Share on facebook
شیعری(ڤیاگڕا) ی په‌شێو...خوێندنه‌وه‌یه‌ك به‌ ده‌م ڕێگاوه‌
یەک شەممە, 04 ئازار 2018 17:19

پشتیوان ئه‌سعه‌د تاقانه‌

(ڤیاگڕا ) ناونیشانی شیعرێكی شاعیری كورد ( د.عه‌بدوڵڵا په‌شێو) ه‌، بۆیه‌كه‌مجار له‌ زاری خۆیه‌وه‌ له‌ساڵی 2012  - به‌ ئه‌ده‌ب و ڕێزێكی زۆره‌وه-‌ پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بوان و گوێگرانی كۆڕه‌كه‌ی كرد، وه‌ك خۆی -به‌شه‌م و بزه‌یه‌كه‌وه‌- ده‌ڵێ: (( خوشكان گوێی خۆتان بگرن نیو ده‌قه‌، پیاوان ئێوه‌ش به‌یه‌ك بڵێن: "ڤیاگرا" ))، هۆی ئه‌م شه‌رم داگرتنه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ یه‌كه‌م شاعیری كورده‌ زاراوه‌ی (ڤیاگڕا) له‌ نێو شیعریدا به‌كاربخات، هه‌روه‌ها گوێگرانی چاوه‌ڕی به‌كارهێنانی زاراوه‌ی ئاوا له‌ زاری په‌شێو و خوێندنه‌وه‌ی له‌ كۆڕێكی ئاوادا ناكه‌ن.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی شیعره‌كه‌ :

((ریكڵامی ناوێ،

دونیا ده‌زانێ،

ڤیاگڕای دیده‌شین ، چ خزمه‌تێكی ڕاست و چه‌پ ده‌كا

به‌ڵام لام سه‌یره‌،

په‌ڕله‌مانتاری ئێمه‌ كه‌ ده‌یخوا،

هه‌موو سست ده‌بێ، قڕ و قه‌پ ده‌كا

هه‌زاریش قووت ده‌،

ڤیاگڕای به‌د عه‌مه‌ل، ته‌نیا گیرفان ده‌ستی ڕه‌پ ده‌كا))

ده‌توانین بڵێین: شیعره‌كه‌ له‌ دووبڕگه‌، یان دووبه‌شی واتایی پێكهاتووه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت، به‌ دوو بڕگه‌ شیكردنه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین.

بڕگه‌ی یه‌كه‌م:

(ریكڵامی ناوێ،

دونیا ده‌زانێ،

ڤیاگڕای دیده‌شین ، چ خزمه‌تێكی ڕاست و چه‌پ ده‌كا)

"په‌شێو" له‌ سه‌ره‌تا و ده‌ستپێكی شیعره‌كه‌دا، ده‌ڵێت: ( ڕێكلامی ناوێ) ، پرسیار ئه‌وه‌یه‌: ئایا چ شتێك ڕێكلامی ناوێ؟!، ئه‌و شته‌ی ڕێكلامی نه‌وێ؛ ده‌بێ واتاكه‌ی ڕوون بێت و كار و ئیشپێكردنی ئاسان و كاریگه‌ربێت ... هه‌ر بۆیه‌؛ شاعیر خۆی ته‌واوی ده‌كات و ده‌ڵێت: (دونیا ده‌زانێ، ڤیاگڕای دیده‌شین ، چ خزمه‌تێكی ڕاست و چه‌پ ده‌كا) .

"په‌شێو" ده‌یه‌وێت بڵێت: " من ڕێكلام بۆ حه‌بی ڤیاگرا ناكه‌م و مه‌به‌ستم له‌ به‌كارهێنانی زاراوه‌ی ڤیاگڕا ئه‌وه‌ نییه‌، بڵێم: شتێكی چاك و ته‌ندروسته‌، یاخود خراپه‌، چونكه‌ هه‌موو كه‌سێك له‌ دونیادا ده‌زانێت: ئه‌م حه‌به‌ بۆ كاری دروست و خراپ به‌كاردێ ".

به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی ( ڤیاگرای دیده‌شین) وه‌سفی حه‌به‌كه‌یه‌، چونكه‌ حه‌به‌كه‌ هه‌م له‌ شێوه‌ی چاو ده‌كات و هه‌م ڕه‌نگیشی شینه‌، وه‌ك ئاشكرایه چاوشینان له‌ نێو كورداندا ڕێژه‌یان كه‌من، هه‌روه‌ها چاوشین په‌سند و ناپه‌سنده‌، سه‌باره‌ت به‌ په‌سندی چاوی شین؛ به‌ وێنه‌ی شینی ده‌ریا و شینی ئاسمان ڕه‌نگی چاوی شین سه‌رنجڕاكێشه‌، ناپه‌سندنی (چاوی شین) یش بۆ حیكایه‌تی سه‌رزاری (سۆره‌ی چاوشین) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ كه‌سێكی دڵڕه‌ق و بێ به‌زه‌ییه‌ و ڕۆڵی باوه‌ژن ( زڕداك) ده‌بینێت، ده‌توانین بڵێین: شاعیر زۆر به‌ گونجاوی بۆ بابه‌ته‌كه‌ چووه‌ و به‌ وریاییه‌وه‌ ده‌سته‌واژه‌ی ( دیده‌شین)ی به‌كارهێناوه‌، هه‌روه‌ها گونجان له‌ نێوان په‌سندی و ناپه‌سندی (دیده‌شین) و  (راست و چه‌پ) دا هه‌یه‌.

