Share on facebook
پەروەردەی منداڵەكانتان بە تەكنەلۆجیا مەسپێرن
سێ شەممە, 10 تەمموز 2018 07:07


توێژەری دەروونی : ڕازاو نەجم
یەكێك لەو هۆكارانەی ئەمڕۆ كاریگەری بەسەر ڕەفتارو پەروەردەی منداڵانەوە هەیە تەكنەلۆجیایە، كە ئەویش خۆی لە (تەلەزیۆن ، مۆبایل ،ئایپاد ...هتد ) دەبینێتەوە ، بێگومان تەكنەلۆجیا لایەنی باش و خراپی هەیە بەڵام ئەوەی ماییەی نیگەرانیە بەشێك لە خێزانەكانی ئێمە لایەنە باشەكەی ئەم ئامێرانەیان وەلا ناوەو بەبێ چاودێریكردن و بێئاگا لە زیانەكانی پەروەردەی منداڵەكانیان بەم ئامێرانە سپاردووە ، تەنانەت زۆركات دایكان و باوكان بۆ دووركەوتنەوەی منداڵ لێیان و سەرقاڵ نەبوونی خۆیان بەمنداڵەكان ، منداڵان بە تەكنەلۆجیا دەسپێرن لەكاتێكدا پێویستە منداڵ لە گەڵ بەخێوكردنی پەروەردەش بكرێت، بەڵام بەداخەوە بەشێك لە خێزانەكانی ئێمە بەخێوكردن بە پەروەردەش تێگەشتوون ، خێزانەكانی ئێمە ئەبێ ئەوە بزانن هیچ شتێك و شوێنێك هێندەی خێزان كاریگەری بەسەر پەروەردەی منداڵەوە نیە وەئەگەر ئێمە لە گرنگی خێزان تێبگەین  هەرگیز پەروەدەی  منداڵەكانمان بە تەكنەلۆجیا ناسپێرین، باربارا بۆش خانمی یەكەمی پێشووی ئەمەریكا لە وتەیەكی بۆ دەرچوانی زانكۆ باس لە گرنگی خێزان دەكات و دەڵێ : ئێوە زۆر بەلاتانەوە گرنگە ببنە پزیشك و پارێزەرو سەركردەی بازرگانی، بەڵام بیرتان نەچێت پێش هەموو شتێك ئێوە مرۆڤن . پەیوەندیە مرۆڤایەتیەكانتان لەگەڵ هاوسەرو منداڵەكانتاندا گرنگترین سەرمایە گوزاریە كە بتوانن لەژیانتاندا بیكەن .
ئێوە لە كۆتای ژیاندا خەفەت بۆ ئەوە ناخۆن كەلە تاقیكردنەوەیەكی زیاتردا بەشداریتان نەكردووە، یاخود گرێبەستێكی زیاترتان ئیمزا نەكردوەن بەڵكو خەفەت بۆ ئەو كاتە دەخۆن كەلەگەڵ هاوسەرو منداڵ و دایك و باوكتاندا بەسەرتان نەبردووە ، سەركەوتنی ئێمە وەكو كۆمەڵگە بەند نیە بەوەی چی لە كۆشكی سپیدا دەگوزەرێت، بەڵكو بەندە بەوەی لە ماڵەكانی ئێوەدا چی دەگوزەرێت .
وە ئەگەر بێت و لە گۆشەنیگای دەروونناسی و كۆمەڵناسی یەوە سەیری داهێنراوە تەكنەلۆجیەكان بكەین لەم جیهانی مۆدێرنەدا دەبینین تاكی بەرەو ئالودەیی ئەلكترۆنی بردوەو لە دنیای  خێزان و پەروەردەی خێزانی دایبڕیوە وە بەپێی زۆربەی توێژینەوە زانستیەكان كە لە وڵاتان ئەنجامدراوە زۆرێك لەو كەسانەی ئالودەی یاری ئەلكترۆنی و ئەنتەرنێت بە گشتی بوون منداڵ و هەرزەكارانن ، كەئەمەش لێكەوتەی خراپی لەسەر ڕەفتارو هەڵسوكەوتو دنیای منداڵ هەیەو وای لێدێ لەدنیای منداڵان  داببڕێت و ببێتە كەسێكی گۆشەگیر ،بەو ئومێدەم خێزانەكانی ئێمە دایكان و باوكان گرنگیەكی زیاتر بە پەروەردەی منداڵەكان بدەن بیرمان نەچێت باشترین هۆكارێك بۆ ئەوەی منداڵەكانی ئێمە سەرقاڵ بن پێوەی و هۆكارێك بێت بۆ یاریكردن خودی خێزانە نەك تەكنەلۆجیا لێك نزیك بوونەوەی دایك و باوكان لەگەڵ منداڵەكانیان هۆكارێكە بۆ گەشەكردن و پەروەردەكردنێكی تەندروستی منداڵان و هەروەها هۆكارێكشە بۆ دروستبوونی پەیوەندیەكی ڕۆحی لەناو خودی خێزان ڕێنمایی ئێمە وەك توێژەران بۆ دایكان و باوكان ئەوەیە  دوور لە تەكنەلۆجیا ئەو ڕۆحیەت و هەوڵی لێكنزیكبوونەوە لەناو خێزانەكان زیندوو بكەنەوە بۆ ئەوەی منداڵان بەدووربن لە كاریگەرە خراپیەكانی تەكنەلۆجیا.