Share on facebook
كچە قژ لوولەكەی سلێمانی بۆ زاری كرمانجی دەدوێ هێڤی هیوا" ئەگەر راگەیاند كار نەبوام كاری بەقاڵیم دەكرد
سێ شەممە, 12 حوزەیران 2018 16:10


ZKW : دیمانە محمەد ئامۆكەیی _  لە دیدارێكی دا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی كچە راگەیاند كاری سلێمانی هێڤی هیوا  باس لە ئەزمونی كاری خۆی و دەكات دەڵێت  بەهۆی حەزی زۆرم بۆ كاری راگەیاندن و میدیا كاركردنم لەو بوارەدا هەڵبژارد لە نێویشیاندا كوردستان تیڤیم هەڵبژارد بە گونجاو زانی و هەستم كرد لێی مۆڕتاحم :
*كەی هاتیە ناو كاری راگەیاندن؟
لە ساڵی 2005 وە لەبواری  میدیا كار ئەكەم  ئەزمونی یەكەمجاری كاركردنم بوو لەوبوارەدا و كاركردنیش بۆ كچێكی وەك من لەو كاتەدا گرفت و بەربەست و سەرئێشەی خۆی هەبوو, بەڵام بەهۆی حەزی زۆرم بۆ كاری میدیا و ئیرادەی كۆڵنەدان لەخۆمدا توانیم بەسەر كۆسپ و گرفتەكاندا زاڵبم و كاری میدیا بكەمە بەشێك لە ژیانی خۆم .
* چۆن بوو راگەیاندنت هەلبژارد بۆ كاركردن سەخت نەبوو؟
بەهۆی حەزی زۆرم بۆ كاری راگەیاندن و میدیا كاركردنم لەو بوارەدا هەڵبژارد بێگومان بۆ من وەك كچێكی گەنج سەخت بوو, بەڵام مرۆڤ كە ئیرادەی هەبوو سور بوو لەسەر بەدی هێنانی خەونی خۆی دەتوانێت هەموو سەختی و بەربەستەكان ببڕێت , راستە  تێپەڕاندنی سەختیەكان و بڕینی بەربەستەكان بەتەنها بۆ ئافرەت لەم كۆمەڵگا داخراوانەی رۆژهەڵاتدا زۆر زەحمەتە بەڵام هەمیشەو لە هەموو شوێنێك كەسانێك هەن كە دەبنە پاڵپشت و پشتیوانت جا ئەو كەسانە لە شوێنی كارەكەتدا بن یان لە ناو خێزان و خانەوادەكەی خۆتدا،  من لە هەردوولا كەسانێك هەبون و تائێستاش هەن كە بەردەوام پشتگیری و پشتیوانیم دەكەن وناهێڵن كێشەو بەربەستەكان بم وەستێنن .
* بۆچی لەناو هەموو كەنالەكانی تر كوردستان تیڤیت هەڵبژارد؟
كوردستان تیڤی كەناڵێكی سەنگین و موعتەبەر بوو میدیاكارانی ئەو كەناڵەش كەسانێكی سەنگین و خەمخۆر و دڵسۆز و خاوەن كەسایەتی بەهێز بوون و ڕێز و تەقدیری ئافرەتیان لاهەبوو بۆیە من ئەو كەناڵەم هەڵبژارد , ئەوە هۆكاری سەرەكی بوو كە ئەو كات من كوردستان تیڤیم بۆ هێنانەدی خەونی كاركردنم لە بواری میدیادا هەڵبژارد دەنا هەر ئەوكات كەناڵ و شوێنی دیكەش هەبون كە كاریان تێدا بكەم , ئیتر مرۆڤ لە هەڵبژاردنی جۆری كار و شوێنی كار هۆكار گەڵێ زۆری هەیە مرۆڤ هەندێك جار جۆری كار و شوێنی كاریش بە ڕێكەوت هەڵدەبژێرێت، بەڵام من بەڕێكەوت هیچیانم هەڵنەبژارد بەڵكو دوای بیركردنەوە و لێكدانەوەی زۆر هەردووكیم هەڵبژارد و لێیشیان پەشیمان نیم .
