Share on facebook
سەرۆك كۆمار بۆ كێ ؟
یەک شەممە, 27 ئایار 2018 18:37


ئیسماعیل ئیبراهیم


سەرۆك كۆمارێك ئاگاداری ورد و دروشتی رووداوەكانی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری نەبێت، سەرۆك كۆمارێك نزانێت بەر لەوەی عێراقی بێت كوردە، نەزانێت كاتی هەڵوێست وەرگرتن چۆنە و دەبێ چی بكرێت، كەی بێت، كورسی ئەوەندە خۆش بوێت نەتەوە لە بیر بكات، ئەوەندەی خەمی عەرەبی هەیە هەر ئەوەندەش خەمی كوردی بێت، لە ناو كوردیش خەمی حزبی خۆی بێت، لە ناو حزبیش خەمی گرووپێكی كاڵفامی بێت، سەرۆك كۆمارێك هەیبەت و شكۆی لە ناو یەك گرووپ زیاتر نەبێت. سەرۆك كۆمارێك نەوێرێت لەسەر پیلانی دوژمنكارانە هەڵوێست بنوێنێت و قسە و بۆچوونی جددی نەبێت، زیاتر لە مالكی و عەبادی و عامری خەمی یەكپارچەی خاكی عێراق هەبێت، شان بە شانی عەرەب و توركمانی شۆفێنی لە دژی نەتەوەیی خۆی هەنگاو بهاوێژێت، نەتوانێت شەڕی بودجە و مووچە و قوتی كورد بكات، نەتوانێت شەڕی دابین كردنی پێداویستە هێزی پێشمەرگە بكات، نەتوانێت قەرەبووی كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان بكات، نەتوانێت دینارێك بۆ گوندێكی وێرانكراوی كوردستان وەربگرێت، نەتوانێت نوێنەرایەتی نەتەوەكەی خۆی بكات، نەتوانێت بە راشكاوانە و پڕ بەدەمی هاوار كات كە كوردم و بۆ بەرگری لە نەتەوەی كورد هاتوومەتە بەغدا، جورئەتی ئەوەی نەبێت بلێت من سەربەخۆ خوازم و دەبێ كورد وەك هەموو نەتەوەكانی دیكەی جیهان خاوەن نیشتمان و دەوڵەت و كیانی خۆی بێت. نەوێرێت لە بەرژەوەندی نەتەوەكەی كە هەزاران كەسی كردۆتە قوربانی لە ژێر هەیمەنەی ئایدۆلۆژیا و حزب و بنەماڵە و گرووپ بێتە دەرەوە، هەبوونی چییە و نەبوونی چییە؟، سەرۆك لە وتاردان لەرزۆك و لە جەستە و بیركردنەوە پیر، لە رۆئیا و دونیا بینین ئەوەندە كۆنە كە بۆ مەجلیسێكی بیر و هزری نوێی سەردەمیانەی سیاسی ناشێت هەبێ چییە و نەبێ چییە؟. كە بە بۆچوونی من نەبێت باشترە، ئەو كات گازەندەی ئەوە ناكەین كە كەسێكی بە رەگەز كورد بەڵام بە عەقل عەرەب بوونی هەیە لە پۆستێكی باڵای ئەم وەڵاتە وێڕانەیە.
ئەمانەی سەرەوە باسم كردن بەشێكی كمی رەفتار و بیركردنەوەكانی سەرۆك كۆماری ئێستای عێراقی داگیركەرە، بوونی پۆست ئەگەر بۆ خزمەت و كوردایەتی نەبێت بۆ چییە؟. كاتی خۆشی و لە سەردەمی مەلكی تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت كورد پۆستی هەبووە و هەیە لە بەغدا، بەڵام كورد هەر چەوساوەتەوە و لە نێو بردراوە و كوژراوە و ئەنفال كراوە و شەهید كراوە و گوند و شارەكانی خاپوور كراون، پۆستێك كە بۆ شەرعییەتدان بێت لەوەی عێراق هی هەموومان نەبوونی باشترە، پۆستێك وابكەوێتەوە لە وەڵاتان وانیشانبدرێت كە مافی كورد و پێكهاتەكان وەك یەك دراون، نەبێت باشترە.
كێشەی كورد لە ئێستادا هەرگیز ئەوە نییە كە كام پۆست بۆ كورد بێت، دەبێ بیر لەوە بكرێت كام حزب و كام كەسایەتی نەتەوەیی كام پۆست وەربگرێت.
پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق چ لە چەند ساڵی رابردوو چ لە ئێستاشدا شایانی یەكێتی و فوئاد مەعسووم نەبووە و نییە.
یەكێتییەك دوای 16 ئۆكتۆبەر رووی ئەوەی هەبێ بێتە مەجلیسان، ئەندامانی پەرلەمانەكانیان لەسەر لیستی عەرەبەكان خۆیان كاندید بكەن. یەكێتییەك یەكریزی ماڵی كوردی بە پۆستێك ببەستێتەوە، یەكێتییەك نەیتوانیبێت نێو ماڵی خۆی ریكبخاتەوە، یەكێتییەك هێزی یەكەمی كوردستان نەبێت، یەكێتییەك هەر رۆژەوە لایەكی لێ ببێتەوە، یەكێتییەك جلەوی بەدەست چەند كاڵفامێكی خاكفرۆشەوە بێت، نەك شایستەی پۆستی سەرۆك كۆماری نییە شایستەی ئەوە نییە وەزیرێكیشی هەبێت.
لە لایەكی دیكەوە پۆستی سەرۆكی كۆمار دەبێ بۆ پارتی بێت لەبەر هەموو هۆكارەكانەوە، یەكەم پارتی كوردستانی بیر دەكاتەوە، واتە سەربەخۆخوازە، لەبەر ئەوەی یەكەم دەنگی كوردستانی هێناوە، لەبەر ئەوەی پۆستەكانی بۆ خزمەتی نەتەوە بەكار هێناوە نەك نەتەوە لە پێناو پۆست.
لەبەر ئەوەی پارتی ئامادەیە بمرێت بەڵام خۆی و نەتەوەكەی شەرمەزار ناكات، لەبەر ئەوەی پارتی ناچەمێتەوە، لەبەر ئەوەی خاوەنی راستەقینەی دۆزی نەتەوەیەكی زولم لێكراوەن لەبەر ئەوەی هیچ كەس و لایەنێكی سیاسی و هیچ وڵاتێكی جیهان ناتوانن بە بێ پارتی كێشەی سیاسییانە و نەتەوەییانەی كورد چارەسەر بكەن و باش دەزانن پارتی سەری رمی راستەقینەی بەرگری كردنە لە خاك و نیشتمان و نەتەوە و شكۆ و كەرامەت و هەیبەتی كورد.
بۆیە ناشێ پارتی ئەمجدارە دەنگی كادیران و لایەنگیران و سەربەخۆخوازان بە فیڕۆ بداتە خاك فرۆشان و كاڵفامان.