Share on facebook
عەبدولڕەحمان مەلا رەسول : پارتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی توانیویەتی داكۆكی لە مافی كورد بكات و پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ گەلی كورد بەدەست بهێنێت
یەک شەممە, 26 ئاب 2018 22:24


ئا: ڕائیب شێروانی
بەرپرسی پێشووی لقی 26ی گوڵان، دەڵێت:" پارتی رۆژ بۆ رۆژ بەهێز دەبێت و دەبێتە جێگەی ئۆمێدی خەڵكی كوردستان، لە كاتە پێویستەكان و شكستەكان جارێكی دیكە هێز دەداتەوە خەڵكی كوردستان. روونیشیدەكاتەوە، پارتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی توانیویەتی داكۆكی لە مافی كورد بكات و پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ گەلی كورد بەدەست بهێنێت.
لە 16 ئابی ساڵی 1946 بە سەرۆكایەتیی مستەفا بارزانیی، پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرا، سەرەتا ناوی (پارتی دیموكراتی كورد) بووە و لە كۆنگرەی سێیەمدا كە لە 26/1/1953 لە شاری كەركووك بەسترا، بڕیاردرا ناوەكەی بكرێتە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو حزبە تاوەكو ئێستا 13 كۆنگرەی بەستووە، یەكەم كۆنگرەی لە 16/8/1946، بە نهێنی لە شاری بەغدا، لە ماڵی (سەعید فەهیم) بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیكەی (70) نوێنەر، دوایین كۆنگرەشی لە 11 تا 18/ 12/ 2010 لە هەولێری پایتەخت، بە بەشداری زیاتر لە 1500 نوێنەر بەست.
عەبدولڕەحمان مەلا رەسول، پێشمەرگەی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و بەرپرسی پێشووی لقی 26ی گوڵان، سەبارەت بە یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان تایبەت بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" سڵاو لە رۆحی پاكی بارزانی نەمر، دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو پارتەی ئاڵای شۆڕشی هەڵكرد، لە كاتێكدا كە جیهان بەرەو گۆڕانكاری دەڕۆیشت، جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی سەری هەڵدا، كوردیش وەكو نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت و كیان، پێویستی بە حزبێكی ڕێكخراو هەبوو، كە گەلی كورد رێكبخاتەوە، بۆ پارێزگاری كردن لە خۆی و بە دەستهێنانی مافی نەتەوایەتی، بۆیە بارزانی نەمر لە ساڵی 1946 هەڵسا بە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد، پێشتر چەند ڕێكخراوێك هەبوون، لەگەڵ ئەم ڕێكخراوانە چەند دانیشتنێك كران، ئێدی بڕیاریان دا هەموویان یەك بگرن و پارتی دیموكراتی كورد دابمەزرێنن.
عەبدولڕەحمان مەلا رەسول، گوتیشی:" رێكخستنەكانی پارتی توانیان گەشە بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، ئەو پارتە رۆژ بۆ رۆژ بەهێز ببێت، فراوان بێت، ببێتە جێگەی ئۆمێدی خەڵكی كوردستان، وە ببێتە دڕك لە چاوی دوژمنانی ئەم كوردستانە، پارتی بەردەوامی هەبوو، لەگەڵ چەندین نەكسەی بەسەر هات، ئێدی بەهێزی بارزانی نەمر كە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، توانی ئەم حزبە تا قۆناغەكانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن،  دواتر شۆڕشی 26ی گوڵان، دواتر ڕاپەڕین، دواتر پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم تاكو ئێستاش بەردەوامی هەیە، ئەم  حزبە مایەی خۆشحاڵی هەموو چین و توێژەكانی ئەم كوردستانەیە، بە هەموو پێكهاتەكان ئاینی و مەزهەبیەوە، بە هەموو چین و توێژەكان كە لە كوردستان دەژین، بۆیە پێویستە هەموومان رێز لە دروستبوونی پارتی بگرین، بە بەردەوامی ئەو حزبە نوێ بكەینەوە، خزمەتی بكەین، چونكە ئەو حزبەیە توانیویەتی داكۆكی لە مافی گەلی كوردستان بكات، لە كاتە پێویستەكان و لە شكستەكان جارێكی دیكە هێز بداتەوە خەڵكی كوردستان، ببێتە مایەی خۆشحاڵی هەموو خەڵكی كوردستان.
پێشمەرگەی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و بەرپرسی پێشووی لقی 26ی گوڵان، ئاماژەی بەوەش كرد:" پارتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی توانیویەتی داكۆكی لە مافی كورد بكات و پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ گەلی كورد بەدەست بهێنێت، بۆیە مێژووی كوردستان سەڵماندوویەتی هیچ حكومڕانییەك، هیچ خۆشی و ناخۆشییەك بەبێ پارتی نابێت، بۆیە پێویستە هەموو كادیرەكانی پارتی بە ئەركی خۆیان هەستن، زیاتر پەڕە بە ڕێكخستنەكانی پارتی بدەن، هەوڵ بدەن رۆژ بۆ رۆژ نوێ بكەنەوە و گەشەی پێ بدەن، هەر لەو بۆنەیەدا پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی، تێكڕای خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان و ئەندام و لایەنەگرانی پارتی دەكەم".