Share on facebook
عارف ڕوشدی :بەبێ كورد عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت
چوار شەممە, 30 ئایار 2018 10:27


چاوپێكەوتن- ڕائیب زراری
عارف ڕوشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد، بوونی پارتی لە بەغدا سەنگەری بەهێزە تاكو هەموو لایەنە كوردستانییەكان لە خۆ كۆبكاتەوە و پێكەوە بەرگری لە خواست و مافە ڕەواكانی گەلی كورد بكەن لەو قۆناغەدا. گوتیشی: پارتی و سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەوەدان كە هاوپەیمانەتییەكی بەهێزی كوردی بۆ بەغدا دروست بكرێت، بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە بەرگری لە مافەكانی گەلی كورد بكەن، بۆیە داوا دەكەم پەیامی سەرۆك بارزانی ببیتە هاندەرێك بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكان كە پێكەوە كار بۆ بەجێهێنانی خواستی میللەتی كورد بكەن.
عارف ڕوشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ" دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی پارتی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لە كەش و هەوایەكی نورماڵدا بەڕێوەچوون، توانیویانە دیدوبۆچوونی ئەو لایەنانەی لەگەڵ كۆبوونەوە وەربگرن و تێگەیشتنێك دروست بكەن، مەبەستی چوونی ئەو شاندە هەر لەسەرەتاوە بۆ بەغدا بۆ ئەوە بوو كە لە هەڵوێستی ئەو لایەنانە تێ بگەن كە لە داهاتوودا دەسەڵات دەگرنە دەست، ئەو تێگەیشتنە لای شاندی پارتی دروست بووە، لە نزیكترین كاتدا دەرئەنجامەكانی بە دەست هاتوونە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و مەكتەبی سیاسی گفتوگۆ دەكەن، بۆ ئەوەی بۆ قۆناغی دووەم كە هەوڵ دەدرێت، شاندی كوردستانی هەبێت، نەك شاندی حزبی، كە یەكێك لە خواستەكانی سەرۆك بارزانی و پارتی ئەوەیە كە هەموو لایەنە سیاسییەكان بتوانن لە سەر بنەمای لێك تێگەیشتن و كارنامەیەكی كوردانە پێكەوە بەرەو بەغدا بچن، بۆ ئەوەی بتوانین دەستكەوتەكان بپارێزین و دەستكەوتی زیاتریش بۆ گەلی كورد بە دەست بهێنین.
عارف ڕوشدی، دەشڵێ" كێشەی كورد لەگەڵ عێراق كێشەی حزبی نیە، كێشەی نەتەوە و خاكمان هەیە، ئەو كێشەیە بە هەموو لایەنەكانەوە گرێدراوە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان بەشدار بن، بۆیە هیچ كات سەرۆك بارزانی و پارتی خوازیاری ئەوە نەبوونە كێشەی گەلی كورد بچووك بكرێتەوە بۆ كێشەی حزبی، بەڵكو گرێدراوە بە هەموو تاكێكەوە، بە هەموو لایەنەكانەوە، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی ئێستا كورسیان بە دەستهێناوە، داوامان ئەوەیە ئەوان لە قۆناغی تای هەڵبژاردن تێپەڕ بن و بابەتی خواست و داواكانی گەلی كورد جیابكەنەوە لە گلەیی و گازندەی حزبی، ئەوەی ئەوان ئێستا ئەوان داوا دەكەن دەتوانن بە رێگەیەكی شیاو كار لەسەر بكەن، بەڵام بە دووركەوتنەوە لە یەكدی لە پێناو بەرگری كردنی هاوبەش دەستكەوت و داواكانی گەلی كورد پێویستە بۆ هەموومان ببێتە هێڵی سوور پێكەوە دەست بەكار بین و داوای مافی گەلی كورد بكەین.
