Share on facebook
ئاسۆ حاجی: لە نێو یەكێتی كەسانێك هەن كار بۆ زیاتر لێكترازانی ناو ماڵی كوردستانی دەكەن
دووشەممە, 10 ئەیلول 2018 08:35



زێرەڤان جوهر – زاری كرمانجی

ئاسۆ حاجی نووسەر و رۆژنامەس لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵَ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێت" ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێ ئاماژەیەكی ڕوون و ترسناكە بۆ ڕاستەقینەیەك كە ئێمە لە باشووری كوردستان دامەزراوەیی نین و یاساكانی پەڕلەمان و بڕیارەكانی حكومەت لەلایەن حیزبەكان بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێ و لێكدەدرێنەوە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە هێشتا كاریگەرترین دامەزراوە لە ناو كۆمەڵگەی ئێمە پارتە سیاسیەكانن كە ئەوانن بڕیار لە چارەنووسی خەڵك دەدەن". هەروەها ڕاشیگەیاند" لە بیست و حەفت ساڵی ڕابردوودا دۆخێكی نا تەندروست لە ئارادایە كە حیزبەكان لەوسەری چەپەوە بۆ ئەو سەری ڕاست كاریان بۆ بە حیزبیكردنی كۆمەڵگا كردووە واتا لە جیاتی دروست كردنی هاووڵاتی كادیر و ئەندامانی حیزبیان دروست كردووە ، بۆیە لە بەرامبەر هەموو ئەو خراپەكاریانەی بە میللەت و چارەنووسەكەی دەكرێ بێدەنگین، ئەگەر خیانەتی شازدەی ئۆكتۆبەر بەو ئاسانەیە تێپەڕنەبا ئێستا هەندێك حیزب و لایەن جورئەتی ئەوەیان نەدەبوو بەو بێ شەرمی و بێ منەتیە بڵێن نابێ هەڵبژاردن بكرێ و یان ئەگەر بكرێ ڕێگە نادەین لە سنووری دەسەڵاتی ئێمە بكرێ.ئێستا ئەزموونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە دووڕیانێكی هەستیاردایە لە نێوان حەز و بڕیاری حیزب و بەرژەوەندی خەڵك و ئایندەی پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا،كە بە داخەوە بۆچوونی من ئەوەی حەز و بەرژەوەندی حیزبی سەردەكەوێ".دەربارەی بۆچی ئەو حیزب و لایەنانەی خواستی دواخستنی هەڵبژادنیان هەیە لەرێی فراكسیۆنەكانیانەوە لەپەرمانەوە ئەم داوایە پێشكەش ناكەن نابراو پێی وایە" یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان خاوەنی پڕۆژەی دواخستنی هەڵبژاردنن و ئەوان هەر لە سەرەتا بە تایبەتی یەكێتی هەوڵیداوە لە ڕێگەی ڕێكەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی و حیزبەكانی دیكە ئەو كارە بكات بە تایبەتیش كە هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح بۆ بەرژەوەندی یەكێتی بڕیاری دا و بزووتنەوەی گۆڕانیش بۆ ئەو پرسە برا گەورایەتی لە داوی یەكێتی". زیاتر ووتیشی" ئەوەی ئەمن تێبینی دەكەم یەكێتی دەیەوێ ئەو دوو لایەنە و لایەنەكانی دیكەش كە لە سلێمانی دەنگ و سەنگیان هەیە بخاتە ناو ئەو بازنەیە و وەك هێزی لەرزۆك و ترساو لە هەڵبژاردن وێنا بكات، بەڵام خۆدی كارتی دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چنینەوەی دەسكەوتەكان لە بەغدا هاوكات دژی پارتی بەكاردێنێت، واتا یەكێتی بە بەردێك دوو نیشان دەپێكێ، لە ناوخۆی كوردستان ڕكابەرەكانی خۆی بەو دەردە دەبات لە بەغداش پارتی ناچار دەكا پۆستی سەرۆكی كۆماری بداتەوە لە بەرامبەر ئەوەی بەژداری لە هەڵبژاردن بكات. هەروەها یەكێتی كار بۆ ئەوەش دەكات كە دڵنیایی لە پارتی وەربگرێت كە لە سلێمانی و دەڤەری گەرمیان دەست كراوەبێ لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و زیادكردنی دەنگەكانی وەك چۆن لە هەڵبژاردنی عێڕاق لە كەركوك و سلێمانی كردی. ئەگەر پارتی نەرمی بۆ ئەو داوایەنەی یەكێتی نەنواند ئەوە بە دڵنیایەوە یەكێتی پەنا بۆ فراكسیۆنەكانی پەڕلەمان دەبا چونكە دڵنیایە جگە لە گۆڕان  یەكگرتوو و كۆمەڵیش پاڵپشتی دەكەن".

