Share on facebook
سێدارەی هەناسە
دووشەممە, 04 حوزەیران 2018 09:25


ئەی خانی قەبیلەی غەمی مەحزوونی دڵی من ، رەحمێ بكە فەرموو
وا جیلوەیی خۆت دەر بخە نێو كۆڵبەیی حەزینم ، رووحم بۆ تۆ دەرچوو
بە شێری دوو ئەبرووت كردت جەرگ و دڵم لەت ، تا ماوە هەناسەم
هەردەم بە تەمەنای ویساڵت بم و ئەفسووس ، عومریشم بە با چوو
بە تیری مۆژە گرتووتە نیشانە پەیا پەی ، وا شووشەیی هەستم
قۆلا و سەر هەلدا لە دەروون چیشمەیی میهرت ، ئازادیم بە با چوو
ئەم كۆشتەیە بۆ مەیلی ویسالت بووە دیلت ، بۆی نییە رەهایی
لە گۆشەیی زیندانی فیراق رۆژ و شەو و كات ، هەژماری لە دەست چوو
ئەی قاتیلی شیرینی بزە و خەندەیی لێوم ، وا دەست بە تەمەننام
حەقم نییە سێدارەیی قەهرت بۆ هەناسەم ، ئەم حۆكمە بۆ دەرچوو؟
خوونابەیی عیشقتە دڵ و دیدە و جەرگم ، بێدەنگ و خەمۆشی
بەس تۆزێ وەفا قیبلەیی عەشقم بۆ سووتانم ، سەردانم بفەرموو
روو زەرد و سیاهە هەموو دەم فیتنە لە شەرمان ، لە فیتنەیی چاوت
هەر كەس كە بۆ لات هات و بۆ یەك جار نەزەرت كرد ، ئەستەم بێ بەلا چوو
ناوازە و دەگمەن وەكو بەرد قەلبتە بۆیە ، هەر نییە میپالی
وەرزی بەهاری تەمەنی (مامز) بۆ نیگاهێك ، بۆ سوویی خەزان چوو.