Share on facebook
عارف رۆشدی : پارتی چەند بەهێز بێت زیاتر كاروانی كوردایەتی بەرەو پێشەوە دەچێت
یەک شەممە, 05 ئاب 2018 21:27


دیدار- ڕائیب زراری
عارف رۆشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاكرد، هەر كاتێك پێویست بكات پارتی گۆڕانكاری دەكات، لە داهاتوودا چەند گۆڕانكارییەكی دیكە دەكات، مەبەستیش لەو گۆڕانكاریانە بەهێزكردنی ئەو دامەزراوانەیە، بۆ نەهێلانی هەندێك كێشە و گرفتە، چونكە چەند پارتی بەهێز بێت و چەند زیاتر خاوەنی كورسی بێت، زیاتر كاروانی كوردایەتی بەرەو پێشەوە دەچێت، سیاسەتی پارتی و هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی پارتی شاهێدی ئەوەن كە خەڵك زیاتر رێز لە پارتی بگرێت و پشتگیری بكات، بەوەش كورسی و رێژەی دەنگەكانی پارتی زیاتر دەبن.
ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی:" گۆڕانكاری شتێكی نۆرمال و ئاساییە، هەر كاتێك بارودۆخەكە بخوازێت كە گۆڕانكاری بكرێت، پارتی ئەو هەنگاوە دەنێت و گۆڕانكاری ئەنجام دەدات، هەتا ئێستا لەسەر ئاستی لقەكان و سەركردایەتی چەند گۆڕانكارییەك كراون، لە داهاتوودا چەند گۆڕانكارییەكی دیكەش دەكرێن، مەبەستیش لەو گۆڕانكاریانە بەهێزكردنی ئەو دامەزراوانەیە، بۆ نەهێلانی هەندێك كێشە و گرفت، بۆیە پێویستە ئەو گۆڕانكارییانە بە ئاسایی وەربگرین، لە حزب ئەو شتە هەر دەكرێت و بەردەوامیش دەبێت.
عارف رۆشدی، گوتیشی:" پارتی ماوەیەكی زۆرە خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە كردووە، دەست بەكار بووە بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكانی خۆی بەرەو پێشەوە ببات، لەسەر مستەوای مەكتەبی سیاسی، لق و دامودەزگاكانی دیكەی حزبی، جوولانەوەیەكی باش هەیە، پلان دادەنرێت، تاكو بتوانین لە ماوەی ئاساییدا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەست بەكاربین، خەمی ئێمە ئەوەیە كە بتوانێت ژمارەی كورسی و ڕێژەی دەنگەكانی پارتی زیاد بكەین، چونكە ئێمە لەو بڕوایەداین چەند پارتی بەهێز بێت و چەند  زیاتر خاوەنی كورسی بێت، زیاتر كاروانی كوردایەتی بەرەو پێشەوە دەچێت، بۆیە بەبێ یەك و دوو دەبێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، ئەگەر ئەوە بكرێت سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لەو ڕەوشەی كە ناوچەكە پێدا تێپەڕ دەبێت، كە ئێمە بتوانین هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو و پاك و بێگەر ئەنجام بدەین، جێگەی ڕەخنە نەبێت و ئەنجامەكان بە ئیجابی وەربگرین، بۆ ئەوەی پەرلەمانێكی نوێ دەست بەكاربێت و ئەو پەرلەمانە بە هزرێكی باشتر و كوردانە دەست بەكار بێت و حكوومەتی نوی دابمەزرێت، بۆ ئەوەی كومەڵگەی كوردی بەرەو گەشانەوەی زیاتر هەنگاو بنێت.
سەبارەت بە زیادبوونی كورسییەكانی پارتی عارف رۆشدی، دیاركرد:" سیاسەتی پارتی و هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی پارتی شاهێدی ئەوە دەدەن كە خەڵك زیاتر رێز لە پارتی بگرێت و پشتگیری بكات، بەوەش كورسی و رێژەی دەنگەكانی پارتی زیاتر ببن.
ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان روونیكردەوە:" عێراق بەناو دەوڵەتە، ئەگەرنا دەوڵەت نیە، چونكە كەس نازانێت كێ حوكم دەكات، ئەوە بۆ مانگێك دەبێت خۆپیشاندان لە بەسرا و 9 پارێزگای دیكەی عێراق بەردەوامە، حكوومەت هەر دیار نیە و وەڵامی خۆپیشاندەران ناداتەوە، لە زۆر شوێن دەسەڵاتی عەشائیری حوكمڕانە، حەشدی شەعبی حوكمڕانە، حزبی سیاسی حوكمڕانە، بۆیە هی ئەوە نیە بە عێراق بڵێی دەوڵەت، بەڵكو هاوشێوەی دەوڵەتە، بۆیە ئێمە ناتوانین گەشبین بین كە حكوومەتێكی بەهێز دروست دەبێت، یەكەم ئەو حكوومەتە بەو نزیكانە دروست نابێت، ئەگەر ئێمە زۆر خۆش باوەڕ بین تا سەڕی ساڵی داهاتوو دەخایەنێت تا حكوومەتی داهاتوو پێك دێت، دووەم، ئەو حكوومەتەی دروست دەبێت حكوومەتێكی بەهێز نابێت، حكوومەتێكی لەرزۆك دەبێت، چونكە هیچ حزبێكی سیاسی نەیتوانیوە دەنگی پێویست بهێنێت كە حسابێكی تایبەت بۆ بكرێت، ئەو لیستانە زۆربەیان هاوپەیمانن و لە چەندین حزب و لایەنێك پێكهاتوونە، بۆیە هیچ لایەنێكی سیاسی نەیتوانیوە دەنگی پێویست بهێنێت كە بتوانێ بە تەنیا حكوومەت پێك بهێنێت، بۆیە دەڵێم پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت درێژە دەكێشێت، سێیەم، هەتا پەرلەمانێكی لەرزۆك دەبێت، چونكە چەند فراكسیۆنەكان زیاتر ببن، بڕیاردان تێدا زەحمەتر دەبێت، چوارەم دەبێت ئێمە وەكو كورد ئەو بابەتە لەبەرچاو وەربگرین و دەبێت لێ نەگەڕێین، ئێمە بە پەرتەوازەیی روو لە بەغدا بكەینەوە، خۆشبەختانە پارتی و یەكێتی هەنگاوی باشیان ناوە، پێویستە هێز و لایەنەكانی دیكەش وەكو پارتی و یەكێتی بێنە پێشەوە و بەرەیەكی كوردستانی سیاسی بۆ عێراق دروست بكرێت، تاكو پێكەوە سەنگەرێكی بەهێز بین و بتوانین سوود لە پەرتەوازەیی حزب و لایەنەكانی عێراق ببینین و خواستەكانی كورد كە تا ئێستا جێبەجێ نەكراون، جێبەجێ بكرێن، سەركردایەتی كورد سێ پڕەنسیبی داناوە تاكو كورد بەشدار بێت لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا، لەوانە، شەڕاكەت، تەوازن و تەوافق، چونكە دەستووری عێراقی دەستووری رێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەكانە، ئەو سێ پرەنسیبە پێویستە حزب و لایەنە كوردستانییەكان بكەنە مەنهەج و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ عێراق بكەن.
ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر گوتی:" حكوومەتی عێراق بە پلەی نایاب توشی شكەستن بووە، شكەستی ئیسلامی سیاسییە، بەتایبەتی شیعە، شكەستی عێراق شكستی ئەو حزبانەی دینی مەزهەبییە، خەڵكی عێراق گەیشتووەتە ئەو بڕوایە كە ئەو حزبانە ناتوانن ئیدارەدانی وڵات بكەن، حزبەكان بە دەیان گرێی دەروونیان لە نێوان یەكدیدا هەیە، سوننە و شیعە كێشەیان هەیە، لەناو شیعە كێشە هەیە، ئەو حزبانە لەو مستەوایەدا نین حوكم ڕان بن، بۆیە لە پاش 2003  توشی شكەستن بوونە، ئەوەش شكستی ئیسلامی سیاسییە، شكەستی شیعەیە، بۆیە ئەگەر ئەوان بیانەوێت عێراق ببێتە وڵاتێكی باش و پێشكەوتوو پێویستە بە تەواوەتی سیستەمی حوكمڕانی لە عێراق بگۆڕدرێت.
عارف رۆشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەش كرد:" زۆرجار گوتوومانە بەس جێبەجێ ناكرێت، ئەویش یەكڕیزی كوردە، پێویستە كورد یەكڕیزی بكاتە بنەمای كارەكانی خۆی، ئەگەر كورد یەكڕیز و یەكدەنگ بێت وەكو ژمارەیەكی قورس لە ساحەی عێراق حسابی بۆ دەكرێت، هەر لایەنێكی سیاسی بە هەر بیانۆیەك بێت نەهێتە ناو یەكڕیزی، مێژوو شاهێدی بۆ دەدات و باجێكی گەورە دەدات، چونكە نابێت هەموو نەهامەتییەكانی كورد، ئەنفال، دەربەدەری و وڵات وێران كردن، هەتا ئێستاش هەر كاتێك دەرفەت بۆ ئەو حوكمڕانیە شكەستخواردووەی عێراق دێتە پێشەوە پەلەماری ئێمە دەدات، وەكو ئەوەی كە پەلەماری كەركووكیان دا، بۆیە دەبێت ئەو حزبانە پەند لە میژوو وەربگرن، بۆیە پارتی داوای لە هەموو حزبە كوردستانییەكان كردووە و دووبارە داواش دەكات، كە هەموو لایەنەكان یەكڕیزی كورد بپارێزن و تا بتوانین مامەڵە لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی عێراق بكەین".