Share on facebook
دیندار زێباری بۆ هیوامان رایتس وۆچ: خۆپێشاندانەکانی سلێمانی و دەوروبەری بەبێ مۆڵەت بوون
سێ شەممە, 06 ئازار 2018 12:56

دانان شێروانی
دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  لە وەڵامی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچدا دەڵێ، خۆپێشاندانەکانی سلێمانی و دەوروبەری  بەبێ مۆڵەت بوون و بوونە هۆی نانەوەی ئاژاوە و بشێوی.

ڕۆژی ٢٨ی فێبریوەریی 2018 ڕێکخراوی هێومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە بە ناونیشانی (کوردستانی عێراق: دەستگیرکردنی خۆپێشاندەران و ڕۆژنامەنووسان، داپڵۆسینی مافی گردبوونەوە) سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی مانگی دیسامبەری ساڵی ڕابردووی شاری سلێمانی و دەوروبەری و تێیدا باس لەوە دەکات، هێزەکانی ئاسایش لە پارێزگای سلێمانی ژمارەیەک هاووڵاتیی بەشداربووی خۆپێشاندان و میدیاکاری دەستگیر کردووە و بەڵێننامەیان لێ وەرگرتووە، کە نابێ جارێکی تر بەشداری خۆپێشاندان بکەن و ڕەخنە لە حکوومەت بگرن، ئەمەش کراوەتە مەرجی ئازادکردنیان، هەروەها  باس لە دەستگیرکردنی چەند ڕۆژنامەنووسێک دەکات کە هەوڵی ڕووماڵکردنی خۆپێشاندانەکانیان داوە و هەڕەشەی جۆراوجۆریان لێ کراوە.

لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپێشاندان هەیە کە بە یاسای (رێکخستنی خۆپێشاندان) ژمارە (١١)ی ساڵی(2010) ناسراوە، بە پێی ئەم یاسایە خۆپێشاندان مافێکی دەستوورییە بە پێی یاسا پیادە دەکرێ بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگا و لە میانەیدا جەماوەر گوزارشت دەکات لە ڕای خۆی و پێشاندانی خواستە ڕەواکانی خۆی بە شێوەیەکی ئاشتیانە و مەدەنیانە و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتییەکان و ڕەچاوکردنی پرەنسیپ و ڕێساکانی تایبەت بە ماف و ئازادییەکان دوور لە ئاژاوەگێڕی و تێکدان.

زێباری ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەم یاسایەی هەرێم هاوشێوەی وڵاتانی جیهان خۆپێشاندانەکان ڕێک دەخات و شێواز و کات و ئامانجی بە وردی دیاری دەکات بۆ ئەوەی سەر و ماڵی هاووڵاتیان و خۆپێشاندەرانیش پارێزراو بێت، بەم پێیەش هەر خۆپشاندانێک لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت پێویستە مۆڵەتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەربگیرێت، لە هەمان کاتدا نابێ پیادەکردنی مافی خۆپێشاندان لە هاووڵاتیان قەدەغە بکرێت، چونکە ئەمە پێچەوانەی یاسای خۆپێشاندانە.

رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم لەبارەی ڕاپۆرتەکە زیاتر گوتی: لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەیان خۆپێشاندانی جیاجیا لە کوردستان ئەنجام دراوە لە لایەن قوتابیان و ماموستایان و ڕۆژنامەنووسان و بەڵێندەران و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا و تێیدا داوای مافی  ڕەوای خۆیان کردووە و لە هیچ یەکێک لە خۆپێشاندانەکان توندوتیژی لێ نەکەوتووەتەوە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت ئەرکی پاراستنی خۆپێشاندانەکانیان ئەنجام داوە، تەنانەت زۆر جار مافی دامودەزگا و کارمەندانی حکوومەت پێشێل کراوە. بەڵام بە گوێرەی یاسای خۆپێشاندانەکان لە ماوەی نێوان 18 بۆ 23ی مانگی دیسامبەری 2017 لە سلێمانی و دەوروبەری ئەنجام دران، یاسایی نەبوون، چونکە مۆڵەتی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت وەرنەگرتبوو و دواتریش بوونە هۆی نانەوەی ئاژاوە و بشێوی لە زۆربەی ئەو ناوچانەدا.

دیندار زێباری ئەوەشی ڕوون کردەوە، کە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش گیان و ماڵی هاووڵاتیان و خۆپێشاندەران دەپارێزن لە کاتی ئەنجامدانی خۆپێشاندان و لەم بارەوە گوتی: بە پێی یاسای خۆپێشاندان لە دوای وەرگرتنی مۆڵەتی خۆپێشاندان ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە کە ئارامی و سەقامگیری و گیانی هاووڵاتیان و خۆپێشاندەران بپارێزن لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان و ڕێگاگرتن لە هەر بشێوی و گێرەشێوێنییەک کە ببێتە هەڕەشەی لەسەر گیان و سەروماڵی هاووڵاتیان و دامودەزگاکانی حکوومەت و موڵکی گشتی. لە خۆپێشاندانەکانی سلێمانیدا توندوتیژی لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە ڕووی دا، کە زیانێکی ماددی زۆری لێ کەوتەوە و چەندین شوێن و موڵکی گشتی و تایبەتیی هاووڵاتیان سووتێندران. سەرەڕای ئەمەش لایەنە ئەمنییەکان هاریکار بوون لەگەڵ خۆپێشاندەران و تەنها بۆ ماوەیەکی کورت چەند کەسێکیان ڕاگرت ئەویش بۆ پاراستنی سەلامەتییان تا هێوربوونەوەی بارودۆخەکە و نەمانی ئەو ئاڵۆزی و بشێویانەی کە ڕوویان دا و دواتر ئازاد کراون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئاسایش وەک ئەندامانی (الچبگ القچائی) بۆیان هەیە لە کاتی ڕوودانی بشێویدا، هاووڵاتیانی بەشداربووی خۆپێشاندان ڕابگرێن تا ئەو کاتەی دۆسییەکەیان ڕەوانەی دادوەر دەکرێت.

لە بارەی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ هەمیشە ڕاپۆرتەکانی بە شێوەیەک بڵاو کردووەتەوە کە گومان دەخاتە سەر بێلایەنیی ئەو ڕێکخراوە و بە سیاسیکردنیان، ئەمەش لە زۆر ڕووەوە بە ئاشکرا دیارە. لەلایەکی دیکەوە، ئەو سەرچاوانەی کە هەمیشە ڕێکخراوی ناوبراو لە ڕاپۆرتەکانیدا دژی هەرێمی کوردستان پشتیان پێ دەبەستێت، سەرچاوەی ڕوون و ئاشکرا و باوەڕپێکراو نین.