Share on facebook
بۆیەكەم جار لە ڕێگای زاری كرمانجیەوە كەسایەتیە جیاوازەكان باسی یەكەم ساتی چوونە قوتابخانەیەن دەكەن
دووشەممە, 02 تەمموز 2018 08:26


لەژیانی مرۆڤ زۆر ئەو رۆژانەی دەبنە یادگاری و بیرەوەری خۆش هەردەم ئەو رۆژو كات و ساڵانە لای مرۆڤەكان بەزیندوی دەمێنەوەو تایبەت مەندی خۆیان هەیە بۆخودی ئەوكەسە ، یەكێك لەو رۆژانەش كە لەبیرەوەری زۆربەی خەڵك تۆماركراوە رۆژی چوونە قوتابخانەیە بۆیەكەم جار ، زۆربەمان كاتێك ئەو پرسیارەمان لێدەكرێت لەیەكەم رۆژی چوونت بۆقوتابخانە رۆژێكی چۆن بوو لەژیانت ؟ یەكەم  رۆژی چوونە قوتابخانەت بیرماوە ؟ ساڵی چەند بوو و لەكوێ‌ ؟ كێ لەگەلت هات بۆقوتابخانە ؟هەستت بە چیكرد كەبۆیەكەم جار چوویتە قوتابخانە ؟ هەریەكەو بەجۆرێك وەڵامان بۆئەم پرسیارانە پێیە ، بگرە لەهەندێ‌ وەڵامیش لەیەكتری نزیكین ، وەك لاپەرەی پەروەردەی هەفتەنامەی زاری كرمانجی بە پێویستمان زانی لەم ڕاپۆرتەدا ئەو پرسیارانە ئاراستەی چەند كەسێك بكەین بۆئەوەی لەزاری خۆیانەوە ئەو یادگاری و بیرەوەریانەمان بۆباس بكەن ، هەیانە لەو مرۆڤانە لەرێگای خوێندنەوە ئەركو بەرپرسیارەتی گرنگیان لەژیان وەرگرتووە ، ئامانجیش لەم بابەتە خۆشەویستكردن قوتابخانەو خوێندنە لە لای تاكەكانی كۆمەڵگە .
بەشی یەكەم
ئامادەكردنی : محەممەد مەحموود
لە سەرەتای ڕاپۆرتەكەماندا دكتۆر دلاوەر خالید ئاژگەیی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەیەكێتی ئەورووپا باسی ئەورۆژەمان بۆدەكات كە بۆیەكەم جار تێكەڵ بەژینگەیی خوێندن و قوتابخانە بووە،  دكتۆر دلاوەر بەم جۆرە یادگاریەكانی یەكەم ساتی چوونە بەرخوێندنی باسدەكات ،  یەكەم ڕۆژی چوونە قوتابخانەم لە ساڵی ١٩٧٥ بوو لە شاری مهاباد. دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول و ئاوارە بوونمان بۆ ئێران، بە ماوەیەكی كەم لە شاری مهاباد گیرساینەوە، دۆخی ئەوكاتی شاری مهابادم زۆر لە بیر نەماوە بەو پێیەی لە تەمەنێكی زۆر بچووك دابووم،  بەڵام باش لە بیرمە خاڵی رەحمەتیم هاوڕێی من و برام بوو هەم بۆ ناونووس كردن و هەم دەست پێكردنی خوێندن لە نزیكترین قوتابخانەی گەڕەكەكەمان، ئەوكات بە هۆی ئاوارە بوونمان هەستم بە نامۆیی و دڵتەنگی دەكرد، چونكە دەبوایە بە زمانێكی جیا لە زمانی دایك بخوێنم و هەموو شت بۆم تازە بوو، جگە لەوەش ڕژێمی ئەوكاتی ئێران بە نیاز بوو ئێمەی پەنابەر دابەشی سەر شارەكانی ناوەڕاست و باشوری وڵات بكات، بۆیە لە ڕووی سایكۆلۆژیەوە لە دۆخێكی زۆر ناخۆش دەستم بە قوتابخانە كرد و هەستم بە نائارامی دەكرد.
