Share on facebook
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان : لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵ ملیۆنێك و 310 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان
دووشەممە, 10 ئەیلول 2018 21:53


دیدار- ڕائیب شێروانی
نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ، ئەمساڵ رێژەی گەشتیاران زۆر زیادی كردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵ ملیۆنێك و 310 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، ئامانجی سەرەكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانە كە بتوانین تا كۆتایی ساڵ ژمارەی گەشتیاران بگەیەنینە زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو گەشتیار، بەپێی كاركردن و پلانەكانی ئێمەش لەم ژمارەیە زیاتر دەبێت و تێدەپەڕێت.
نادر رۆستی، روونیكردەوە:" ئەمساڵ رێژەی گەشتیاران زۆر زیادی كردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو لە 6 مانگی یەكەم كە رامانگەیاند، ملیۆنێك و 310 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، هەر شەش مانگ جارێك ئامار رادەگەیەنین، تا بتوانین بەراورد بكەین لەگەڵ ساڵی رابردوو، لە جەژنی قوربانیش كە ئامارەكەمان راگەیاندن 349 هەزار گەشتیار لە ماوەی 10 رۆژدا هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، هەر دوو ژمارەكە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی كردووە، هۆكاری سەرەكیش بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە، لەوانە بارودۆخ بە شێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان بەرەو باشی دەڕوات، لە هەموو رووێكەوە، هەتا لە رووی ئەمن و ئاسایشەوە، هەروەها ئەو پلانەی وەكو دەستە بەردەوام كاری لەسەر دەكەین، دەچێتە واری جێبەجێ كردن، كە ئەمەشیان زۆر گرنگە، كاریگەری خۆی دەبێت، بەتایبەتی لە پەیوەندی كردنی ئێمە بە كۆمپانیاكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئەو ریكلامانی ئێمە لە سۆشیال میدیا و ناساندنی شوێنە گەشتیارییەكان و ئەو چالاكیانەی ئێمە دەكەین، ئەوانەش كاریگەری خۆیان هەبووە، چونكە لە پەیجی عەرەبی دەستەی گەشتوگوزار ژمارەیەكی زۆر سەردانی كەرمان هەیە و بەردەوامیش لەوێ ریكلام دەكەین بۆ شوێنە گەشتیارییەكان هەروەها زیادبوونی ناساندنی ناوچەی نوێی گەشتیاری لە كوردستان، چونكە بەشێك لە گەشتیاران كە دەزانن شوێنی نوێ هەیە، چەند جارێكی دێنەوە، كە گەشتیار بەردەوام حەزی لە شوێنی نوێ هەیە، ئەمانە هەموو هۆكارن كە دەبنە هۆی زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران، لەسەرووی هەمووشیانەوە بەرقراربوونی ئەمن و ئاسایش لە هەرێمی كوردستان و بەرەو باشبوونی بارودۆخی هەرێم لەسەرجەم رووەكانەوە، چونكە پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دیكە هۆكارە كە ژمارەی گەشتیاران رۆژ بۆ رۆژ روو لە زیاد بوون بكات، ئامانجی سەرەكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستانە كە بتوانین تا كۆتایی ساڵ ژمارەی گەشتیاران بگەیەنینە زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو گەشتیار، بەپێی كاركردن و پلانەكانی ئێمەش لەم ژمارەیە زیاتر دەبێت و تێدەپەڕێت.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەش كرد:" گەشتیاران سەردانی هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، بە ژمارەیەكی كەم هەندێك جیاوازی لێرەو لەوێ هەیە، بەڵام بەردەوام هەروا بووە، ژمارەی گەشتیاران بۆ پارێزگای هەولێر زۆرتر بووە، بەتایبەتی دوای كردنەوەی رێگەی كەركووك- هەولێر كە كاریگەری خۆی هەبووە، ژمارەی گەشتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر بەرزبۆتەوە.
نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، ئاشكراشی كرد:" بەپێی ئەو پلانەی كە دەستەی گەشتوگوزار دایناوە، كە پلانی AوBوCـیە، لە هەرێمی كوردستان و ناوەی عێراق كاری لەسەر دەكەین و لە قۆناغی یەكەمە، پلانی A ناوەی هەرێم و عێراق دەگرێتەوە، پلانی B دەوروبەری هەرێمی كوردستان و وڵاتانی عەرەبی دەگرێتەوە، پلانی C وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا دەگرێتەوە، لە پلانی A سەركەوتنێكی باشمان بە دەست هێناوە، لە پلانی B و  Cهەوڵدەدەین سەركەوتن بەدەست بهێنین، بەڵام ئەو دوو پلانە زیاتر پەیوەندیان بە بارودۆخی گشتی عێراقەوە هەیە، هەر چەندە بارودۆخكە بەرەو باشتر بچێت، دەتوانین ئەو دوو پلانە جێبەجێ بكەین، لە پاش ساڵی 2014 گەشتیاری بیانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان تۆڕابوو لەبەر شەڕی داعش و تەقینەوە، بەتایبەتی كە هەندێك وڵات بڕیاریان دابوو كە گەشتیارانی سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان نەكەن، چونكە وەكو ناوچەیەكی نا ئارامیان ناساندبوو، بەڵام لێرە بە دواوە كە بارودۆخەكە ئاسای بۆتەوە ئەوەش وا دەكات كە گەشتیارانی بیانی رۆژ بۆ رۆژ ژمارەیان زیاتر ببێت.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، زیاتر گوتی:" لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی زیاتر لە 3 هەزار شوێنی گەشتیاری هەن، لەگەڵ هۆتێل و مۆتێل و ریستورانت، وەكو هۆتێل زیاتر لە 620 هۆتێل و زیاتر لە 300 مۆتێل هەیە، زیاتر لە 90 گوندی گەشتیاری هەیە، جگە لەوەی 1800 ریستورانت هەن، زیاتر لە 170 شوێنی سرووشتی هەیە، وەكو تاڤگە و هاوین هەوار و گەشتوگوزاری ژینگەیی و ئەشكەوت و هەندێك شوێنەوار، بەس ئەو شوێنەوارانەی بۆ گەشتیاران شیاون و گەشتیاران دەتوانن سەردانی بكەن، نزیكەی 40 شوێن دەبن، ئەگەرنا لە هەرێمی كوردستان بەس شوێنی شوێنەواری ڕەنگە زیاتر لە 3500 شوێن هەبن.
نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، ئەوەشی دركاند:" بەردەوام هاووڵاتیانی خۆمان ڕێنمایی دەكەین كە بە روویەكی گەش بە مامەلەیەكی شارستانیانە پێشوازی لە گەشتیاران بكەن، چونكە گەشتیار چەند شتێكی بەلاوە گرنگە، یەكەم گران نەكردنی كەلوپەل لە شوێنە گەشتیارەكان و شتەكان بە گرانی نەفرۆشنەوە، هەروەها بە شێوەیەكی جوان میوانداری گەشتیار بكرێت، چونكە ئەوانە دەبنە هۆكار كە گەشتیار زۆرترین جار سەردانی ئەو شوێنە بكات، سەرەڕای ئەوەی داوا لە هاووڵاتیان و خاوەنی هۆتێل و ریستورانتەكان دەكەین پاكوخاوێنی ئەو شوێنانە و شوێنە گەشتیارییەكان بپارێزن، چونكە هەر شوێنێك خاوێن بێت گەشتیار زۆرتر رووی تێ دەكات، بە پێچەوانەوە وا دەكات كە گەشتیار جارێكی دیكە روو لەو شوێنە نەكاتەوە".