Share on facebook
د. ناسر هەركی: تا 15ی مانگ دەرفەت لەبەردەم لایەنەكان ماوە تا بگەنە ڕێككەوتن
دووشەممە, 10 ئەیلول 2018 21:46


چاوپێكەوتن- ڕائیب شێروانی
د. ناسر هەركی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی روونیكردەوە،  تا 15ی مانگ، دەرفەت لەبەردەم لایەنەكان ماوە تا بگەنە ڕێككەوتن، بۆ ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكانی دیكە هەڵبژێرن، ئەگەر تا ئەو كاتە لایەنەكان نەگەنە رێككەوتن دادگای فیدڕالی پرسی كوتلەی گەورە یەكلا دەكاتەوە. دەشڵێ، كورد بە یەكڕیزی دەتوانێت بە مافە ڕەواكانی خۆی بگات و ئەو مافانەی لە دەستووردا هاتوونە بەدەست بهێنێت، هەر دوو بەرەی شیعە هەر كام لەم دووبەرەیە مافەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكات و بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ كورد بكات، كورد خۆی لەو بەرەیە نزیك دەكاتەوە.
كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تا ١٥ی مانگ بە كراوەیی ماوەتەوە، بۆ ئەوەی لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن، بەهۆی نەبوونی ڕێككەوتن لە نێوان لایەنەكاندا نەتوانرا دەستەی نوێی سەرۆكایەتی دیاری بكرێت، فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش دەنگیاندا بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی بمینێتەوە، چونكە ناكرێت بەبێ بوونی ڕێككەوتن دەستەی سەرۆكایەتی دیاری بكرێت.
د. ناسر هەركی، دەڵێ:" پەرلەمان یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خوارد، پێویست بوو بەپێی ماددەی 55 لە یەكەم كۆبوونەوەدا دەستەی سەرۆكایەتی بۆ پەرلەمان دیاری كرابایە، بەڵام لایەنەكان نەگەیشتنە ڕێككەوتن، بۆیە كۆبوونەوە بە كراوەیی مایەوە تا 15ی مانگ، تا ئەو كاتە دەرفەت لەبەردەم لایەنەكان ماوە تا بگەنە ڕێككەوتن بۆ ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكانی دیكە هەڵبژێرن، ئەگەر تا ئەو كاتە لایەنەكان نەگەنە رێككەوتن دادگای فیدڕالی پرسی كوتلەی گەورە یەكلا دەكاتەوە.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەشڵێ:"یەكڕیزی هۆكاری سەرەكییە كە كورد بتوانێت بە مافە ڕەواكانی خۆی بگات و ئەو مافانەی لە دەستووردا هاتوونە بەدەست بهێنێت، عێراق چەند یەكگرتوو بێت و یەكڕیزی لەنێو لایەنەكاندا هەبێت بۆ هەموو لایەن و پێكهاتەكان باشترە، بەڵام بڕوایان بە دیموكراسی و دەستووری عێراقیان هەبێت، ئەوە بۆ كوردیش باشە، بەڵام ئەگەر بیر لەوە بكەنەوە، ئەوەی بۆ خۆیان پێ خۆشە لەناو دەستووردا جێبەجێ بكەن و ئەوەی لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە جێبەجێ نەكەن، ئەوە بە خراپ لەسەر ئەوان دەشكێتەوە، چونكە ئەو رۆژە چوو كە ئەوان یەكبگرن و دژی هەرێمی كوردستان بوەستنەوە.
د. ناسر هەركی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران زیاتر دەڵێ:" ئێستا كورد زۆربەی یەكدەنگ و یەكڕیزە، پارتی و یەكێتی كە پێكەوە 43 كورسیان هەیە، پرۆژەیەكیان پێشكەش كردووە و دراوەتە هەر دوو بەرەی شیعە، هەر لایەنێك مافەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكات و بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ كورد بكات و داواكارییەكانی كورد جێبەجێ بكات، خۆی لەو بەرەیە نزیك دەكاتەوە.
ئەندامەكەی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكراشی كرد:" حكوومەتی عێراق بەبێ شیعە و سوننە و كورد پێك ناهێت، هەر پێكهاتەیەك لەوانە دووربخرێتەوە لە پرۆسەی سیاسیی و لەناو حكوومەتدا نەبێت، ئەو حكوومەتە تەمەنی درێژ نابێت و زوو دەڕووخێت.
هەركی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: هۆكاری سەرەكی خۆپیشاندانەكانی بەسرە، ئەو ئیدارە خراپەی ناوچەكە بەڕێوەدەبات، وەكو پێویست كارەكانی خۆی ناكات، خەڵك لە سەرەتاترین خزمەتگوزاری بێبەشكراوە، پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش نەبن، خەڵك ناچارە خۆپیشاندان بكات و داوای مافی خۆی بكات، لەگەڵ ئەوەی لەناو بەسرە چەند لایەنێك هەن دژی یەكدی كار دەكەن و ئەوەندەی خەریكی بەرژەوەندی خۆیانن، ئەوەندە بەرژەوەندی خەڵكی ناوچەكەیان پێ گرنگ نیە، بۆیە ڕەنگە خۆپیشاندان دژی لایەنێكی دیاریكراویش بێت، نەك هەر بەسرە، بەڵكو زۆربەی پارێزگاكانی عێراق بە دەست نەبوونی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەناڵێنن، بۆیە خەڵك نە هەر لە بەسرە بەڵكو لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق ناڕازین، ئەگەر پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دابین نەكرێن، خەڵك لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق خۆپیشاندان دەكەن و دژی حكوومەت دەوەستنەوە".