Share on facebook
بەرپرسی لقی 26ی گوڵان لە چۆمان : پارتی پێداگری دەكات هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆیدا بكرێت
دووشەممە, 03 ئەیلول 2018 19:41


دیدار- ڕائیب شێروانی
حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی 26ی گوڵان لە چۆمان لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد، پارتی پێداگری دەكات هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆیدا بكرێت، هەر بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە دوو مانگ دەبێت لە باڵەكایەتی كار بۆ هەڵبژاردن دەكەین، لە هەڵبژاردنی 30/9 نەك هەر دەنگەكانی خۆمان لە دەڤەری باڵەكایەتی دەهێنینەوە كە لە 12/5 هێناومانە، بەڵكو دەنگی زیاتریش بە دەست دەهێنین و دەبینەوە حزبی یەكەم لەناوچەكە. دەشڵێ، هەر لایەنێكی سیاسیی داوای دواخستنی هەڵبژاردن بكات، ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە باوەڕی بەخۆی نیە و سەنگی خۆی لە دەست داوە و ناتوانێت متمانەی خەڵك بە دەست بهێنێت، بۆیە ناكرێت لەبەر هیچ لایەنێكی سیاسی هەڵبژاردن دوابخرێت و هەرێمی كوردستان بكرێتە قوربانی بەرژەوەندی لایەنێكی سیاسی.
بەرپرسی لقی 26ی گوڵان لە چۆمان دەڵێ:" گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا نیشانەی یەكڕیزی و بەهێز بوونی گەلی كوردستانە، هەروەها ئەو بەرنامە و پرۆژەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە پێكەوە دایاناوە بۆ هەموو لایەنەكان پێشنیار كرابوو، كە هەموو لایەنەكان بێنە پێشەوە و بە یەكڕیزی بچنە بەغدا، ئەو بەرنامەی دانراوە خراوەتە بەردەم لایەنە عێراقییەكان لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرهەمێكی باشی دەبێت، ئەوەش ئەوە نیشان دەدات كە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەهێزی هەیە و ناتوانن بە بێ كورد حكوومەتی داهاتوو پێك بهێنن، لەگەڵ ئەوەی چەند لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز بن و پێكەوە روو لە بەغدا بكەن سەنگی كورد و كوردستان لە بەغدا بەهێزتر دەبێت.
حەسەن حەدۆ، دەشڵێ:" خاڵی بەهێزی كورد، كە لایەنە كوردستانییەكان دەتوانن مافەكانی خەڵكی كوردستان پێ دەستەبەر بكەن و سەركەوتن بە دەست بهێنن، یەكڕیزی لایەنەكان و پاراستنی دەستكەوتەكانە، كە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، بۆیە ئەو دەرفەتەی هاتووەتە پێشەوە نابێت لە دەست بدەین، بۆیە دەبێت بە یەكڕیزی و بە یەك تیم بەرەو بەغدا بڕۆن و پێكەوە بڕیار بدەن، چونكە ئەگەر ئەوە نەكەن ناتوانن مافەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكەن.
حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی 26ی گوڵان لە چۆمان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" پارتی تاكە حزبە كە لە كوردستان هەموو ئامادەكارییەكی بۆ هەڵبژاردن كردووە و پێداگری دەكات كە هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆیدا بكرێت، كە 30/9 ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری كراوە, بۆیە پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن گفتوگۆ ناكات و لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت و دوابخرێت، ئەو بۆشایەی كە لە دەسەڵات و حكوومەت دروست بووە پڕ ناكرێتەوە، بۆیە لەو كات و ساتەدا بە پێویست دەزانین هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، چونكە هەرێمی كوردستان قۆناغێكی باشی بڕیوە و هیچ هۆكارێكیش نیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوا بخرێت، بۆیە نابێت كەس داوای دواخستنی هەڵبژاردن بكات و دەبێت لەو كاتەی دیاری كراوە ئەنجام بدرێت.
بەرپرسی لقی 26ی گوڵان لە چۆمان زیاتر گوتی:" هەر لایەنێكی سیاسیی داوای دواخستنی هەڵبژاردن بكات، ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە باوەڕی بەخۆی نیە و سەنگی خۆی لە دەست داوە و ناتوانێت متمانەی خەڵك بە دەست بهێنێت، بۆیە ناكرێت لەبەر هیچ لایەنێكی سیاسی هەڵبژاردن دوابخرێت و هەرێمی كوردستان بكرێتە قوربانی بەرژەوەندی لایەنێكی سیاسی.
حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی 26ی گوڵان لە چۆمان ئەوەشی گوت:" هاووڵاتی چۆمان هەر لە ئێستاوە خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە كردووە، خەڵكی ناوچەكە متمانەیان بە شۆڕشی ئەیلوول هەبوو و خۆشیان خاوەنی شۆڕش بوون، سەركردایەتی پارتی زیاتر لە 15 ساڵ لەو سنوورە بوو و گرنگیەكی زۆری بەناوچەكە داوە، خەڵكی ناوچەكەش خۆشەویستیان بۆ سەرۆك بارزانی هەیە، متمانەیان بە پارتی هەیە و خۆیان بە خاوەنی پارتی دەزانن، بۆیە گەشبینین كە دەنگی باڵەكایەتی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانە، بۆیە بە شێوەیەكی زۆر باش خۆمان ئامادە كردووە، بۆ ئەوەی زیاتر سوود لە خاڵە بەهێزەكانی هەڵبژاردنی 12ی 5 وەربگرین، بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە 2 مانگە كاری لەسەر دەكەین، كە لە هەڵبژاردنی 30/9 نەك هەر دەنگەكانی خۆمان لە دەڤەری باڵەكایەتی دەهێنینەوە، كە پارتی یەكەم بوو لەناوچەكە، بەڵكو دەنگی زیاتریش بە دەست دەهێنین، چونكە جەماوەری باڵەكایەتی هەردەم پشت و پەنای پارتی بوونە، ئەوەش بۆ سەركەوتنەكانی پارتی و ئەو بەرگریەی پارتی لە خەڵكی كوردستان دەكات دەگەڕێتەوە، كە پارتی رووبارێك خوێنی داوە، هەر كاتێك كوردستان لە مەترسیدابێت، پارتی بەرگری لە كوردستانی كردووە و خەڵكی كوردستانی پاراستووە، هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە پارتی نەك تەنیا لە باڵەكایەتی، بەڵكو لە هەموو كوردستان ببێتە حزبی یەكەم".