Share on facebook
سەران لە گەشتی ژیانم ی مامۆستا مەسعوود محەممەددا
شەممە, 17 ئازار 2018 09:48

د.ئەیوب عەبدوڵڵا

لەناو فەقێکاندا دەنگخۆش پەیدا دەبوون. لە جەماعەتی شێخەکانی (سەلان)یەکیان دەنگخۆش بوو. براگەورەیان مەلا شێخ محەممەدی کوڕی شێخی سەڵان مرۆیەک بوو دەتگوت فریشتەیە. گەنجی هێندە ئەڕباب و شیرنئاکار هەر نابێتەوە. ئەویش زۆر بە گەنجی ڕۆیی. وای کە لە چنارۆکەوە بەرەو شاخەکانی کوێستانان ڕادەماین و مەلا شێخ محەمەد یەک یەک ناویان و هەوارەکانیان و لووتکەکانیان و گوندی دەوروبەریانی باس دەکرد. لەوم بیست لووتکەی ((ئاراسن)) نزیکی دێی سەڵانی ئەوانە. چەندی حەز دەکرد و حەزم دەکرد هاوینێکیان بچمە لایان و لەو شاخانە گەشت و گەڕان بکەین.

بەر لە خۆی ئامۆزایەکی، مەلا شێخ محەمەد، چەند ساڵان لای باوکمی خوێند و هاوینان دەهاتە چنارۆک بەڵام تەبیاتی جودا بوو لە مەلا شێخ محەمەد، هەمیشە کنارەگیر بوو لە تەمەنیشدا ڕەنگە بە دە ساڵ پتر لەو گەورەتر بوو ناشزانم چی بەسەرهاتووە.

٭ناوی ڕاستینەی ناوی ئەو گوندە ((سەران))ە یاخود ((سەڵان - سەلان))ە خەڵقەکەی ئەو ناوە دەڵێن ((سەران)) چونکە ئەگەر سەڵان - یش بێت هەر دەڵێن سەران وەک بە شەقڵاوە دەڵێن شەقراوە. ڕێی تێدەچێ سەران بێت لەبەر بەرزایی جێگەکەی."

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، دکتۆر زانا ئەحمەدی هاوڕێم وێنەی ئەو پەرەگرافەی سەرەوەی (گەشتی ژیانم)ی هزرمەندی گەورەی کورد، مامۆستا مەسعوود محەممەدی بۆ ناردم، ئەوەی ئەو ناردوویە ڕەنگە هیی چاپی (ئاراس) بێ و ئەوەی من لێرە دامناوە هیی چاپی ئەلکتڕۆنییە و لە ماڵپەڕی مامۆستاوە وەرگیراوە.

دەربارەی دەنگخۆشان، دوور نییە مەبەستی شێخ تاهیری کوڕی شێخ نەجیمی سەران بێت کە دەنگێکی زوڵاڵی هەبوو، ئەو بە تەخەڵڵوسی زوهدی شیعریشی نووسیون، کە بە داخەوە تا ئێستا شیعرەکانی چاپ نەکراون.

مامۆستا باسی دوو مەلا محەممەد دەکات، یەکەمیان، کە وا دیارە لەگەڵ مامۆستا مەسعوود محەممەددا پەیوەندییەکی دۆستانەیان دەنێواندا بووبێ، کوڕی شێخ کاکەمینی سەران و نەوەی پیری کۆسەیە، کە شێخ کاکەمین و کوڕەکانی، گوندی ((بلەی ژۆری))یان لە دۆڵی بلە و مەلەکان ئاوا کردبووەوە و لێی نیشتەجێ بووبوون. ئەو گەنجە شیرنئاکارە لە وێنەکەدا، لەگەڵ هەردوو براکەی، شێخ نەجیم و شێخ ئەحمەد دەردەکەوێت، کە دیارە دوای وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی و بە جلوبەرگی مەلایانەوە، دوور نییە هەر بەو بۆنەیەوەش ئەم وێنەیە گیرابێت. بەداخەوە مەلا شێخ محەممەد وەک مامۆستاش دەڵێت زۆر بە گەنجی ڕۆیی، لە ساڵی ۱۹٤۱ لە گوندی بلەی ژۆری، تووشی ژانەسک دەبێ و هەر بەو هۆیەوەش گیان لەدەستدەدات و جوانەمەرگ دەبێت، کە بە زمانی پزیشکان ئەم حاڵەتە (Acute abdomen)ی پێ دەڵێن. دیارە ماوەیەکی زۆریش بەسەر وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتیدا ڕەتنەبووبوو کە ئاوا کۆتایی بە ژیانی هات!

