Share on facebook
لە ئایندەیەكی نزیكدا تاپۆكردن دەست پێدەكاتەوە
دووشەممە, 11 حوزەیران 2018 19:57

سەرۆكی شارەوانی سۆران:

لە ئایندەیەكی نزیكدا تاپۆكردنی زەووی و خانووبەرەی هاووڵاتییان دەست پێدەكاتەوە


دیدار-محەمەد هەسنانی:

سەرۆكی شارەوانی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا، ئاشكرایی دەكات، كە هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەكی گرینگی خزمەتگوزاری و دەشڵێت "لە ئایندەیەكی نزیكدا تاپۆكردنی خانوو موڵكی هاووڵاتییان دەست پێدەكات و رێگەش بە هاووڵاتییان دەدرێت بۆ دروستكردنی خانوو بەرە.
لە بەردەوامی قسەكانیدا ئەندازیار ئەمیر فاخیر جادر، سەرۆكی شارەوانی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند "بۆ یەكەمینجار لە 25-2-2018 وەك سەرۆكی شارەوانی سۆران دەسبەكاربووم، هیوادارم بتوانم ببمە جێگەی رەزامەندی هاووڵاتییان و خزمەتێك پێشكەش بكەم، هەروەك بەرنامەی منیش درێژە پێدەری بەرنامەی حكوومەت و وەزارەتی شارەوانییە، لە پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بەشارەكە لەرووی پاكڕاگرتنی ژینگەیەكی پاك و تەندروست و پڕۆژەی چاككردنی شەقام و رێگاكان و سەرجەم ئەو خزمەتگوزاریانەی پەیوەندیان بە شارەوانی هەیە، بەپێی ئەو ئیمكانیاتەی كە لەبەردەستماندایە".
لەوڵامی ئەو پرسیارەی هەر بەڕێوەبەرو بەرپرسێك لەشوێنێك بگۆڕدرێت و ئەوەی كە دەست بەكاردبێت، پێویستە گوڕانكارییەك دروست بكات و بەرنامەو پلانی نوێی هەبێت، سەرۆكی شارەوانی سۆران رایگەیاند "بەدڵنیایەوە ئەگەر یەكەمجار گۆڕانكاری لە بەڕێوەبەر كرا، ئەوەی دەست بەكاردەبێت بەرنامەو پلانی خۆی هەیە، تا بتوانێت ئەو بەرنامەی كە هەیەتی بیپێكێت و بتوانێت سەركەوتووبێت لەكارەكانیدا".
سەرۆكی شارەوانی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو "دەڤەری سۆران بەرفراوانەو بەشێویەكی خێرا لەرووی دانیشتووان و دروستبوونی گەڕەكەكان گەشی كردووەو ڕۆژ لەدوایی رۆژیش خەڵكی رووی تێدەكەن و لێی نیشتەجێ‌ دەبەن، بێگومان ئەو خەڵكەش لە بوارە جیا جیاكاندا پێویستیان بە خزمەتگوزاری دەبێت، ئێمەش لای خۆمان درێغیمان نەكردووەو بەپێی ئەو دەستەڵات و ئیمكانیەتیەی لەبەردەستماندایە پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام دەدەین، وەك دیاریشە تاكە بەربەست دروستبوونی قەیرانی داریی و ئابووری بوو كە رووبەڕوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە، لەئەنجامدا بووە هۆی راگیرانی بەشێكی زۆری پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، بەڵام دەبێت هەمیشە گەشبین بین و هیوادارین هەرچی زووە كێشە داراییەكان چارەسەر بكرێن و ئەو قەیرانە تێپەڕبێت، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی زیاتر لە سەرجەم سێكتەرەكان پێشكەش بە هاووڵاتییانی دەڤەرەكەمان بكەین".
