گرنگی شارەزایانی بواری وەرزشی.
ماوەتەوە بلێم گرنگە لە هەرێمی كوردستان پێویستە گرنگی زیاتر بە وانەكانی وەرزشی بدەین لە قوتابخانەكان و قوتابیان بێخوێنن و پراكتیزەی بكەن گەر لە پۆڵیش بێت قوتابیانمان شارەزایی تەواویان هەبێت لە سەر ناساندنی وەرزش و جۆرەكان و بنەماكان و گرنگی وەرزش بۆ خودی قوتابی ، جگە لەمەش لەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانە و سەرپەرشتیاری وەرزشی و كارگێڕی بەداوداچوون بۆ بابەتی وەرزش بكرێ لە قوتابخانەكان لە خشتەی ڕۆژانە و هەفتانە قوتابیان ئاشنا بكرێن لە گرنگیەتی و بایەخی وەرزش و زانینی جۆرەكانی وەرزش و نمرەی وەرزشیش بۆ قواتبیان لەلایەن مامۆستای وەرزشی و كارگێڕی قوتابخانە بە گرنگیەوە  سەیر بكرێ و دەستكاری نەكرێ هەروەها لەوانەش گرنگتر پێویستە پڕۆگرامێكی وەرزشی زنجیرەی بە پێی پۆڵەكان و گونجاو لەگەڵ تەمەنی قوتابی و ئاستی خوێندنی دابڕێژرێ و چاپ بكرێ و دابەشی سەر قوتابیان بكرێ و هەماهەنگی بەردەوام لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و ئەنجومەنی كارگێڕی هەبێت لەسەر گەشەكردن و چاڵاككردنی زیاتری چاڵاكیەكانی وەرزشی و كردنەوەی خولی وەرزشی بەردەوام بۆ مامۆستایانی وەرزش و ئامادەكردنیان بۆ گرنگیدانی بەردەوام بە پرۆسەی پەروەردەی وەرزشی قوتابخانەكان و كردنەوەی چەندەها پاڵەوانیەتی و خول و پیشبڕكێی وەرزشی لە نێوان قوتابخانەكان بۆ دۆزینەوەی بەهرە وەرزشییەكان و دیاری كردنی ڕۆژێك بە ناوی (ڕۆژی وەرزشی) لە قوتابخانەكان و ئەنجامدانی چەندەها چاڵاكی وەرزشی و پێشبڕكێ ی جۆراوجۆر لەو رۆژەدا.


بەرێوەبەری گشتی چاڵاكی وەرزش و هونەرماستەر لە كارگێری پەروەردەیی*