Share on facebook
بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران : چاومان لە بردنەوەی پەنجا كۆ یەكی كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستانە
دووشەممە, 17 ئەیلول 2018 20:37

چاوپێكەوتن- ڕائیب شێروانی

عەلی عەونی، بەرپرسی لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سۆران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ، چاومان لە بردنەوەی 50 +1 كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستانە تاكو كوردستان لەو فەوزا و ئالۆزیە ڕزگار بێت، خەڵك دەزانێت ئەگەر پارتی و سەرۆك بارزانی نەبووایە ئێستا كێ حوكمی لە هەولێر دەكرد. روونیشیكردەوە، پارتی چاوی لەوەیە كە گەلی كوردستان پاداشتی بداتەوە، چونكە خەڵك باش دەزانێت ئەگەر پارتی و سەرۆك بارزانی نەبووایە ئێستا كێ حوكمی لە هەولێر دەكرد.

عەلی عەونی، روونیكردەوە:" لە سنووری لقی 10 دەستمان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە، لە سۆران و قەزاكانی مێرگەسۆر و رواندز رۆژانە كۆڕ و كۆبوونەوە ئەنجام دەدەین و كاندیدەكانی خۆمان دەناسێنین، هەروەها رۆژانە دەگەڕێین و ئەوەی پێویست بێت دەكەین و بەپێی ئەو بەرنامەی كە داماناوە بانگەشە دەكەین، لەگەڵ ئەوەی ئاهەنگێكی گەورە لە سۆران دەكەین، بەڵام تا ئێستا رۆژەكەی دیار نیە، داواش لە خەڵكی خۆمان نەك لە سنووری لقی 10 بەڵكو لە خەڵكی هەموو كوردستان دەكەین، هەموو پێكەوە رۆژی دەنگدان روو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی بدەن.

بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران گوتیشی:" خەڵكی سۆران هیچ كاتێك كەمتەرخەمیان نەكردووە و رۆژی هەڵبژاردن روویان لە سندووقەكانی دەنگدان كردووە و دەنگیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان داوە، ئەمجارەش زیاتر لە جارەكانی دیكە و بە گوڕ و تینەوە روو لە سندووقەكانی دەكەن و دەنگی بە لیستی ژمارە 183 دەدەن.

عەلی عەونی، بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران ئەوەشی گوت:" پارتی چاوی لەوەیە كە گەلی كوردستان پاداشتی پارتی بداتەوە، كە پارتی شەڕی داعش و حەشدی شەعبی كرد، گەلی كوردستان دەزانێت كێ بەرگری لە ئەوان دەكات و مافەكانی ئەوان بەدەست دەهێنێت و كێن ئەوانەی بەس موزایەدە دەكەن، گەلی كورد دەزانێت كێ راستگۆیە و كێ راستگۆ نیە، ئەوە لە رۆژی دەنگدان بەدەردەكەوێت.

بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران ئاشكراشی كرد:" تموحی پارتی ئەوەیە كە 50+1 كورسیەكانی پەرلەمان مسۆگەر بكات، تاكو كوردستان لەو فەوزا و ئالۆزیە ڕزگار بێت، هەموو هەوڵێكیش بۆ ئەوە دەدەین، بێگومان پارتی حزبی یەكەمە و كورسییەكانیش زیاد دەبن و دەنگەكانیشی زیاتر دەبن، بەڵام دەمانەوێت زۆر زیاد بكەین، ئەوەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە ئەو ئیدارەی كە پارتی دەكات، خەڵك بەراورد دەكات لەگەڵ ئەو ئیدارەی كە سلێمانی بەڕێوەدەبات، ئەو فەوزا و ئالۆزیەی كە لەو ناوچەیە هەیە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان نین، لەبەرامبەردا لە سنووری پارتی بەردەوام خزمەتگوزارییەكان پێشكەش دەكرێن، گەلی كوردستان ئەوەی لەبەرچاو گرتووە، دووەم ئەو بەرگرییەی كە پارتی لە گەلی كوردستان دەكات، خەڵك دەزانێت ئەگەر پارتی و سەرۆك بارزانی نەبووایە ئێستا كێ حوكمی لە هەولێر دەكرد، ئێستا كێ حوكم لە كەركووك دەكات، ئەگەر پارتی نەبووایە حەسەن پلایس و ئەبو فەزل جەرنەفیس لە هەولێر حوكمیان دەكرد، بۆیە خەڵك باش دەزانێت كە كێ بەرگری لە ئەوان دەكات و كێ كار بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی ئەوان دەكات.

لە كۆتاییدا عەلی عەونی، بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد:" پارتی دەتوانێن كوردستان بەهێز بخات، پارتی گەلی كوردستان لە خەونی سەربەخۆیی نزیك دەكاتەوە، پارتی هەوڵی دا كوردستان دەستووری خۆی هەبێت، ئەوە حزبەكانی دیكە بوونە ڕێگر و رێگەیان نەدا كوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، پارتی هەوڵی دا كێشەكان لەگەڵ عێراق چارە بكات، مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكات، نەك دوو وەزیری لە بەغدا هەبن، خەڵك هەموو ئەوەی لە بیرە، بۆیە دەنگ بە پارتی دەدەن، ئەمە لە كاتێكدایە هەندێك لایەن حەزناكەن كوردستان بەهێز بێت، هەندێك لایەن دەیانگوتە عەبادی وەرە دوو مووچەمان بدەرێ و ئێمە سەربەخۆیی مان ناوێت و كوردستان داگیر بكە، ئەگەر پارتی بەهێز بێت كوردستان بەهێز دەبێت، پارتی لێ ناگەڕێ گەلی كوردستان هەست بە بچووكی و لاوازی بەرامبەر بە دوژمن بكات".