Share on facebook
دانیشتووانی گوندی ڕێژدوور كێشەی ئاوی خواردنەوە یان هەیە
چوار شەممە, 08 ئاب 2018 08:37

عەبدوڵڵا ماویلی – قەسرێ‌

هاووڵاتیانی گوندی ڕیژدوور لە سنووری ناحیەی قسرێ‌ سەر بە قەزای چۆمان بە دەست كەمی ئاوی خواردنەوە دەناڵێن، لە ئێستادا بە شێكی زۆر لە دانیشتوانی ئەم گوندە بۆئاوی خواردنەوە زیاتر پشت بە ئاوی تانكەر دەبەستن. كەمی ئاوی خواردنەوە لەم گوندە لە كاتێكدایە تا دێت ڕێژەی دانیشتووانی ئەم گوندە ڕووی لە زیادبوونە، ئەمەش هەڵكەوتەی گوندەكە وایە شوێنێكی بەرفراوانە و پانتایەكی گەورەی لە خۆگرتووە، بۆیە دانیشتوانی ئەم گوندە لە ڕێگەی زاری كرمانجی گلەی و گازاندەی خۆیان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەكەن و داوادەكەن هەرچی زووە گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوە لە گوندەكەیان چارەسەر بكرێت.

لە سەرەتادا زانا محمد وەكو دانیشتووێكی ئەم گوندە بە نیگەرانیەوە بۆ زاری كرمانجی گووتی"  ئێمە كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوەمان هەیە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی خەم ساردی بەرپرسانی ناوچەكە، تاوەكو ئێستا نەیانتوانیوە كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوە چارەسەر بكەن، ناوبراو زیاتر گووتی"  بە هۆی زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوان و بێ پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وایكردووە، گرفتی كەم ئاوی رووبەروی گوندە ببێتەوە، ئەو هاووڵاتیە لەكۆتایی قسەكانیدا گووتیشی"  پێویستە لە سەر حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەم ئاوی لە گوندەكەمان سوود لە ئاوی ژێر زەوی وەربگیرێت.

شەیمان ساڵح  وەكو كچێكی دانیشتووی گوندەكە بە زاری كرماجی ڕاگەیاند" لە ئێستادا گوندەكەمان دووچاری كەمی ئاوی خواردنەوە بووە ، ئێمە لەم وەرزەدا ڕۆژانە پێویستمان بە ئاوێكی زۆرتر هەیە بۆ پێداویستیەكان و پاككردنەوەی ماڵەكانمان ، ناوبراو زیاتر گووتی"  بەداخەوە بە هۆی كەم ئاوی ناتوانین وەكو پێویست سوود لەو بڕە ئاوە وەربگرین ، لە درێژەی قسەكانیدا گووتی"  ئێمە پێشتر لایەنی پەیوەندیدارمان لەم گرفتە ئاگاداركردۆتەوە ، بەڵام بە بیانووی قەیرانی دارایی تاوەكو ئێستا بە تەواوی ئەم گرفتە چارەسەرنەكراوە، ئەو خانمە گووتیشی" پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار ساڵانە لە گەڵ هاتنی وەرزی هاوین پلانی هەبێت بۆ ڕووبەروبوونەوەی كەم ئاوی لە گوندەكەمان.

ساڵح قادر هاووڵاتێكی تری گوندەكەیە بۆ زاری كرمانجی گووتی " گوندەكەمان لە ڕووی خزمەتگوزاریەوە، تاڕادیەك پشتگوێ خراوە ،ئەمەش بەهۆی نەبوونی پلانێكی ستراتیژی و زیاد بوونی ڕێژەی دانیشتوانی گوندەكەمان دەگەڕێتەوە،  ناوبراو زیاتر گووتی" لە ئێستادا كێشەی سەرەكی گوندەكەمان نەبوونی ئاوی خواردنەوەیە، بەتایبەتی لە گەڵ هاتنی وەرزی گەرما خواست لەسەر بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوە زیادەبێت. ساڵح قادر لە كۆتایی قسەكانیدا گووتیشی" پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر گرنگی بە سێكتەری ئاو بدات، بۆ ئەمەش دەتوانرێت سوود لە ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی وەربگرێت بۆ خواردنەوە و كشتوكاڵكردن.

لە بەدواداچوونێكی زاری كرمانجی سەبارەت بە گرفتَی كەمی ئاوی خواردنەوە لە گوندی ڕێژدووری سەر بە ناحیەی قەسرێ‌

شاخەوان حسێن بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ‌ بە زاری كرمانجی راگەیاند" گرفتی كەم ئاوی لە سنوورەكەمان  بە گشتی بوونی هەیە ، بەتایبەتیش لە گوندی ڕێژدوور، هۆكاری كەمی ئاوی خواردنەوەی بۆ زیاد بوونی ڕێژەی دانیشتوان و كەمبوونەوەی ئاوی سەر زەوی گەڕاندەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ‌ لە بەردەوامی قسەكانیدا گووتی" ئێستا كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوە لە گوندی ڕێژدوور لە قۆناغی چارەسەرە كردن دایە، ئەویش بە لێدانی بیرێكی ئیرتیوازی بە قوڵی سەد و هەشتا مەتر بە گوژمەی بیست وحەوت ملیۆن دینار لێدراوە، ئێستا لە قۆناغی كۆتایدایە كە ئاوی گوندی ڕێژدوور بە ئاوی گوندی پردی زەرد دەبەستێتەوە،  شاخەوان حسێن گووتیشی"  ڕۆژانە لە ڕێگەی تانكەرەوە ئاو بۆ دانیشتووانی ئەم گوندە دابین دەكەین، بۆ تەواو كردنی قۆناغی دووەمی پرَۆژەكەش  دەرخستەێكمان كردووە بۆ وەزارەتی دارایی و  چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین ، بۆ ئەوەی لە ئایندێكی نزیكدا دەست بكەینەوە بەئەنجامدانی پڕۆژەكە.

ساڵ بە ساڵ دانیشتوانی گوندەكان بەهۆی كەمی خزمەتگوزاری ڕوولە شارەكان دەكەن،  ئەمەش بە هۆی نەبوونی پلانێكی ستراتیژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێش گرتن لە چۆڵ بوونی گوندەكان، زۆر جار هاووڵاتیانیش گلەی ئەوە دەكەن حكومەت وەكو پێویست گرنگی بە لایەنی خزمەتگوزاری لە گوندەكان نەداوە، ئەمەش بە هۆكارێكی سەرەكی دادەنرێت بۆ كۆچكردنی دانیشتوانی گوندەكان بۆسەنتەری شارەكان ، ئەم دیاردەیەش وایكردووە زیانێكی زۆری بەر كەرتی ئابووری بكەوێت ، شارەزایانی بواری ئابووریش ئاماژە بەوە دەكەن پێویستە كۆچی پێچەوانە ڕوو بدات، واتە خەڵك لە شارەكانەوە بگەڕێنەوە گوندەكانیان، بۆ ئەوەی درێژە بە كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری بدەن، تا سێكتەری ئابووری زیاتر گەشە بكات و ژێر خانی ئابووری ووڵات ببوژێتەوە.