Share on facebook
حزب و لایەنەكان: دەبێت هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆیدا بكرێت
دووشەممە, 10 ئەیلول 2018 21:41


ئا: ڕائیب شێروانی
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی دیاركرد، ئەگەر ئەمجارە هەڵبژاردن دوا بخرێت، خەڵك متمانەی بە حكوومەت و لایەنەكان نامێنێت، بۆیە وەكو بەرەی توركمانی پێمان باشە هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆیدا بكرێت. لەلایەن خۆیەوە ئەندامێكی سەركردایەتی حزبی سوشیالیست دیموكراتی كوردستان دەڵێ، كاتێك حكوومەتی هەرێم بڕیاری دا 30ی ئەیلوول هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، هەموو حزبەكان ئامادەكاریان كرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ هەندێك حزبی سیاسی، كە ئەجندای وڵاتانی ناوچەكە جێبەجێ دەكەن، هەوڵدەدەن هەڵبژاردن نەكرێت و دوابخرێت، بەڵام ئێمە وەكو حزبی سوشیالیست لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت.
ئایدن مەعروف، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو بەرەیە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" پەرلەمان دەزگایەكی تەشریعی و یاسادانانی گرنگە، هەڵبژاردن پرۆسەیەكی دیموكراسییە، وەكو بەرەی توركمانی پێمان باشە هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆیدا بكرێت، چونكە جارێك دواخراوە، ئەگەر جارێكی دیكەش دوابخرێت، كاریگەری لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆیە لەگەڵ ئەوەین لە كاتی خۆیدا بكرێت و، نابێت گفتوگۆ لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بكرێت، چونكە ئەگەر ئەمجارە دوا بخرێت، خەڵك متمانەی بە حكوومەت و لایەنەكان نامێنێت، بۆیە پێویست دەكات هەر چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن بكرێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان پشتگیری لەوە بكەن كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، نەك دوابخرێت، چونكە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە.
مەعروف، گوتیشی:" هەر لایەك ئازادە چۆن و بەچ شێوەیەك داوا بكات هەڵبژاردن بكرێت، یان دوابخرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە لە هیچ وڵاتێك هەڵبژاردن پەیوەندی بە لایەنە سیاسییەكانەوە نیە، لایەنە سیاسییەكان بڕیار نادەن لەسەر كاتی هەڵبژاردن، بەڵكو ئەوە كاری حكوومەت و پەرلەمان و كۆمیسیۆنە و ئەوان بڕیار دەدەن.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی ئاماژەی بەوەش كرد:" ڕەوشی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە و دەبێت حكوومەتێكی نیشتمانی كە هەموو لایەنەكان و پێكهاتەكان لەسەر ڕازی بن پێك بێت، ئەگەر متمانە هەبێت لایەنەكان دەگەنە ڕێككەوتن، بەڵام وەكو ئێستا دەبینین زۆر زەحمەتە لایەنەكان وا بە ئاسانی بگەنە ڕێككەوتن، بۆ لایەنە كوردستانییەكانیش زۆر گرنگە لە بەغدا یەكڕیز بن و وتارێكی یەكگرتوویان هەبێت، بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكانیش دەبێت ئەو ناوچانە بە تەوافق و بە ڕێككەوتن بەڕێوەببرێن، چونكە شەڕ چارەسەر نیە بۆ چارەكردنی ڕەوشی ئەو ناوچانە، دەبێت هێزی هاوبەش پێك بهێنرێت و بە هاوبەشی ئەو ناوچانە بەڕێوەببرێن.
ئایدن مەعروف، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو بەرەیە لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دركاند:" رەنگە پەرلەمانی كوردستان لەم هەفتەیەدا كۆببێتەوە، ئەو پرۆژانەی لە ماوەی رابردوودا پەسەند كران، هەموویان گرنگ بوون و لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا بوون، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە پرۆژەی چاكسازی بووە قوربانی لایەنە سیاسییەكان و، لایەنەكان بۆ موزایەدەی سیاسی بەكاریان هێنا، هەر لەبەر ئەوەش تا ئێستا پەسەند نەكراوە.
لەلایەكی دیكەوە موسلیح ڕەجەب، ئەندامی سەركردایەتی حزبی سوشیالیست دیموكراتی كوردستان بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی روونیكردەوە:" كاتێك حكوومەتی هەرێم بڕیار لەسەر شتێك دەدات دەبێت لایەنەكان پێوە پابەند بن، كاتێك حكوومەتی هەرێم بڕیاری دا 30ی ئەیلوول هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، هەموو حزبەكان ئامادەكاریان كرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ هەندێك حزبی سیاسی، كە ئەجندای وڵاتانی ناوچەكە جێبەجێ دەكەن، هەوڵدەدەن هەڵبژاردن نەكرێت و دوابخرێت، بەڵام ئێمە وەكو حزبی سوشیالیست لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆیدا بكرێت، گەلی كوردستان بڕیاری خۆی بدات.
دەشڵێ:" ئەوانەی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن لە دەنگی خەڵك دەترسن و ترسیان لەوە هەیە، بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان كە ئێستا 24 كورسی هەیە، ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت 10 كورسی ناهێنەوە، چونكە ئەو حزبانەی پێشتر بەڵێنیان بە خەڵكی كوردستانیاندا كە چوار ساڵی ئارامی و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان بەدی دەهێنن، بەڵام جگە لە بەڵێن هیچ شتی دیكەیان نەكرد، جگە لەوەی دووبەرەكیان خستە ناو لایەنەكان و خەڵكی كوردستان، ئەوانە هەموو هۆكارن كە ئەوان داوای دواخستنی هەڵبژاردن بكەن.
موسلیح ڕەجەب، ئاماژەی بەوەشكرد:" دەبێت كورد بە یەكڕیزی بچێتە بەغدا، ئەگەر ئێمە لەناوخۆماندا یەكڕیز نەبین ئەوە كێشەی خۆمانە، بەڵام دەبێت كورد لە بەغدا یەكڕیزی خۆی بپارێزێت و لەو بەرەیە نزیك بێت كە داواكارییەكانی جێبەجێ دەكات و پابەند دەبێت بە دەستوورەوە، چونكە جێبەجێ كردنی دەستوور لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندایە و زۆربەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە دەبن، لێرەشدا یان دەبێت حكوومەتی عێراق پابەندی دەستوور بێت و مافەكانی خەڵكی كوردستان دابین بكات، یان سنووری ئێمە و ئەوان حەمرینە و دەبێت خۆمان لە عێراق جیا بكەینەوە".