(ڕاست و چه‌پ) دوو ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ی یه‌كترن، ڕاستی و دروستی به‌كارهێنانی (حه‌بی ڤیاگرا) ئامۆژگاری دكتۆره‌ بۆ كه‌سی پێویست (نه‌خۆش)؛ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاری سه‌رجێییدا كێشه‌ی سه‌رجێیی له‌ نێو هه‌وسه‌راندا دروست نه‌بێت، -وه‌ك لامان ڕوونه-‌ سه‌رجێیی وه‌ك پێویستییه‌ك بۆ ئارامی ده‌روون و به‌رده‌وامی خێزان و زیادكردنی خۆشه‌ویستی پێویسته‌.

وشه‌ی ( چه‌پ) چه‌ند واتایه‌ك ده‌گرێته‌وه‌، به‌ كارهێنانی ئه‌م حه‌به‌ له‌ لایه‌ن به‌كارهێنه‌رانی به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاست و زێده‌ڕه‌وی كردن له‌ خواردنیدا،  ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌ و كێشه‌ ته‌ندروستی بۆ كه‌سه‌كه‌ دروستده‌كات. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر كه‌سێك هیچ كێشه‌ی لاوازی سه‌رجێیی نه‌بێ و ئه‌م حه‌به‌ بخوات، كارێكی چه‌په‌. له‌ مه‌ش (چه‌پ)تر ئه‌وه‌یه‌: كه‌سێك هیچ كێشه‌ی سه‌رجێیی نه‌بێ و بیه‌وێ له‌گه‌ڵ له‌شفرۆشێك سه‌رجێیی بكات ئه‌م حه‌به‌ به‌كاربهێنێ، چونكه‌ پێمان وایه‌: ئه‌گه‌ر پێویستی به‌سه‌رجێیی بێ، كه‌واته‌ پێویستی به‌ ڤیاگرا نییه‌، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.

بڕگه‌ی دووه‌م

(به‌ڵام لام سه‌یره‌،

په‌ڕله‌مانتاری ئێمه‌ كه‌ ده‌یخوا،

هه‌موو سست ده‌بێ، قڕ و قه‌پ ده‌كا

هه‌زاریش قووت ده‌،

ڤیاگڕای به‌د عه‌مه‌ل، ته‌نیا گیرفان ده‌ستی ڕه‌پ ده‌كا)

واتا: منی شاعیر واقوڕماوم و سه‌رم له‌م دووبابه‌ته‌ ده‌رناچێ و پێم سه‌یره‌: (په‌رله‌مانتاری ئێمه‌ی كورد، یان عێراق، یاخود ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست)، كه‌ ئه‌م حه‌به‌ ده‌خۆن، له‌ باتی حاڵه‌تی ڕه‌پبوون و ده‌نگهه‌ڵبڕینی هه‌ژاران، هه‌موویان سستده‌بن و ده‌نگیان لێوه‌نایه‌ت. نه‌ك هه‌ر دانه‌یه‌ك له‌م حه‌به‌ بخۆن، به‌ڵكو بگره‌ هه‌زاریش، هیچ كاریان لێناكات، چونكه‌ حه‌بی ڤیاگڕای ده‌ستڕه‌پبوونی خواردن و په‌خشانی پاره و ده‌ركردنی یاسای نابه‌جێیان قووتداوه‌‌، نه‌ك هی ئه‌ندامی زاوزێ.

(سست و ڕه‌پ) دوو حاله‌تن له‌ پیاواندا، دوو زاراوه‌ن بۆ ئه‌ندامی زاوزێی نێرینه‌ به‌كاردێن، كه‌ دوو حاله‌تی یه‌كجار جیاوازی سه‌رجێیین، شاعیر گونجاندوویه‌تی له‌گه‌ڵ دیارده‌ی ده‌ستهه‌ڵبڕین و ده‌نگدانی په‌له‌مانتاران.

به‌های ئه‌م ده‌قه‌ شیعره‌ی (په‌شێو) له‌ ڕووی ئه‌ده‌بی و سیاسییه‌وه‌‌ له‌مانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌:

1. په‌یامێكی كورت و واتایه‌كی قووڵ، كه‌ ده‌ربڕینی هه‌ر وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تر خۆی لێكده‌داته‌وه‌، به‌مه‌ش ناچارمان ده‌كات؛ واتای نوێ و لێكدانه‌وه‌ی تازه‌ و زۆرتری بۆ بكه‌ین.

2. یه‌كه‌م شیعره‌ كه‌ زاراوه‌ی (ڤیاگڕا)ی تێدا شیكراوه‌ته‌وه‌ و كراوه‌ به‌ ناونیشانی شیعره‌كه‌ش.

3. هه‌موو شتێك له‌م دونیایه‌دا دوو ئاراسته‌ی هه‌یه‌، ئه‌وانیش‌ ئاراسته‌ی باش و خراپ (ڕاست و چه‌پ)ن، بۆیه‌ ده‌بێت بۆ باشتركردنی ژیانی خود و كۆمه‌ڵ ڕێگه‌ی ڕاست هه‌ڵبژێردێت.

4. په‌ڕله‌مانتاران ڕۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌یه‌؛ له‌ به‌ره‌وپێشچوون و چاكسازی و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكدا، ده‌ستهه‌ڵبڕینیان ده‌ستهه‌ڵبڕینی هه‌موو ده‌نگپێده‌رانیانه‌.