Share on facebook
په‌روه‌رده‌ و فێركردن پڕۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی گشتگیره‌
پێنج شەممە, 26 نیسان 2018 17:03

بكركریم حسن

نووسه‌ر و پزیشكی به‌ ناوبانگی كه‌نه‌دی ولیام ئوسلر ده‌لێ " یه‌كه‌م هه‌نگاوی سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ر كارێكدا پێویسته‌ كاره‌كه‌ی خۆت خۆش بوێ".

گومانی تێدا نییه‌ خۆشه‌ویستی و عه‌شق له‌ هه‌ركارێكدا سه‌ركه‌وتن و داهێنانی به‌دواوه‌ دێت وهه‌رگیز  هه‌ست به‌ ماندوو بوون و وه‌ڕس بوون ناكه‌ێت، گه‌ر نموونه‌ی به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ وه‌ربگرین  ئه‌و كه‌سه‌ی به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌  گه‌ر قوتابخانه‌ و خوێندن و په‌روه‌رده‌ی خۆش بوێت بێگومان داهێنان ئه‌نجام ده‌دات و به‌رده‌وام گرنگی به‌ كاره‌كانی خۆی ده‌دات و ده‌یه‌وێت قوتابخانه‌كه‌ی له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی قوتابخانه‌ باشه‌كان بێت له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رێوه‌به‌ر له‌گه‌ڵ كه‌س و كاری قوتابیان، چونكه‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن خۆی پڕۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی گشتگیره‌ و پێویستی به‌ به‌شداری كردنی هه‌موو لایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌ له‌ خێزان و قوتابخانه‌ ودام و ده‌زگا جۆراوجۆره‌كان كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ئالوگۆڕی و ته‌واوكه‌ری درووست ده‌كات  له‌ ئه‌نجامدا له‌ قوتابخانه‌دا شێوازێكی نوێی گشتگیری ڕه‌فتاركردن له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كان دێته‌ به‌رهه‌م له‌ پێناو چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م گرفته‌كانی قوتابیان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندن و ووشیاركردنه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌یی لای كه‌س وكاری قوتابیان و پاڕاستنی قوتابیه‌ خۆشه‌ویسته‌كان له‌ هه‌ر كه‌مته‌رخه‌میه‌ك ، بێگومان گرنگترین شت له‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی تۆكمه‌ له‌ نێوان به‌رێوه‌به‌ر و كه‌س وكاری قوتابیان هه‌موومان قازانج ده‌كه‌ین له‌ قوتابی و به‌رێوه‌به‌ر و كه‌س وكاری قوتابی و قوتابخانه‌ و پڕۆسه‌كه‌ و ده‌رئه‌نجام كۆمه‌ڵگه‌ قازانج ده‌كات و پێش ده‌كه‌وێت و تاپه‌یوه‌ندییه‌كان باش و نزیك بن كێشه‌كان زووتر و خێراتر چاره‌سه‌ر ده‌بن ، به‌مه‌ش قوتابی زیاتر نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ و ئامانجه‌كان نزیكتر ده‌بنه‌وه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ڕۆلی به‌رێوه‌به‌ر باشتر بێت و قوتابخانه‌ش  جوانتر ده‌بێت و لای كۆمه‌ڵگه‌ش خۆشه‌ویستتر ده‌بێت. بۆیه‌ گرنگه‌ به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی نزیك كردنه‌وه‌ی كه‌س و كاری قوتابیان بێت بۆ قوتابخانه‌ و به‌ ڕووی گه‌ش و به‌رده‌وام پێشوازییان بكات ، چونكه‌ ئه‌وان ڕۆله‌كانیان له‌و قوتابخانه‌یه‌ن بۆ فێربوون و په‌روه‌رده‌كردنم و پارێزراون ، هه‌رگیز نابێ كه‌س و كاری قوتابیان به‌ هه‌ر هۆكارێك بێت بریندار بكرێن یان هه‌ست به‌ دوودڵی بكه‌ن و پێیوسته‌ وا نیشان بدرێت كه‌ ئه‌وانیش خاوه‌نی قوتابخانه‌كه‌ن و له‌ پڕۆسه‌كه‌ به‌رپرسیارن و هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ست باری سه‌ركه‌وتن بگرین و تا پڕۆسه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی ده‌په‌رێنینه‌وه‌ و به‌رده‌وام ده‌بین وسڵ ناكه‌ینه‌وه‌ له‌ بێزاری و ماندوو بوون ، چونكه‌ ئێمه‌ عاشقی پڕۆسه‌كه‌ین و كاره‌كه‌ی خۆمانمان به‌ دڵ خۆش ده‌وێت و ویژدانمان ئاسوده‌ ده‌كه‌ین.