ئاشنا عبدولقادرباسی ئەزموونی خوێندنی خۆی دەكات كەچۆن بووە بەو قوتابییە زیرەكە
دووشەممە, 06 ئاب 2018 07:50

قۆناغی دوازدەیی ئامادەیی یەكێكە لەو قۆناغانەی كەوا بۆ قوتابی بەرێگاێكی سەختی سەركەوتن دادەندرێت بە و پێییەی دەبێت لەو قۆناغە نمرێكی بەرز بەدەست بهێنێت بۆئەوەی لەزانكۆ و پەیمانگاكان لە شوێنە هەرە بەرزەكان وەربگیرێت ، بۆیە ساڵانە زۆرێك لە قوتابیان ترسیان لەو پۆلە هەیەو نمرەی پێویست بەدەست ناهێنن ، یەكێك لەو قوتابیانەی ئامادەیی شەمامی كچان لەسنووری بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی رواندز كەوا نمرەێكی بەرزی بەدەستهێناوە بۆزاری كرمانجی دەدوێت و باسی ئەزموونی خۆی دەكات لە قوتابخانەو پۆلی دوازدەیی ئامادەیی ئاشنا عبدولقادرقوتابێكی زیرەكو پڕزانیاری بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە .

دیمانە: محەممەد مەحموود

*خۆت بەخوێنەرانی زاری كرمانجی بناسێنە؟

- من ناوم ئاشنا عبدولقادر محمد خوێندكاری "ئامادەیی شەمامی كچان" ساڵی ١٩٩٩ لەدایك بووم .

* لەچ قوتابخانەێك دەستت بەخوێندن كرد؟

- سەرەتا لە قوتابخانەی "كاولۆكی سەرەتایی تێكەڵاو" تەنها ساڵێك لەوێ بووم،  قۆناغەكانی تری سەرەتاییم لە قوتابخانەی پاشای گەورەی هاوچەرخ تەواو كرد ، هەرسێ قۆناغەكانی ناوەندیم لە قوتابخانەی نێرگزی بنەڕەتی كچان تەواو كرد.

*یەكەم رۆژی چوونە قوتابخانەت بیرماوە ترست نەبوو یەكەم جار؟

- من پێچەوانەی هەندێ لە قوتابیان كە ترسیان لە قوتابخانە هەبوو بە تامەزرۆوە ئەچووم و خۆشم ئەویست ، یەكەم ڕۆژ بوو كە چووم بۆ قوتابخانە كاتێ زەنگی چوونە ژوورەوە لێیدا كوڕێك پاڵی پێوە نام كەوتمە سەر زەوی و گریام ئینجا مامۆستاكەم هات و سەرزەنشتی ئەو كوڕەی كرد تاكو من لە گریان بوەستم ئەوە یەكەم یادەوەریم بوولە قوتابخانە.

*هەمووساڵیك نمرەی بەرزت دەهێنا ؟

- بەڵێ من هەموو ساڵێ نمرەكانم بەرز بوون و لە یەكەمەكان ئەبووم ، سوپاس بۆ خوا هەرچەندە من ئەوە بە پێوەر دانانێم بۆ سەركەوتنی قوتابی لە پۆلی دوانزە چونكە قوتابیمان هەیە تەنها لە كۆتا قۆناغەكان ئەخوێنێ بەڵام ئەمەش بناغەیەكی چاك بوو بۆ من.

*لەچ وانەیەك زۆر زیرەك بووی ؟

- لەو كاتەوەی بیرمە تاكو ئەو دەقەیەش وانەی بیركاری بابەتێكی تایبەت بوو و زیرەك بووم لێی و زۆریش حەزم لە بابەتی فیكریە.

*لەخوێندن چ ئاواتێكت هەیە؟

- ئاواتی من ئەوە لە ڕێگەی خوێندنەوە داهاتووم دیاری بكەم خزمەت بە خۆم و خانەوادە و كۆمەڵگە بگەیەنم .

*چ بەرنامەیكت پۆلی دوازدە دانا تاوەكو ئەو ئەنجامە باشە بەدەست بێنێت ؟

- بۆ ئەوەی نمرەیەكی بەرز بە دەست بهێنین لە پۆلی دوانزە پێویست ڕۆژانە لە گەڵ مامۆستا بڕۆین و هەموو ئەو بابەتەنە بخوێنین كە مامۆستا ئەیكا بە ئەركی ماڵەوە، وە پێویستیش ئەكا كاتێكی زیاتر بۆ ئەو وانانە تەرخان بكەین كە تێیدا لاوازین من كاتێكی زۆرم بۆ فیزیا تەرخان كرد و بە سەریدا زاڵ بووم .

پێم باشە قوتابی لە هاوینەوە دەست بكات بە خوێندن بۆ ئەوەی كۆنتڕۆلی هەموو وانەكان بكا هەرچەندە من نەمكرد و نەچوومە خولەكان و تەنانەت مامۆستای تایبەتم نەبوو.

*شەورۆژ چەند كاتژمێرت دەخوێند؟

-خوێندن بە كاتژمێر نیە بەڵكو پەیوەستە بە دوو شت، یەكەمیان توانای قوتابی لە ڕووی تێگەیشتن و لەبەر كردن، دووەم بەگوێرەی ئەو بابەتەی كە ئەیخوێنی بۆ نموونە من  ٣-٤ كاتژمێرم بۆ زیندەوەرزانی و نیو كاتژمێر بۆ ئینگلیزی چونكە بۆ من ئینگلیزی ئاسانترە .