هەرچی شێخ مەلا محەممەدەکەی دیکەیە، کە مامۆستا دەڵێ کنارەگیر و دوورەپەرێز بوو، ئەوەیان کوڕی شێخ مەلا مەحموود و نەوەی پیری کۆسەیە و وەک مامۆستا ئاماژەی پێ داوە، ئامۆزای ئەوەی یەکەمیانە، ئەویان کە مامۆستا نازانێ تا ئەو کاتەی گەشتی ژیانیی نووسیوە چیی بەسەرهاتووە، هەر نشیمەنی گوندی سەران بووە و لە دواییەکانی ساڵی ۱۹٦۹دا وەفاتی کردووە.

پەیوەندیی بنەماڵەی مەلای گەورە بە شێخانی سەرانەوە پتەو بووە، شێخ مەلا عەبدوڵڵای باپیری باوکم کە خۆیشی زانایەکی هەڵکەوتوو و مودەڕڕیسێکی موجیز بووە، یەکێک بووە لەوانەی لە لایەن مەلای گەورەوە دەستنیشانکراوە تا بچنە زانکۆی ئەزهەر بۆ خوێندنی باڵا، بەڵام پیری کۆسەی باوکی ڕازی نەبووە حوجرەی سەران چۆڵ و بێ تەدریس بمێنێتەوە، بۆیەش شێخ مەلا عەبدوڵڵا کە بە (دەهلەوی)ش ناویان بردووە دەستبەرداری ئەو پێشنیازەی جەنابی مەلای گەوره و ئەو ئارەزووەی خۆشی دەبێ و بەهۆی نەخۆشییەکی دەماریشەوە لە تەمەنێکی زوودا دنیای دوون جێدەهێڵێ.

باپیرەشم بەڕەحمەت بێ، کە هێندەی نەخوێندبوو ببێتە مەلا، بۆی دەگێڕامەوە کە ماوەیەک لە حوجرەی مەلای گەورە فەقێ بووە و لەگەڵ کوڕانی مەلای گەورە، مەسعوود و فاڕووقیش نێوانی خۆش بووە، دیارە لە تەمەنیش لێکەوە نزیک بوون.

مامۆستا مەسعوود هێندە بە هوردەیە، ئەوەشی تێبینی کردووە کە ئەو گوندە بە سێ چەشن ناوی دێت، سەران، سەلان و سەڵان. خەڵکی ئەو ناوە وەک مامۆستا دەفەرموێ، دەڵێن سەران و ئەوەشی پێکاوە کە ڕێی تێدەچێ ئەوە ناوە ڕاستینەکە بێت، لەبەر بەرزایی جێگاکەی. دروست وایە، سەران لەو گوندانەی ئەو ناوچەیە لە هەمووان بەرزترە و لە سەرووی ئەوانە، ناوی سەرانیش هەر لەوەوە هاتووە.

هەرچیی سەلانە، ئەوەیان پتر مەلاکانی بنەماڵەی شێخان کە بە عەرەبی دەیاننووسی، ئاوایان دەنووسی (سلان)، دیارە لەوەدا نەیانپێکاوە و دەبووا بە عەرەبیش هەر (سران) بنووسن.

دەربارەی سەڵانیش، کە مامۆستا بە شەقراوە و شەقڵاوەی دەشوبهێنێ، ڕاستییەکەی ئەوەیە خزمانی باڵەک لامی قەڵەو بەکاردێنن وەک سلێمانی، هەمووشیان دەڵێن سەڵان، ئێ خۆ سەر قەت نابێ بە سەڵ، سەران بۆ بۆتە سەڵان؟ ئیدی ئاوا بۆتە باو. خزمانی بنەماڵەی کاکی سەردڕەی دۆڵی خانەقاش هێند لە زاریان خۆشە کە دەڵێن سەڵان، سەرانت لەپێش چاو دەکەوێت!

ئەگەر تێبینیشتان کردبێت، لە وێنەکەدا ئەوی دەستەچەپ، کە شێخ ئەحمەدە، شال و شەپکی دەبەردان کە دەلینگی شەرواڵیان فرەیە و خەڵکی لای ئێمە هەر (دوو لک)ی پێ دەڵێن، باوکم کە لەدایکبووی ۱۹٤٦ە، لە سەردەمی گەنجێتیی خۆی شال و شەپکی پۆشیوە و وەک ئەو بۆ منی گێڕاوەتەوە ئەو چەشنە پۆشاکە لە ناوچەی سۆران و ڕواندز باو بووە!