Share on facebook
شۆڕش حەسەن : زۆربەی ئامادەكارییەكان بۆ رۆژی هەڵبژاردن تەواو بوونە
یەک شەممە, 05 ئاب 2018 21:24


چاوپێكەوتن- ڕائیب زراری
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ، ئەو هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی 12ی 5 كە گلە و گازندەیەكی زۆری لەسەر بوو، تا ئێستا هیچ شتێك سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردن لە ئارادانیە و بە دەست كۆمیسیۆن نەگەیشتووە، كۆمیسیۆنیش بەردەوامە لە ئامادەكارییەكان بۆ رۆژی هەڵبژاردن كە بریاروایە لە 30ی 9 ئەنجام بدرێت.
شۆڕش حەسەن، دیاركرد:" تا ئێستا ئیش و كارەكانی كۆمیسیۆن زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن، بەردەوامیشین لە ڕاپەڕاندنی ئیش و كارەكان، ئەو بەرنامەی كە دانراوە زۆربەی زۆری جێبەجێ كراوە و ئەو كارانەی ماون ئەوانیش لەو ماوەی كە ماوە جێبەجێ دەكرێن.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد:" دوای وەرگرتنی لیستی ناوی كاندیدان وردبینی بۆ كراوە و بۆ دەستەی دەستپاكی ڕەوانە كراوە، بۆ ئەوەی ئەوان لە ماوەی 10 تا 15 رۆژ وردبینی بۆ بكەن و ناوەكان بۆ ئێمە ڕەوانە بكەنەوە، هەروەها ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران كراونەتەوە و هاووڵاتیان سەردانی ئەو ناوەندانە دەكەن و تا ئێستا رێژەیەكی باش لە هاووڵاتیان سەردانی ئەو ناوەندانەیان كردووە، دوای كۆتای هاتنی پرۆسەكە كە تا 15ی 8 بەردەوام دەبێت ئەو كات رادەگەیەنین كە چەند كەس سەردانی بنكەكانی دەنگدانیان كردووە بۆ نوێ كردنەوەی ناوەكانیان، ئیش و كارەكانی دیكەش چوونەتە واری جێبەجێ كردنەوە، وەكو دابینكردنی كەرەستەی هەڵبژاردن، دابینكردنی فۆرمی دەنگدان، هەموو ئەوانە چوونەتە واری جێبەجێ كردنەوە، لە كاتی خۆیاندا جێبەجێ دەكرێن، سندووقی دەنگدان و كابینە هەیە، ئەوەی پێویستمان پێیە كەرەستەی دەنگدانە وەكو فۆرم و حبر و قەلەم و وەرەقەی دەنگدانە ئەوانەش لە كاتی خۆیاندا دابین دەكرێن.
شۆڕش حەسەن، ئەوەشی گوت:" داواكاریمان لە هاووڵاتیان ئەوەیە كە سەردانی ئەو ناوەدانە بكەن، گرنگە هاووڵاتیان سەردانی ئەو ناوەندانە بكەن بۆ دۆزینەوەی ناوەكانیان، چونكە ئەو تۆمارە تایبەتە بە كۆمیسیۆنی كوردستانەوە، هەندێك گۆڕانكاری تێدا كراوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان سەردانی ئەو ناوەندانە بكەن.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هیوادارین و هەوڵیشمان بۆ داوە كە ئەو هەڵبژاردنە جیاواز بێت لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی 12ی 5 كە گلە و گازندەیەكی زۆری لەسەر بوو، هەوڵی خۆمان دەدەین كە ئەزموونێكی گونجاو سەركەوتووترمان هەبێت، رێنمایی كۆمیسیۆن بۆ حزب و قەوارە سیاسییەكان ئەوەیە هاوكاری كۆمیسیۆن بن، دەنگدەرانی خۆیان هان بدەن بۆ ئەوەی سەردانی ناوەندەكانی تۆماری دەنگدەران بكەن، بۆ ئەوەی زۆرترین هاووڵاتی لە هەڵبژاردن بەشدار بن و هەروەها پابەند بن بە ڕێنماییەكانی كۆمیسیۆن لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، كە تا ئێستا بڕیارمان نەداوە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەیی هەڵبژاردن چەند دەبێت، بەڵام هەر كاتێك بڕیار درا ئەو كاتە رادەگەیەنین كە ماوەكەی چەند بێت، هەوڵدەدەین هاوسەنگی بپارێزین لە نێوان ئەوەی كە لیستەكان بتوانن كاندیدەكانی خۆیان بە خەڵك بناسێنن و هەمیش ئەو هەڵمەتە نەبێتە هۆی بێزاركردنی خەڵك.
لە كۆتایدا شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان گوتی:" تا ئێستا هیچ شتێك سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردن لە ئارادانیە و بە دەست كۆمیسیۆن نەگەیشتووە و، كۆمیسیۆنیش بەردەوامە لە ئامادەكارییەكان بۆ رۆژی هەڵبژاردن كە لە 30ی 9 ئەنجام دەدرێت".