ئەو راوێژكارەی مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاشكراشی كرد" پێش ئەوەی شاندی پارتی بچێتە بەغدا بە هەموو حزب و لایەنەكانمان راگەیاند، پارتی و سەرۆك بارزانییش خوازیاری ئەوەن رێكخستنێكی نوێ لەناو هەرێمی كوردستاندا دروست ببێت و هاوپەیمانەتییەكی بەهێزی كورد دروست بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان بكەین كە لە دەستووری عێراقدا هاتوون، سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمیش جەختیان لەوە كردووەتەوە، بەڵام كاتێك بینیمان هەندێك لایەن ناڕازینە و بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەكەن، ئێمەش نەمان ویست كات بكوژین، چونكە لایەنە عێراقییەكان لەسەر ئێمە ڕاناوەستن، بۆیە ئەگەر ئێمە لە مەیدان نەبین و ئامادەیی خۆمان دەرنەبڕین و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان نەكەین، ئەوان لەسەر ئێمە ڕاناوەستن، ڕاستە حكوومەت بە بێ كورد پێك ناهێت، بەڵام ئەوان كاری خۆیان دەكەن و لە كۆتایی هیچ شتێك بە دەست ئێمەوە ناهێت، بۆیە پارتی ئەوەی زانیوە و لە خەمی گەلی كورددایە بۆیە چووەتە بەغدا، ئێستاش كە شاندەكە گەڕاوەتەوە دەمانەوێت هەموومان پێكەوە دابنیشین و گفتوگۆ بكەین و پێكەوە روو لە بەغدا بكەین، بۆ ئەوەی خاڵ لەسەر پیتەكان دابنێین.
سەبارەت بەوەی بۆچی پارتی دەیەوێت بچێتەوە بەغدا كە هەندێك لایەن دەڵێن پارتی ریفراندۆمی ئەنجامداوە بۆ ئەوەی پشت لە بەغدا بكات، رۆشدی دیاركرد"ڕاستە ئێمە ریفراندۆمان ئەنجامداوە و تێشدا سەركەوتوو بووین، هەموو جیهان ئێستا لە گەلی كورد تێگەیشت كە چی دەوێت و داوای چی دەكات، ریفراندۆم مافێكی دیموكراسیی میللەتی كوردە، هەروەها پابەندنەبوونی حكوومەتی بەغدا بە دەستوور ئەوە وای كرد كە ریفراندۆم ئەنجام بدەین، ئێستاش ریفراندۆم بە بەرزترین دەستكەوت دەزانین، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە گۆڕەپان چۆڵ بكەین و سازش لەسەر مافەكانی گەلی كورد بكەین، بوونی پارتی لە بەغدا سەنگەری بەهێزە تاكو هەموو لایەنە كوردستانییەكان لە خۆ كۆبكاتەوە و پێكەوە بەرگری لە خواست و مافە ڕەواكانی گەلی كورد بكەین لەو قۆناغەدا.
راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، زیاتر گوتی" بەبێ كورد حكوومەتی داهاتووی عێراق پێك ناهێت، ئەگەر بێ كورد پێك بێت، باشە پەیوەندی بەغدا بە هەرێمەوە ئەو كات چی دەبێت، لەگەڵ ئەوەی كورد حزبێك نیە، بەڵكو نەتەوەی دووەمی عێراقە، دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای پێكهاتنی گەلانی عێراق دامەزراوە، بێ نەتەوەی كورد حكوومەتی عێراق سەركەوتوو نابێت، ئەوە بابەتێكە و دەبێت هەموو لایەنە عێراقییەكان ئەوە بزانن، كورد لایەنێكی سیاسیی نیە، بەڵكو ئێمە نەتەوەی دووەمین لە عێراق، بۆیە بەبێ كورد هیچ كات عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.
لە كۆتاییدا عارف ڕوشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەشی گوت" پێویستە كورد خاوەن پۆستێكی سیادی بێت، هەروەها چەند پۆستێكی دیكەی گرنگ، پۆستی سەرۆككۆمار بێت، یان هەر پۆستێكی دیكە پۆستی كوردە، نەك پۆستی ئەو حزب و ئەو حزبەیە، بۆ كام حزب دەبێت ئەو دەمێنێتەوە لەسەر گفتوگۆی لایەنە كوردستانییەكان".