لەسەر ئەوەی پێشتر هندێك لەلایەنەكان دوای هەڵوەشانەوەی حكومەت و دامەزراندنی حكومەتی رزگاری دەكرد و ئێستاش دەخوازن حكومەت لەكارەكانی خۆی بەردەوامبێت حاجی ئاماژەیی بەوەدا" بانگەشەكردن بۆ دامەزراندنی حكومەتی ئینقاز و هەڵوەشاندنەوەی ئەو حكومەتە و هەموو ئەو دروشمانەی لە دوای خیانەتی شازدەی ئۆكتۆبەر بەرزكرانەوە،درێژكراوەی ئەو هەولانە بوون كە وەدی هێنانای ئامانجەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بوون ئەویش هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان بوو. ئەو هێزگەلەی لە بەرامبەر خیانەتەكە بێدەنگ بوون, بوونە بەشێك لە گووتاری بەغدا لە دژی هەرێمی كوردستان هەمان ئەو داوایەیان دەكرد كە عەبادی وەك هەڕەشە لە دژی خەڵكی كوردستان هەموو رۆژێك دووبارەی دەكردنەوە.تەنانەت ئەوانەی لە حكومەت و پرسی ڕیفراندۆم هاوبەش و هاوڕا بوون حكومەتیان بەجێهێشت و چوونە پاڵ ئەو لایەنانە، ئەوان وایان دەزانی حكومەتی هەرێم و پارتی كۆتاییان هاتووە بۆیە چی دیكە گرەویان لە سەر ناكەن چوونكە دەرچوو لەلایەن ئەو حیزبانە سیاسەت بریتیە لە گرەو كردن لە سەر لایەنی سەركەوتوو نەك دروست كردنی زەمینە و كاركردن بۆ ئەوەی بەخۆیان ببنە كارەكتەری سەركەوتوو". ئاشكراشی كرد" هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن جگە لەوەی گەورەترین زەڕبەیە لە پرۆسەی دیموكراسیە نەرسكاوەكەی هەرێمی دەدەن، درێژكراوەی هەمان ئەو هەوڵانەشە كە دوای شازدەی ئۆكتۆبەر لە دژی دامەزراوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان وەگڕخرابوون". روونیشیكردوە ئەگەر حیزبەكان بتوانن هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن لە ڕێگای پەڕلەمانەوە بدەن و بتوانن پڕۆژە یاساكە تێبپەڕێنن كە بە گوێرەی زانیاریەكانی نابراو پڕۆژە یاسایەكەیان دوو هەفتە زیاترە ئامادە كردووە و لە پەڕلەمانیش لە نێوان فراكسیۆنەكان كاری لە سەر كراوە، ئەگەر ئەوە بكرێ و تێیدا سەركەوتوو بن پارتی ناچارە پابەند بێت بەم بڕیاری پەڕلەمان." چونكە پێچەوانەی ئەوە كوردستان دەكەوێتە دۆخێكی نەخوازراوە، لە نێو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كەسانێك هەن كە هێز و پارەیان هەیە كار بۆ زیاتر لێكترازانی ناو ماڵی كوردستانی دەكەن و ئەوان هەر شتێكیان بە دڵ نەبێت هەڕەشەی دوو ئیدارەیی و هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ دەكەن. پارتی ئەگەر لە نێوان ئەو دووبژاردەیە دابنێی، شەڕی ناوخۆ یان نەكردنی هەڵبژاردن بە دڵنیایەوە نەكردنی هەڵبژاردنی لا پەسندترە،چونكە لە دەستدانی شتێك باشترە لە لەدەستدانی هەمووی.