مامۆستا پاكستان محمدەمین بەرێوەبەری پەیمانگەی تەكنیكی سۆران زۆر دڵخۆش بووە كەسەرەتا چۆتە قوتابخانە بۆیە  بەم جۆرە یەكەم ساتی چوونە قوتابخانەی باسدەكات ، لە یەكەم رۆژی چوونە قوتابخانەم زۆر دڵخۆش بووم لە یەكێك لە شارەكانی وڵاتی ئێران لەشاری نەغدە دەستم بەخوێندنكرد، بۆیەكەم جار لەگەڵ دایكم چوومە قوتابخانە هەستم كرد كە دەتوانم لەگەڵ هاوڕێكانم زۆر دڵخۆش بم هەستم بەخۆشی دەكرد.
مامۆستا پاڵە گەردی بەرپرسی هەرێمی سۆرانی یەكێتی نەتەوەی دیموكراتی كوردستان دەربارەی یەكەم رۆژی چوونە قوتابخانەی بەم جۆرە باس دەكات ،  ساڵی 1980 یەكەم جار چومە قوتابخانە لە دیانا بۆ ناو تۆماركردنم دایكم لەگەڵم هات، بەڵام بۆ ڕۆژی یەكەمی قوتابخانەم لەگەڵ جیرانەكانم كە هاوڕێم بوون چوین بۆ قوتابخانە، هەركەسێك كە جاری یەكەم دەچێتە قوتابخانە هەست بەترس دەكات كە هەڵە بكات ئەبێت ڕووبەڕوی سزادەبێتەوە بەتایبەتی كە ئەوسەردەم لێدان لە قوتابی قەدەخە نەبوو.
ساڵح بێخاڵی وەك وەرزشوانێكی دێرین یەكەم ساتی چوونە قوتابخانەو بەشێك لەبیرەوەریەكانی قوتابخانە بەم جۆرە دەگێرێتەوە ،  ئەو رۆژەم بیرماوە كە چەند دڵخۆش بووم و بۆمن ئەوسا چوونە قوتابخانە وەك ئەوە وابوو كە وەك كوڕە پێشمەرگەیەك تازە لە شاخ هاتبووینە خوار و دوای دەستپێكردنی ئەوسای گفتوگۆی نێوان شۆرشی ئەیلوول و حكومەتی عێراق لە ساڵی 1970 چونكە ئەوكات هەم قوتابی هەم قوتابخانە لە رواندز كەم بوون ،سەید ساڵح جۆر جلەكانیش بیرماوەو دەڵێت : جلی ئەوسام بیرە كە جلێكی رۆژانە بوو نەك جلی تازەم بۆ بكڕن ، ساڵی 1970 بوو لە قوتابخانەی ( دڵدار ) ی ئەوساو زۆزك ی ئێستا .یەكەم جار باوكم لەگەڵم هات بە جلی پێشمەرگایەتی و رەختەو فیشەكدان و چەك ،هەستم بە خۆشیەكی لەبن نەهاتوو كرد، چونكە كەم كەس لە خەڵكی ئەوسای رواندز منداڵی خۆی دەناردە قوتابخانە و كە چوومە ناو حەوشەی قوتابخانەیەكی لە قوڕ درووستكراو دیتنی منداڵێكی زۆر لەگەڵ بیستنی فیكەی ناوبژیوان كە لێدانی جەڕەسی ئەوسا بوو وامدەزانی جەژنێكە.
مامۆستا ئەحمەد سابیرجێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەڵێت :  بەڵێ بە بیرمە لە ۱/۱۰/۱۹۷۸  لە قوتابخانەی ئەنباری  سەرەتای لە شاری فلوجە ، یەكەم رۆژ دایكم لەگەڵ هات  زۆر دەترسام زۆریش گریام چونكە لە غەریبی بووین.
لەنجە عەبدوڵڵا بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆپرسەكانی ژنان بۆیەكەم جار ترسی لە قوتابخانە هەبووە لەبەرئەوەی لە منداڵەكانی كۆڵان گوێبیستی ئەوەبو بوو كە مامۆستا بەدار لە قوتابی دەدات لەنجە خان بەم جۆرە باسی چوونە قوتابخانەی دەكات و دەڵێت : بۆیەكەم جار كە چومە قوتابخانە ساڵی 1983 بوو لە هەولێر، دایكم لەگەڵم بوو یەكەم رۆژ،هەستم بە ترسێكی زۆر ئەكرد چونكە من كەسم نەدەناسی ئێمە بەهۆی بارودۆخێكی سیاسی لە سلێمانی هاتینە هەولێر لەترسی حزبی بەعس لێرە كەسمان نەدەناسی جگە لەوە من لە مناڵەكانی كۆلان گوێبیستی ئەوە ببووم كە مامۆستا بە دار لە قوتابی ئەدات.