Share on facebook
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران و دەوروبەری : هاوبەشانی ئاو 4 ملیار دینار قەرزدارن
سێ شەممە, 04 ئەیلول 2018 20:29


دیدار- ڕائیب شێروانی
تەحسین سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران و دەوروبەری لە دیدارێكی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا دەڵێ، كێشەی سۆران نەبوونی پرۆژەی گەورەی ئاوە، كە لەناو سەنتەری شار رۆژانە پێویستمان بە 45 تا 55 هەزار مكەعەب ئاو هەیە، بەڵام تەنیا دەتوانین 30 بۆ 35 هەزار مكەعەب ئاو دابین بكەین، ئێستا لە چەند گەڕەكێكی شاری سۆران كێشەی كەمی ئاومان هەیە، هاوبەشانی ئاو 25 هەزار خێزان دەبن و 4 ملیار دینار قەرزدارن، زێدەڕۆی كردنیش بۆ سەر ئاو بەردەوامە. روونیشیكردەوە، لە سۆران بۆ ماوەی مانگێك دەبێت دەست بە بەستنی پێوەر كراوە، بەوەش دەتوانین كۆنتڕۆڵی ئاو بكەین و داهاتی حكوومەت زیاد بكەین و بە یەكسانی ئاو بەسەر خەڵكی سۆراندا دابەش بكەین".
تەحسین سەعدوڵڵا، گوتی:" شاری سۆران، شارێكی 146 هەزار كەسییە، بە ناحیەی دیاناشەوە، ساڵی رابردوو بە فەرمانێك فەرمانگەی ئاوی سۆران بوو بە بەڕێوەبەرایەتی، ئێستا وەكو بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران سەرپەرشتی هەموو سنووری قەزای سۆران بە هەموو ناحیەكانەوە دەكەین، كە لەناو سەنتەری شار رۆژانە پێویستمان بە 45 تا 55 هەزار مكەعەب ئاو هەیە، بەڵام رۆژانە تەنیا دەتوانین 30 بۆ 35 هەزار مكەعەب ئاو دابین بكەین، ئێستا لە چەندین گەڕەكی شاری سۆران كێشەی كەمی ئاومان هەیە، لە هەندێك گەڕەك 70 كاتژمێر واتە سێ رۆژ تا ئاویان دەگاتێ، لە سەنتەری شاری سۆرانیش 48 كاتژمێر تا توانیومانە كاتژمێرێك ئاو بۆ هاووڵاتیان دابین بكەین، بۆیە لە باشترین حاڵەتدا لە ماوەی 48 كاتژمێردا دەتوانین كاتژمێرێك و 15 خولەك ئاو بۆ هاووڵاتیان دابین بكەین.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران و دەوروبەری گوتیشی:" هاوبەشانی ئاو 25 هەزار خێزان دەبن لە سنووری سۆران، ماڵی وا هەیە دوو سەد تا 600 هەزار دینار قەرزداری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆرانە، كۆی گشتی هاوبەشانی ئاو 4 ملیار دینار قەرزدارن، زێدەڕۆی كردنیش بۆ سەر ئاو هەر بەردەوامە و بەردەوام زێدەڕۆی دەكرێتە سەر ئاو، ئەگەر زانیاریمان هەبێت كێ زێدەڕۆیی دەكاتە سەر ئاو ئیجرائات بەرامبەر دەكەین و سزا دەدەین، بەڵام ئێستا پرۆسەی بەستنی پێوەر دەستی پێ كردووە، لەگەڵ بەستنی پێوەر ئەگەر ئەو خانووانەی پێوەریان نەبەستووە خۆیان تۆمار نەكەن لەو ماوەی كە بۆیان دیاری كراوە كە 60 رۆژە، بە زێدەڕۆیی هەژمار دەكرێت، بەپێی یاسای نوێ، چونكە ئێستا ئاو یاسای تایبەت بەخۆی هەیە، كە لە سەرەتای ساڵی 2018 پرۆسەی خوێندنەوەی  پێوەر دەستی پێ كردووە و دراوەتە كۆمپانیایەكی لوبنانی، ئەو كۆمپانیایە ماوەی مانگێگ دەبێت لە سۆران دەست بەكار بووە، ئێستا ماڵ بە ماڵ دەگەڕێت ئەگەر ئەو ماڵەی بۆ دەچێت پێوەری هەبێت، پێوەرەكەی تۆمار دەكات، ئەگەر پێوەری نەبێت ئاگادار دەكاتەوە كە لە ماوەی 60 رۆژدا دەبێت پێوەر ببەستێت، ئەگەر لەو ماوەیەدا پێوەر نەبەستێت مانگانە بەپێی سیستەمی نوێ دەبێت 100 هەزار دینار بدات، بۆ ماوەی سێ مانگ، پاشان مانگی 4 دەبێتە دووسەد هەزار دینار، هەتا ئەو كاتەی كە خاوەن ماڵەكە ناچار دەبێت پێوەر ببەستێت.
تەحسین سەعدوڵڵا، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" ئەوەی لە هەمووی گرنگتر بەستنی پێوەر كۆنتڕۆڵی ئاو دەكات، سیستەمی ئاو ڕێكدەخاتەوە، هەروەها زێدەڕۆیی نامێنێت و داهاتی حكوومەت زیاد دەكات، هەروەها یەكسانی لە دابەشكردنی ئاو و وەرگرتنی پارە دروست دەكات، چونكە ئەو كاتە خاوەن ماڵەكە بەپێی سەرف كردنی ئاو مانگانە پارەی خۆی دەدات، بۆیە ئێستا گرنگترین پرۆژەی ئێمە بەستنی پێوەرە، لەگەڵ ئەوەی بە بڕی 250 ملیۆن دینار، كۆمەڵێك پرۆژە لە گوندی سیتكان، زارگەلی و خەلیفان، لە گەڕەكی گوڵان لە سیدەكان و گەڕەكی ڕاپەڕین و بارزان لە سۆران چەند پرۆژەیەك دروست كراون، بەتایبەتی لەو گەڕەكانی كە كێشەیان لە دابەشكردنی ئاو هەبوو.
تەحسین سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران و دەوروبەری ئاشكراشی كرد:" كێشەی سۆران نەبوونی پرۆژەی گەورەی ئاوە، كە ئێستا سۆران پێویستی بە دروستكردنی پرۆژەیەكی زۆر گەورەی ئاو هەیە، كە دیزانی تەواو بووە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشی ئاو و ئاوەڕۆ پێشنیار لەسەر كراوە، چاوەڕێین كە بوودجەی بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەی دەست بە پرۆژەكە بكرێت، كە بە دروستكردنی ئەو پرۆژەیە كێشەی ئاو لە سۆران نامێنێت، چونكە سێ كۆگای زۆر گەورەی ئاوی تێدایە".