Share on facebook
ئەمساڵ ٤٠٠ فێرخواز بەشداری خوولی پیشەیی وەزارەتی پەروەردەیان کردووە
چوار شەممە, 08 ئاب 2018 13:10

رێكان كەمال - زاری كرمانجی- هەولێر

قوتابخانە پیشەییەکان هۆکارێکی گەورەی دروستکردنی هێزی کارن بۆ نێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا وەزارەتی پەروەردە هەوڵی گەشەپێدان و دانانی ستراتیژی گەورەی بۆ ئەم مەبەستە داناوە و دەیهەوێت زیاتر پەرە لەم بوارەی خوێندن بدات. هەر بۆیە بە ‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌ چۆنیەتی به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌ی فێركردن و چالاكییه‌كانی نێو قوتابخانە پیشەییەکان، دکتۆر پشتیوان سادق وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە یاوەری ئەحمەد سمایل ڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی فێرکردنی ئامادەیی و پیشەیی لە وەزارەت سەردانی قوتابخانەی ئامادەیی وەستا رەجەبی پیشەیی کرد و لە نێزیکەوە لەگەڵ قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەکە دوا. چۆنیه‌تی به‌رێوه‌بردنی خولی زانستی بۆ مامۆستایانی پیشەیی و قوتابیان و هاووڵاتیان بەشێکی گرنگەی قسەکردنی وەزیری پەروەردە بوو لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی پیشەیی و مامۆستایانی و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەی وەستا ڕەجەبی پیشەیی کە لە شاری هەولێرە. ئەم خوولەش کە بە مەبەستی ڕاهێنانی مامۆستایان و قوتابیان و هاووڵاتیانە، لە چەند بوارێکی جیاوازی پیشەیی بۆ خستنە نێوبازاری کار لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. شایەنی باسە ئەم خولانە لەلایەن ڕێکخراو (bfz)ی ئەڵمانییەوە ئەنجام دەدرێن و لەم هاوینەدا زیاتر لە (٤٠٠) فیرخواز بە شارەزاییەکی باش لە خوولەکان دەرچوون و ئەم خولانەش بۆ هەمووان بووە و لە ڕێگەی ڕێکخراوی ناوبراوەوە پشتگیری دەکرێت و کراوە و تا کۆتایی مانگی ١٢ی ئەمساڵ بەردەوام دەبن.