دیندار زێباری: حكوومەت هەوڵی كەمكردنەوەی مەینەتی ئێزدییان دەدات
یەک شەممە, 05 ئاب 2018 21:21


ئا: شێروانی
چوار ساڵ لەمەوبەر داعش هێرشێكی دڕندانەی كردە سەر چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی ناوچە ئێزدینشینەكان و دەشتی مووسڵ، تیرۆریستان لەو هەڵمەتەدا دوور لە دابونەریتی مرۆڤایەتی هەموو جۆرە پێشێلكارییەكی مافەكانی مرۆڤیان بەرامبەر بە خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچانە پیادە كرد، هەر لە كوشتن و تێكدانی ماڵەوە تا دەگاتە ڕفاندنی ژن و منداڵ و سەبیكردن و فرۆشتنیان لە مووسڵ و سووریا، هەروەها ئەم هێرشە بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەس لەو ناوچانە كە بۆ پاراستنی سەر و ماڵیان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای هێرشەكانی تیرۆریستانەوە دەستی كرد بە یارمەتیدانی ئەو ئاوارانە لە هەموو ڕوویەكەوە. لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: سەرەتای مانگی ئابی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر دەڤەری شنگال كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردانی ئێزدین و، لە ئەنجامدا زیانێكی زۆر بەر دەڤەرەكە كەوت. سەرەڕای بارودۆخی نالەباری ئابووری، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك دەستی یارمەتیی بۆ ڕاگوێزراوەكان كردەوە بەبێ جیاوازی و سەرەتا بە دابینكردنی شوێنی نیشتەجێكردن و خزمەتگوزارییە پێویست و سەرەتاییەكانی وەك خۆراك و ئاو.
زێباری باسی لە دەرهاوێشتە كۆمەڵایەتییەكانی ئەو هێرشەی تیرۆریستان كرد و لەو بارەیەوە گوتی: تیرۆریستان جگە لە كوشتن و وێرانكردنی ماڵ و خانووی هاووڵاتیان، ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیی سڤیلی ئێزدییان ڕفاند كە ژمارەیان گەیشتە ٦٤١٧ كەس و لەوانە ٣٥٤٨ كەسیان ئافرەت بوون. بۆ ڕزگاركرنی ئەو هاووڵاتییە ڕفێندراوانە نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژی ٢٥/١١/٢٠١٤ لیژنەیەكی تایبەتی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی كەیسی ڕفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ڕزگاركردنیان، دوای گەڕانەوەشیان حكوومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان و دووبارەگەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا. بە هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەت تا ڕۆژی ١/٨/٢٠١٨ ژمارەی ئێزدییە ڕزگاركراوەكان (٣٣١٥) كەس بووە، لەوانە (١١٥٥) ئــافرەت و (٣٣٧) پیاو و (٩٥٣) كچ و (٨٧٠) كوڕ ڕزگار كراون. ئەوانەیشی تا ئێستا ڕزگار نەكراون، ژمارەیان (٣١٠٢) كەسە، لەوانە (١٤٤٠) ئافرەت و (١٦٦٢) پیاو كە لە دەست داعشدا ماون .
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: ئەو ئافرەتانە تووشی چەندین جۆر ڕەفتاری دڕندانە و دوور لە هەموو عورف و دابونەریتێكی مرۆڤانە بوونەتەوە، لە فرۆشتن، كڕین، ئەشكەنجەدانی جەستەیی و دەروونی و گۆڕینی ئایینەوە بگرە تا دەگاتە تاوانی دەستدرێژی. زۆربەی هەرەزۆری ئەو ئافرەتانەی ڕزگار دەبن، باری دەروونی و تەندروستیی جەستەییان زۆر خراپە و پێویستیان بە چارەسەر هەیە، هەرچەندە تەندروستیی دهۆك بە گوێرەی تواناكانی خۆیان، چارەسەری ئەو ئافرەتە ڕزگاربووانە دەكەن. هەندێك لەو ئافرەتانەی كە ڕزگار كراون، منداڵیان هەبووە، بەڵام منداڵەكانیان لەوێ بەجێ ماون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە باری دەروونییان ئاڵۆزتر ببێت، (٣٣) ئافرەتی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش، هیچ كەسێك لە ئەندامانی خێزانەكانیان نەماون، بۆیە ئێستا لە لای خزم و دۆستانی خۆیان دەژین.