*ئەو مانگەی ئیزندران بۆ خوێندن چۆنت خوێند؟

- پێش ئیمتیحانەكانی وزاری  من سەرەتا ئەو وانانەم پێداچوونەوە بۆ ئەكرد كە لەبیرم نەئەكردن و لە بەر كردنی تێدا نەبوو، بەڵكو تێگەشتن بوو وەك بیركاری، فیزیا بەڵام لە كۆتایەكان ئەو وانانەم پێداچوونەوە بۆ ئەكرد كە ئەبووایە لەبەرمان بكردبا وەك زیندەزانی و ئەدەبی كوردی.

*لەهۆڵی تاقیكردنەوە زۆر دەمایەوە؟

- من لە هۆڵی تاقیكردنەوەكان هەمیشە دوایین كەس بووم ئەهاتمە دەرەوە ، لەبەر ئەوە نا كە پرسیار قورس بێ بەڵكو لەبەر ئەوەی بەشێك لە پرسیارەكان فیكرین و ئەبێ خوێندكار زۆر بە وریایەوە سەرنج بداو چەند جارێكیش پێداچوونەوە بە ئەسیلەكە و پەڕەی سۆماش بكات.

*خۆت نمرەكانی خۆت دۆزیەوە یان كەسێك پێی گووتی ؟

- خۆم سەیری نمرەكانم كرد تەنانەت پێش بڵاوبوونەوەی ئەنجامەكان ئەمزانی چەند بەدەست ئەهێنم.

* لە نمرەكانی خۆت ڕازی ؟

- لە نمرەكانی خۆم ڕازیم چەنكە هەر بەقەدەر ئەوەندە خوێندبووم كە بەدەستم هێناوە، ئەگەر بەقەدەر ١٠٠ خوێندبام و ئەو نمرەی ئێستام بەدەست هێنابا بێ گومان ڕام لێی نە ئەبوو.

*سیستەمی هەڵبژاردنت پێ باشە بۆتاقیكردنەوەكان ؟

- من لە سیستمی هەڵبژاردن ڕازیم چونكە زوڵم لەكەس ناكرێ.

* وەك قوتابیك لە سیستەمی خوێندن ڕازیت؟

-  لە سیستمی خوێندن ناڕازیم چونكە زۆر ئاڵۆز بووە، هەندێ بڕیار دەركراوە كە زۆر نا دادپەروەرانەیە و وا ئەكە سەدان قوتابی كە نمرەیان لە ئێمە نزمترە ، بەهۆی ئەم قەرارانە نمرەیان لە هی ئێمە بەرزتر ئەبێتەوە بە داخەوە.

*دەتەوێت لەزانكۆ لەچی وەربگیرێت؟

- لە بەشە پزیشكیەكان تامەزرۆی پزیشكی ددانم بڕوا ناكەم ئەمساڵ وەربگیرێم، لە بەشە ئەندازیاریەكان ئەندازیاری بیناسازی ، بەڵام هەرچی بوو دیارە خوای مەزن قەڵەمی لێداوە ، منیش بە بە قەدەری خوا ڕازیم.

*كێ‌ زۆر یارمەتی دەرت بوو لە خوێندن ؟

- بێگومان مامۆستاكانم یارمەتی دەرم بوون هەوڵ و تێكۆشانیان لە یاد ناكرێ سوپاسی هەموویان ئەكەم بە گشتی، و بە تایبەتیش م. محمد مامۆستای بیركاری بوو ١٠ ڕۆژ زۆر بە منەوە ماندوو بوو لە یاد نەكراوە

وه‌ بە هەمان شێوە م.عبداللە مامۆستای كیمیا م.عبدالخالق ساڵەیی مامۆستای ئینگلیزی كە پاڵپشتی هەموو قوتابیەك بوو.

*چ یادگارێكی خۆشت لەخوێندن هەیەبۆمانی باس بكەی ؟

- بێ گومان ١٢ ساڵی خوێندن پڕاو پڕە لە یادەوەری جوان ، لە گەڵ هەڤاڵان و مامۆستاكان، بەڵام ئەوەی ئێستا بیرمە كە هەرگیزیش لە یادم ناچێ، كاتێ لە سەرەتایی بووم بە هۆێ زیرەكیمەوە مامۆستا  بانگی ئەكردم بۆ قۆناغی لە من بەرزتر پرسیاری لە من ئەكرد و منیش شیكارم ئەكرد، بەم شێوەیە منی ئەكرد بە نموونە بۆ قوتابیانی تر ئەمە ٣ جار ڕووی داو لە یادیش ناكەم بۆ من شانازی بوو.

*دەتەوێت سوپاسی كێ‌ بكەی ؟

- ئەمەوێ سوپاسی م.هێرۆ علی بەڕێوە بەری ئامادەیی شەمامی كچان بكەم زۆر پاڵپشتمان بوو ، سوپاسی مامۆستا تێكۆشەرەكان ئەكەم بێ جیاوازی و  سوپاس بۆ خاڵیشم كە هەر شتێكم پێویست بایە بۆی ئەناردم سوپاس بۆ خانەوادەكەم لە كۆتایشدا هیوای سەركەوتن بۆ گشت قوتابیان ئەخوازم.