ئەندازیار ئەمیر ئاماژەشی بەوەدا "سەرەڕایی قەیرانی دارایی هەوڵەكانمان بەردەوام بووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، وەك پێشتریش ئاماژەمان بۆی كردبوو، كەچەند پرۆژەیەكی گرنگ، بڕیارە بۆما جێبەجێكردێن و تەواو بكرێن، كە ئێستە لە تەندەركردن دان و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بەكارەكانیان دەكرێت، لەوانە قیڕتاوكردنەوەی سایدی دووەمی زارگەلی-سۆران، نۆژەنكردنەوەی شەقامی ئەندازیار دلشاد، دروستكردنی دیواری پاڵپشت و لادانی خۆل لە جوت سایدی هەژار موكریانی (جوندیان) لەگەڵ نوێكردنەوەی چەندین شەقامی تری ناوەندی شار و ناو گەڕەكەكانی سنووری شارەوانی سۆران، هیوادارین رەزامەندی زیاتریش وەربگرین، تا بتوانین پڕۆژەی جۆراو جۆر ئەنجام بدەین".
دەشڵێت "دوای باران بارین و لافاو و كارەساتی سروشتی ماوەی رابردوو، لەكاتی هاتنی لیژنەیەك لە پارێزگای هەولێر و سەرووی خۆمان، رەزامەندی لەسەر ئەوە دراوە كە كار لە دروستكردنەوەی هەندێك شەقام و رێگا بكەین، هەروەها كردنەوەی زێراب و ئەو خۆڵەی هاتۆتە ناویان".
لەبارەی تاپۆكردنی خانوو زەووی هاووڵاتییان، بەتایبەت ئەو گەڕەكانەی تازە دروستبوونە، سەرۆكی شارەوانی سۆران، ئاشكرایی دەكات "بۆ ئەم بابەتە گفتوگۆمان بەردەوامە لەگەڵ سەرووی خۆمان و بڕیاریشە لەگەڵ وەزیری شارەوانی گەشتوگوزار دابنیشین، بۆ ئەوەی هەموو ئەو لیژنانەی پێشتر كە تائێستا هەبوونە، هەمووان ئەكتیڤ بكەینەوە بۆ ئەوەی دەست بكەینەوە بە تاپۆكردنی زەووی و خانووی هاووڵاتییان، بۆیە گەشبینین بەوەی لە ئایندەیەكی نزیك تاپۆكردنی خانوو زەووی هاووڵاتییان دەست پێدەكاتەوە".
لە وڵامی ئەو پرسیارەی كە بە هەزاران كەس داواكاریان پێشكەش بە شارەوانی كردووە بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت خانوو دروست بكەن، كەچی هەندێكیان زیاتر لە ساڵێكە هێشتا وڵامییان نەدراوەتەوەو لە چاوەڕوانیدان،  ئەندازیار ئەمیر فاخیر، روونی دەكاتەوە "ئەو زەویانەن كە خەڵك كڕین و فرۆشتنیان پێیان كردووەو خۆیان بەخاوەنیان دەزانن، كەچی تاپۆیان نییەو بێ‌ ئەولیاتن، بەمەش لە سەرەتاوە زیاتر لە دوو هەزار داواكاری هاووڵاتییان، لەو ماوەیەشدا نزیكەی حەوت سەد كەس داواكاریان ئاراستەی شارەوانی سۆران كردووە، بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت خانوو دروست بكەن، لەوانەش بەشێكی زۆریان كەشفی زەویەكانیان بۆكراوەو نەخشەیان دیاری كراوە، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی جدیمان داوەو ئەو كەسانە دڵنیا دەكەینەوە، كە لەماوەیەكی نزیكدا رێگەی دروست كردنی خانووەكانیان پێدەدرێت، بەڵام بەو مەرجەی شوێنەكەیان لەناو نەخشە بێت و خزمەتگوزارییەكانیان پێگەیشتبێت، هەروەها شوێنەكەیان سەوزاوی شوێنی پڕۆژە نەبێت".
زۆری تاسەی نایاسایی لەناو شەقام و گەڕەك و كۆڵانەكانی سۆران، نیگەرانی شۆفێرانی لێكەوتۆتەوە، لەلایەن خۆیەوە سەرۆكی شارەوانی سۆران، ئاماژەی بەوەدا "بۆ لابردنی ئەو تاسانەو دانانی تاسەی پلاستیك لەو شوێنانەی كە بەگرینگی دەزانرێن، لێژنەیەكمان پێكهێناوەو ئێستا دەست بەكاربووە، كە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران كاری لەسەر دەكەین و هەوڵدەدەین ئەو تاسانەی نایاساین و بوونەتە هۆی بێزاری شۆفێران و هاووڵاتییان نەیان هێڵین".
لەدوا قسەكانیدا ئەندازیار ئەمیر فاخیر، داواكاربوو لە هاووڵاتییان، لەپێناو خزمەتكردن و جوان راگرتنی سیمایی شارەكە هاوكاربن لەگەڵ سەرۆكایەتی شارەوانی سۆران، بۆ ئەوەی بەهەوو لایەك بتوانین ژینگەیەكی ئارام بڕەخسێنین، چونكە ئەگەر بەربەستمان بۆ دروست بێت دواجار زیان بە بەرژەوەندی گشتی دەگات.