زێباری ئاماژەی بەوەش كرد كە بۆ چارەسەركردنی ئەو ئافرەتانەی لە بارێكی دەروونی ئاڵۆزدان بە پێی گرێبەستێك لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی هەرێمی بادن فورتمبێركی ئەڵمانیا، تا ئێستا نزیكەی (١٠٠) كەس لەو ئافرەتانەی ڕزگار كراون، ڕەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا كراون بۆ چارەسەركردن، بەتایبەتی لە ڕووی دەروونییەوە .
د. دیندار زێباری تیشكی خستە سەر ئەوەی كە داعش بێ جیاوازی تاوانی دژی پێكهاتە ئایینییەكان ئەنجام دا و لەم بارەیەوە گوتی: لە دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی پارێزگای مووسڵ، بەتایبەتی دەشتی نەینەوا، جگە لە ڕفاندنی هاووڵاتیانی كوردی ئێزدی، پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاكانی دیكەش لەو كارە دڕندانەیەی داعش بێبەش نەبوون و ژمارەیەكی زۆریان ڕفێندران. ژمارەی ڕفێندراوەكانی كریستیان بەم شێوەیە: ژمارەی ئەو ڕفێندراوانەی كە كەیسەكانیان لە ٣/٤/٢٠١٧ تاكو ڕێكەوتی ١٨/٧/٢٠١٧ دیكیۆمینت كراوە (٢٥٠) كەس بووە، لەوانە (٨٢)یان ئافرەت و (١٦٨) پیاو بوون. لەو ژمارەیە (١٧٤)یان بە شێوازی جۆراوجۆر ڕزگار كراون ، بەڵام تا ئێستا (٧٦) كەسیان ڕزگار نەكراون، لەوانەی كە ڕزگار نەكراون ژمارەیەكیان ئافرەتن. جگە لەمانە، تا ئێستا (٦٩) گۆڕی بەكۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاك لەو ناوچانە دۆزراوەنەتەوە كە لە دەست داعش ڕزگار كراون، هەروەها (٦٩) مەزار و شوێنی ئایینیی پێڕەوانی ئایین و مەزهەبەكانی دیكە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە تەقێندراونەتەوە.
دیندار زێباری ئەوەیشی ڕوون كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی جیددی داوە بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئافرەتە ڕزگاركراوەكان بۆ نێو كۆمەڵگا و لەم بارەیەوە گوتی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەنتەری ڕاوێژكاریی خێزانیی لە پارێزگای دهۆك دامەزراندووە كە لە كۆمەڵێك خەڵكی پسپۆڕی یاسایی و دەروونی پێك هاتووە و ‌بەردەوام لە خزمەتكردنی كەیسەكانی ژنانی ئێزدیدایە، لەم ڕووەوە‌ هاوكاریی زیاتر لە (٢٠٠٠) ئافرەتی كردووە، لەم ژمارەیە زیاتر لە (١٠٠٠) ئافرەت تەمەنیان لە سەرووی (١٨) ساڵەوەیە، ئەوەش بە گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە و چارەسەركردنیان و ئارامكردنەوەی لایەنی دەروونییان لە لایەن پسپۆڕانی دەروونناس و كۆمەڵناسەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژیی دژی ئافرەتان سیمینار و وۆركشۆپ و خولی تایبەتی كردووەتەوە بۆ بەهاناوەهاتنیان و چۆنیەتیی گەڕانەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگا و سەردانیان".