Share on facebook
رووسیا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات لەبارەی سووریا
شەممە, 14 نیسان 2018 08:16

رووسیا ئەمڕۆ (شەممە، 14-4-2018) داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی هاوپەیمانان بۆ سەر سووریا.

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کریملین) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "رووسیا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هێرشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی (لە سووریا).

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاندووە "لە بۆردوومانەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا بۆ سه‌ر سووریا، هیچ زیانێک بەر بنکەکانی تەرتووس و حمەیمم نەکەوتووە".

بەپێی روونکردنەوەیەکی وەزارەتی بەرگری رووسیا، هێزەکانی فەرەنسا و بەریتانیا و کەشتیە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆردوومانی ژێرخانی سەربازیی و سڤیلی سووریایان کردووە.

لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە بۆردوومانەکاندا هیچ زیانێک بەر بنکەکانی تەرتووس و حمەیمم نەکەوتووە کە لەژێر کۆنترۆڵی یەکەکانی ئاسمانیی رووسیادان.


ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ ماڵپه‌ری ڕووداو وه‌رگیراوه‌.