Share on facebook
بەرێز نێچیرڤان بارزانی
دووشەممە, 10 ئەیلول 2018 08:30

 

 

 

جەلال سەعید

گەرانەوەی یانەی هەولێر بۆ خولی پلە نایابی عێراق، گەرانەوەی شكۆ و گەورەی تۆپی پێی هەرێمی كوردستانە بۆ نێو ململانێ و ركابەری لە بە دەستهێنان ئەنجامی سەركەوتوو نازناوەكان، بەڵام ئەو گەڕانەوەیە پێوێستی بەهاوكاری پشتگیری هەموو لایەك هەیە بەتایبەت جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرێز نێچیرڤان بارزانی، لە رابردوودا بەرێزتان هاوكار و پشتگیر بوون لە پێشكەوتن و بەدەستهێنانی ئەنجام و نازناوەكانی یانەی هەوڵیر، دەخوازم بەهەمان گەورەی و هەستەوە دەستی هاوكاری و یارمەتیدان بۆ زەرد پۆشەكانی یانەی هەولێر درێژ بكەیەوە تاكو جارێكی تر پایتەختی هەرێمی كوردستان بگەرێتەوە نێو ململانێیەكانی تۆپی پێی عێراق و ئاسیا.

ناكرێت یانەی هەولێر بەناوی پایتەختی هەرێمی كوردستان لە خولی پلە نایابی عێراق بەشداری بێت و لە نێو قەیرانی دارایش گوزەر بكات، لە هەمانكاتدا داوای ئەنجام و سەركەوتن نازناوەكانیشی لێ بكرێت.

وەرزش بەگشتی بەتایبەت تۆپی پێ پێناسەو گوزارشتی نەتەوەو نیشتمانن، یانەی هەولێریش لەو نێوەندا وەك هێماو پێناسەی كوردستان بەدی كراوە، پێموایە لە داهاتووشدا هەر بەهەمان رێچكە دەروات.

یانەی هەولێر جیا لە هەموو یانەكانی دیكەی كوردستان لە رۆژی دامەزراندنیەوە تاكو ئێستا هەمیشە بە پێناسەو گوزارشتی نەتەوەیانە خۆی دەرخستووە.

پێویستە تێڕامانمان بۆ یانەی هەولێر بەر لەوەی بە یانەیەكی وەرزشی بزانین بە دەزگایەكی نەتەوەیی و نیشتمانی سەیری بكەین.

رەنگە كۆمەلێك ئازیزو كەس رەخنەو توانجیان لە یانەی هەولێر هەبێت، ئێمەش هاوشێوەی ئێوەین لەو توانج و رەخنانە، ئەمەیان شتێكی ئاسای و تەندروستە لە ژیانی كاركردنی هەر دەزگا و شوێنێك یان یانەیەكی گەورەی وەك یانەی هەولێر.

دەخوازم زیاتر بە هەستی كوردانەو نەتەوەیانە بیر بكەینەوە و پێكەوە هەوڵی چارەسەری كێشەو گرفتەكانی یانەی پایتەختی هەموومان بكەین و پێكەوە یاخەی حكومەت و سەرۆكایەتی حكومەت بگرێن لە هاوكاری و پشتگیری یانەی هەولێری هەموومان و بۆ هەمووان.