*تا ئێستا بەهۆی كارەكەتەوە كەس بێزاری نەكردوی؟
بێگومان بەهۆی كارەكەمەوە سەدان جار توشی توانج و تەعلیق بومەتەوە, بەڵام هەزاران جاریش سوپاس و دەستخۆشیم لێ كراوە لەپای كاركردنم وەك میدیاكارێك و رۆڵم لەو بوارەدا.
*راگەیاندن تا چەند ماندوی كردوی لێی بێزار نەبووی؟
هەموو كارێك ماندوبونی خۆی هەیە كاری ڕاگەیاندن جگە لەماندوكردنی جەستە مێشك و دەرونیش ماندو دەكات ، بێگومان منیش لە كاركردنم لەبواری میدیادا زۆر ماندو بوم و ماندویش دەبم بەڵام كاتێك كارێكی میدیایی یان ڕاپورتێك دەكەم و هەست دەكەم ئەو كارەی من جێگە دەگرێت و خزمەتێك دەكات ئیتر ماندویەتیم  دەحەسێتەوە و ئاسودە دەبم , تایبەت ئەو راپۆرتانەی كە باس لە كێشەكانی خەڵك و داواكردنی چارەسەر بۆ كێشەكانیان دەكرێت , بەو كارانە هیچ هەست بە ماندوبون ناكەم و بگرە ئاسودەش دەبم .
*هۆكار چیە ئافرەتانی سلێمانی زیاتر لە شاشە دەردەكەون بە بەراورد لەگەڵ دهۆك و هەولێر؟
لە سلێمانی دەرفەتی  زیاتر بە كچان و ئافرەتان دەدرێت بۆ كاركردن لە بوارەكانی كاری راگەیاندن و كاری هونەریش , هۆكاری ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ كرانەوەی زیاتر و جورئەت و ئازایەتی زیاتری ئافرەتانی سلێمانی بۆ خۆ سەلماندن و خۆسەپاندن و بڕینی رێگری و بەربەستەكان لە ئێستا بارودۆخ وەك جاران نیەو كەمێك گۆڕاوە لە شارەكانی هەولێر و دهۆكیش بە دەیان و سەدان ئافرەت هاتونەتە بواری هونەری و بواری راگەیاندنەوەو ئەگەر دەرفەت هەبێت ئەو دەیان و سەدانە دەبنە هەزارانیش , دە ساڵ و بیست ساڵ پێش ئێستا ئەوە بۆ ئافرەتانی شوێنەكانی دیكە زەحەت بوو.
*هێڤی زیاتر چی دەخوێنێتەوە؟
من زیاتر بابەتی رۆژنامەوانی و كۆمەڵایەتی و كەمێكیش بابەتە سیاسیەكان دەخوێنمەوە هەركات دەرفەتیشم هەبو رۆمان و شیعریش دەخوێنمەوە .
*كابانێكی چۆنی لە ماڵەوە؟
كابانێكی زۆر باش نیم بەڵام خراپیش نیم یانی لە نێوان باش و خراپدا دێم و دەچم .
*بەهۆی شاشەوە ناو بانگێكی زۆرت پەیدا كردوە چۆن ئەو ناوبانگەت دەپارێزی؟
پەیدا كردنی ناوبانگ ( بێگومان ناوبانگی باش) چونكە ناوبانگی خراپیش هەیە ) ئەرك و ماندو بوون و هەوڵی زۆری دەوێت, ئەوانەی دەیانەوێت ناوبانگی باش پەیدا بكەن دەبێت زۆر خۆیشیان ماندو بكەن  من هەرچەند حەزم لە ناوبانگ پەیداكردن نەبوە و نیە بەڵام بەحوكمی كارەكەم كە دەركەوتنە لە شاشەی تیڤیەوەو لە ڕێی شاشەوە دەچمە بەرچاوی بینەر و دەچمە ماڵەكانەوە ئەمە وای كردوە زۆر بناسرێم و ناوبانگ دەربكەم , هەرچەند  ناوبانگ دەركردن زۆرجار سەرئێشەو گرفتی زۆرت بۆ دروست دەكات و لە كەسێكی ئاساییەوە دەتكاتە كەسایەتیەكی گشتی و بەردەوام ئەبێت ئاگات لەخۆت بێت و  ئازادیە كەسیەكانت زۆر بەرتەسك دەبێتەوە ئیتر كاری میدیا و ناسراو بوون و ناوبانگ پەیدا كردن دوو هێڵن بەیەكەوە دەڕۆن و ناتوانرێـت لێك جیا بكرێنەوە .