ئەوەی دیارە  پارتی بە هەموو توانایەوە هەوڵدەدات هەڵبژاردن لە كاتی خۆی بكرێ، ئەوەش لەو سۆنگەیەوە نییە وەك هەندێك دەڵێن پارتی داشی سوارە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هەڵبژاردن ئەوانەی دیكە پەراوێز بخات، پارتی لە یەكەمین هەڵبژاردنەوە لە سالی 1992 تا ئێستا بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەرئەنجامەكانی هەڵبژرادن نەكردووە، لە ساڵی ١٩٩٢ كورسیەكی خۆی دا یەكێتی نیشتیمانی و لە مافی خۆی خۆش بوو تەنها بۆ ئەوەی كوردستان لە شەڕ دووربخاتەوە، لە هەڵبژاردنەكانی دیكەش بینیمان پارتی كە هەموو جار براوەی یەكەم بووە بە جیاوازیەكی زۆر لەگەڵ ئەوانەی دیكە بەڵام هەموو جار دەستپێشخەر بووە كە هەموو پێكەوە بەشداربن لە بەڕێوەبردنی وڵات و خزمەتكردنی, سووربوونی پارتی بە ڕای من بۆ ئەوەیە كە چیتر درێژكردنەوەی تەمەنی پەڕلەمان و حكومەت نەبێتە مۆدێل و لە هەر كات و دەمێك لایەنێك شتێكی بە دڵ نەبوو پەنای بۆببات، بەداخەوە مەسەلەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەڕلەمان و حكومەت یەكێكە لە دەرهاوێشتەكان شەڕی ناوخۆ كە پێویستە هەوڵی سرینەوەی بدەین نەك تۆختركردنی".

لە كۆتایی قسەكانیشی ئاسۆ حاجی باسی بەكارهێنانی دەستەواژەی بایكۆت كردو گووتی" بەر كارهێنانی ئەم دەستەوتژەیە بەڕای من لە جێی خۆیدا نییە باشترە بڵێن بەشداری ناكەین ئەو كات دەبێتە حالەتێكی ئاسایی چونكە هەر حیزب و قەوارەیەك بڕیاریان لە دەستەخۆیاندایە و ڕەنگە زروفی زاتی و مەوزوعییان لە بار نەبێت بۆ بەشداری كردن. بەڵام بە بەكار‌هێنانی دەستواژەی بایكۆت هەوڵبدەی نیشانەی پرسیاری بخەیە سەر پڕۆسەكە بە ڕای من كارێكی خراپ و دژ بە پێگیریە ئەخلاقییەكانە كە هەر لایەن و كەسێك بەرامبەر میللەت و نیشتیمانی خۆی پێویستە هەی بێت.ئەوانەی بڕیاری بایكۆتیان داوە تا ئیستا دوو لایەنن حیزبی زەحمەتكێشان كە لە دوو جاری ڕابردوو بە دروست كردنی هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبی دیكە نەیانتوانی كورسیەك ببەنەوە،هەروەها هاوپەیمانێتیەكەی دكتۆر بەرهەم ساڵحە كە بینیمان لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق توشی شكستێكی گەورە بوو چ بۆ خۆی و چ بە هاوپەیمانێتیەكەی، هەروەها ڕەنگە ئەوەی دكتۆر بەرهەم هۆكارێكی دیكەشی هەبی ئەویش ڕێكەووتنە لە گەڵ ماڵی مام جەلال كە لە ژێر سێبەری ئەوان و بە پیرۆزی هێرۆ خان و پاڵپشتی بافێل بكرێتە سەرۆك كۆماری عێڕاق. ئەوانەی ئەو بڕیارەیان داوە بڕوا ناكەم كاریگەریەكی ئەوتۆیان لە سەر بڕیاری سیاسی كوردستان هەبێت، بەبۆچوونی من پارتی و یەكێتی ئەو پرسانە یەكلایی دەكەنەوە ئەگەر ئەوان بگەنە جۆرێك لە لێك تێگەیشتن دەربارەی بەغدا هەروەها قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكانی كوردستان ئەوە هەڵبژاردنەكە دەكرێ ئەگەرنا پێچەوانەكەی دەبێ".