Share on facebook
سبەی ماراسۆنی ئاشتی نێودەوڵەتی كوردستان لەهەولێرسازدەكرێت
شەممە, 10 ئازار 2018 16:15

 

 

رێكان كەمال – هەولێر

بەرەو ئاشتی،  ماراسۆنی ئاشتی نێودەوڵەتی كوردستان ، ماراسۆنێك بۆ ئاشتی و برایەتی و تەبایی و  ئاشتەوایی نیشتمانی لە 11ی ئادار، بەبۆنەی ساڵیادی ئازادكردنی شاری هەولێر و راپەڕینی بەهاری 1991 لە پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت.

بەدروشمی:  "بەرەو ئاشتی"، هەردوو ڕێكخراوی ماراسۆنی ئاشتی كوردستان و إبن المستوفی، رۆژی یەكشەممە 11/3/2018 بۆ یەكەمجار ماراسۆنی ئاشتی نێودەوڵەتی  لە هەولێر ئەنجام دەدەن.  لەم ماراسۆنە نێودەوڵەتییەدا، هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە، بەهەردوو رەگەز، هەروەها نوێنەری نێردە دیپلۆماسییەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی و برایەتی بەشداریدەكەن و لە پێناوی تەبایی و ئاشتی و هاوژیانی ڕادەكەن.. هەردوو رێكخراوەكە لە رێگەی وەرزشەوە پەیامی برایەتی و تەبایی و ئاشتی و پێكەوەژیانی بە هەموو جیهان دەگەیەنن..

لەم بارەیەوە دلێر ئیبراهیم لە دەستەی باڵای ماراسۆنەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: جۆری ڕاكردنەكان: 21 كم (نیو ماراسۆن)، 5 كم (ڕاكردنی خێزانی)،  2كم  (بۆ منداڵان و كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت).. ئەمەش هەنگاوی یەكەمە لە وەرزی چالاكییەكانی ماراسۆنی ئاشتی كوردستان.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە ئەم ماراسۆنە بەگوێرەی ستانداردی جیهانییە، چونكە نیو ماراسۆنی 21كم لەخۆدەگرێت.

شایانی باسە شوێنەكانی تۆماركردن بریتین لە: شوێنی ڕاكردن لە ناو پاركی سامی عەبدولڕەحمان،  پاركی شانەدەر، هەروەها پاركی شار.. بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی گەلی كوردستان بەهەموو جیهان، هاووڵاتیان و هەوادارانی وەرزش و ئاشتی دەتوانن لە رێگەی بەشداریكردن لە یەكێك لەم ڕاكردنانەدا پەیامی خۆیان بگەیەنن.