*زۆرێك لە راگەیاند كارەكان بەهۆیی راگەیاندنەوە پلەو پۆستیان وەرگرتوە بونەتە ئەندام پەڕلەمان هێڤی بەنیاز نیە خۆی كاندید كا؟
ئەگەرچی ئەوە مافێكی ئاسایی و سروشتی میدیاكارانیشە وەك هەر كەسێكی تر كە بەرێگای یاسایی و ئوسوڵی پۆست و پلەی سیاسی و ئیداری وەر بگرن و لەو بوارەشدا خزمەتی زیاتر بكەن ، بەڵام من تا ئێستا بیرم لەوە نەكردۆتەوەو زیاتر سەرقاڵی كاری میدیایی خۆمم , چەندین جاریش پێشنیارم بۆ كراوەو دەرفەتم بۆ رەخسێنراوە من بە باشم نەزانیوە دەست بەرداری كاری میدیایی خۆم ببم  ڕەنگە لە داهاتودا لەو بارەیەوە بڕیار بدەم .
*لەگەڵ وەرزش كردن چۆنی و هاندەری كام یانەی؟
من رۆژانە وەرزش دەكەم لە یەكێك لەهۆڵە وەرزشیەكان و گرنگیش بە وەرزشی لەش جوانی دەدەم بەڵام كەمتر تەماشای یاریە وەرزشیەكان دەكەم , كاتێك ناچاریش دەبم لەگەڵ كەس و كار یان هاوڕێكانم تەماشای یاریەكی جیهانی بكەم خۆشم نازانم هاندەری كام تیپم  زۆرجار هەرلەخۆمەوە دەبمە هاندەرێكی سەرسەختی یانەیەك ئەوەش تەنها لەو ساتەدایە دواتر یانەكەش و یاریەكەش و گۆڵەكانیشم بیر دەچێتەوە.
*ئەگەر راگەیاندن كار نەبای حەزت ئەكرد چ كاری ترت كربا؟
ئەگەر راگەیاند كار نەبوام حەزم ئەگەر كاری بەقاڵیم كربا ئێستاش كە كاری ڕاگەیاندن دەكەم حەزی زۆرم بۆ بەقاڵی هەیە چەند جارێك هەوڵمدا لە نزیك یەكێك لە شەقامە گشتیەكانی سلێمانی  دوكانێكی بەقاڵی بێ تاپۆ دانێم بەڵام دواتر هاوكارانم پەشیمانیان دەكردمەوەو ئەیان وت شارەوانی بەمیوەكانەوە دوكانەكەت تەخت ئەكات ئیتر نەموێرا ریسك بە پارەكانمەوە بكەم كە بەهەزار فەلاكەت بڕێكم كۆ كردۆتەو بەڵام رۆژێك هەر دەبمە بەقاڵ و دوكانێكی گەورەی بەقاڵی دادەنێم بە دیزاینێكی جوان و هونەریانە میوەكان دادەنێم و وەك پێشانگایەك پێشكەشی ئەهلی میوە كڕین و میوە خواردنیان دەكەم .
*چ خۆزگەو ئاوانێكت هەیە؟
ئاواتم رزگاربونی خەڵكی كوردستانە لە نەهامەتی مادی و قەیرانی دارایی و تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخەی كە خەڵكی كوردستانی تێدایە .