Share on facebook
محەممەد بازیانی: زۆر گرنگە جارێكی دیكە ناو ماڵی خۆمان رێك بخەینەوە
یەک شەممە, 05 ئاب 2018 21:16


ئا: ڕائیب زراری
سەرۆكی حزبی بزاڤی چاكسازی و گەشە دیاركرد، باشترین چارەسەر بۆ عێراق ئەوەیە سێ هەرێم، یان سێ دەوڵەت لەناوچەكە دروست بن، ئەو كاتە عێراق ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت و هەموو پێكهاتەكان بە مافەكانی خۆیان دەگەن. روونیشیكردەوە، زۆر گرنگە جارێكی دیكە ناو ماڵی خۆمان رێك بخەینەوە، لەناوخۆی خۆمان ئاشتەوای دروست بكەین، دەستی ئەوانەی تێكدەرن كەم بكەینەوە، هەروەها ئەگەر بچینەوە بەغدا بە توكمە بچین و یەك دیدو بۆچوونمان هەبێت، نەك هەر یەكە و بۆ خۆی بچێت، بەڵكو بە یەكڕیزی روو لە بەغدا بكەین، بۆ ئەوەی بە مافە ڕەواكانی خۆمان بگەین.
محەممەد بازیانی، سەرۆكی حزبی بزاڤی چاكسازی و گەشە، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:"ڕەوشی عێراق پەیوەندی بەو رووداوانەوە هەیە كە رۆژانە روو دەدەن، ئەمریكا لەناوچەكەیە، ئێران هەیە، كێشە لە نێوان ئەوانەدا هەیە، وای كردووە كە هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان دەرئەنجامی هەڵبژاردن قبوول نەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی توانای ئەوەیان نیە حكوومەتێك دابمەزرێنن و لە خزمەت هاووڵاتیاندا بێت، ئەوەش كێشەیەكی گەورەیە و وای كردووە كە هاووڵاتیان خۆپیشاندا بكەن.
گوتیشی:" عێراق لەسەر بنەمای مەزهەبیەت بەڕێوەدەبرێت، ئەوەش كێشەیەكی گەورەیە، ئەو حكوومەتەی لە داهاتوو دروست دەبێت لە حكوومەتی ئێستا باشتر نابێت، عێراق بە ناتەندروستی لە دایك بووە، عێراق بەو شێوەیە سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت، عێراق لەسێ پێكهاتەی سەرەكی پێكهاتووە، باشترین چارەسەر ئەوەیە سێ هەرێم، یان سێ دەوڵەت لەناوچەكە دروست بن، دەوڵەتێك بۆ شیعە، دەوڵەتێك بۆ سوننە و دەوڵەتێك بۆ كورد، ئەو كاتە عێراق ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت و هەموو پێكهاتەكان بە مافەكانی خۆیان دەگەن.
بازیانی، ئاماژەی بەوەش كرد:" كورد دوو ئەركی سەرەكی لەسەر شانە، ناوخۆی خۆی ئەگەر كوردستان بەراورد بكەین لەگەڵ خوارووی عێراق زۆر جیاوازە، لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانانەی كە لە كوردستان هەن، كوردستان بۆتە شوێنێكی ئارام بۆ هەموو پێكهاتەكان، بۆیە زۆر گرنگە جارێكی دیكە ناو ماڵی خۆمان رێك بخەینەوە، لەناوخۆی خۆمان ئاشتەوای دروست بكەین، دەستی ئەوانەی تێكدەرن كەم بكەینەوە، هەروەها ئەگەر بچینەوە بەغدا بە توكمە بچین و یەك دیدو بۆچوونمان هەبێت، نەك هەر یەكە و بۆ خۆی بچێت، بەڵكو بە یەكڕیزی روو لە بەغدا بكەین، بۆ ئەوەی بە مافە ڕەواكانی خۆمان بگەین".