Share on facebook
سەفین دزەیی: دۆخی ئابووری بەرەو باشتر دەڕوات و هەوڵدەدەین پاشەكەوت نەهێڵین
دووشەممە, 17 ئەیلول 2018 20:44


سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە، هەرێمی كوردستان كادیر و ئەندامانی هەردوو حزبی دیموكرات رادەستی حكومەتی ئێران بكاتەوە. روونیشیكردەوە، باری ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو باشتربوون دەچێت، ئامانجی حكومەتیش ئەوەیە پاشەكەوت نەمێنێت و پڕۆژەكان دەستپێبكەنەوە.
رۆژی 8/9/2018 كۆماری ئیسلامی ئێران بارەگای سەرەكی حزبی دیموكراتی كوردستانی لە قەڵای "دیموكرات" و فێرگەی سیاسی و نیزامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی لە شاری كۆیە مووشەكباران كرد و بەو هۆیەوە 15 كەس "شەهید" بوون و زیاتر لە 40 كەسی دیكە بریندار بوون.
لە پاش ئەو رووداوە محەمەد حسێن باقری، سوپاسالاری ئێران داوای لە هەرێمی كوردستان و عێراق كرد، یان ئەندامانی پارتە كوردییەكانی ئێران رادەست بكەنەوە یان رێگەیان نەدەن لەناو خاكی ئەواندا بمێننەوە.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێویستە میدیاكاران هاوكاربن لەبەر چی هەرێمی كوردستان گەیشتە ئەو قۆناخە و لەبەر چ ئەو قەیرانە داراییە دروستبوو. هۆكارەكان زۆرن، بەڵام خەریكە بەشێكی باش لەو هۆكارانە نامێنن، باری ئابووری هەرێمی كوردستان بەرەو باشتربوون دەچێت، لە مانگی 3وە تاوەكو ئێستا مانگانە 30 رۆژ جارێك مووچە دەدرێت. هاوكات ئەو كۆمپانیایانەی پێشتر دەستیان لە كارەكانیان هەڵگرتبوو، بەتایبەتی كۆمپانیا بیناییەكان لە بواری وزە، بەشی هەرە زۆریان گەڕاونەتەوە، نەك كارەكانی پێشوویان دەكەن بەڵكو ئێستا كاری زیاتریش دەكەن. بەهەمانشێوە كۆمپانیا خۆماڵییەكانیش خەریكە ئەو متمانەیەی بە حكومەت و بەو پڕۆژانەی لەلایەن حكومەتەوە پاڵپشتیدەكرێت، دووبارە دەستبەكاردەبنەوە، بەتایبەتی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، بەشێك لەو كۆمپانیا خۆماڵییانە بەشێوازی قەرز پڕۆژەكانیان ئەنجامدەدەن، ئەوەش دەلالەتی ئەوەیە كە متمانەی تەواویان بە حكومەتەكەیان هەیە، كە لە داهاتوودا ئەو قەرزانە دەدرێنەوە".
لەبارەی لابردنی یەكجارەكی پاشەكەوتی مووچە، گوتەبێژی حكومەت رایگەیاند: "راستە تاوەكو ئێستا كێشەی پاشەكەوتی مووچە ماوە، بەڵام ئەگەر بەراوردی بكەین دەبینین بە رێژەیەكی بەرچاو دەستكاریكراوە. هەر بڕێك لە داهات زیاتر بێت و ئەو بڕە پارەی بەغدا بەردەوامبێت، بێگومان هەموو ئامانجەكە ئەوەیە پاشەكەوت بە یەكجاری نەمێنێت و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان زیادبكرێن. داواكاری هاووڵاتییان لە بواری كارەبا و ئاو و خزمەتگوزاری دیكە، كە پێشتر لە 3 بۆ 4 ساڵی رابردوو تەقریبەن راوەستابوو، خەریكە باشتر ببێت، بێگومان كاتی دەوێت، بەڵام ئەوەی وەكو ئاماژەیە ئێستا ئومێدبەخشە، حكومەتیش بەردەوامدەبێت لە كارەكانی خۆی".
لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە بۆردوومانی ناوچە سنوورییەكان لەلایەن توركیا و ئێرانەوە، سەفین دزەیی دیاركرد: "سەبارەت بە ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ ئێران و توركیا، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە هەڵوێستی ئەوە بووە كە پێویستە خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچانە بە پلەی یەكەم نەبنە ئامانج، بەتایبەتی بەشێكی زۆر لەو گوندانە لەسەرەتاوە هەوڵی ئاوەدانكردنەوەیان درابوو، بەڵام بەداخەوە لەبەر هەبوونی پەكەكە و بەمدواییانە هێزەكانی رۆژهەڵاتیش، كەشوهەوایەك دروستبووە كە ببێتە جێی ململانێ و تەسفیەكردنی حیساباتی ئەو وڵاتانەی دەوروبەر لەگەڵ ئەو هێزانە. بۆیە ئێمە هەمیشە داواكاربووین لەو هێزانە دۆخی كوردستان لەبەرچاوبگرن و بەتایبەتی خەڵكی سڤیل نەبێتە ئامانج، لە هەمان كاتیش نابێت ئەوە ببێتە بیانوو بۆ ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی هەمیشە بەردەوامبن لە تۆپبارانكردن یاخود دەستدرێژیكردنە سەر خاكی هەرێمی كوردستان".
وتەبێژی حكوومەت، ئاماژە بۆ ئەوەش كرد:" هەوڵمان داوە، ئاوادانیان بكەینەوە، بەڵام بە هۆی بوونی پەكەكە و حزبكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەو ناوچانە و بوونی ململانێ نەتوانراوە وەك پێویست كاریان بۆ بكەین، داواش لەو لایەنانە دەكەم، پاساو نەدەنە دەست ئەو وڵاتانە، تا هەرێمی كوردستان نەكەنە ئامانج، وێڕای ئەوە گوتیشی: "هەرچەندە ئەوە نابێتە پاساو تاكو ئەو ووڵاتانە دەسدرێژی بكەنە سەر هەرێم، چونكە لە رێی گفتوگۆوە دەتوانن كێشەكانیان چارەسەر بكەن، نەك بە توندوتیژی".
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە دۆخی ئەو ناوچانەی پێشمەرگەیان لێنەماوە، سەفین دزەیی گوتی :"بەداخەوە دوای رووداوەكانی ساڵی رابردوو، كاتێك پێشمەرگە بەشێك لەو ناوچانەی جێهێشت، سوپای عێراقیش نەیتوانی ئەمن و ئاسایش لەو شوێنانە بەرقەرار بكات، ئێستا ئەو ناوچانە بوونەتە شوێنی تەراتێنی هەندێك لە چەكدارانی داعش، كە پێدەچێت داعش دووبارە لەو ناوچانە خۆی دروستكردبێتەوە، دەستدرێژی دەكاتە سەر گوندەكان و هاووڵاتییان و رۆژانەش دەبینین رووداوی دڵتەزێن روودەدات. بۆیە ئێمە هەمیشە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و لەگەڵ هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریكا باسی ئەوەمان كردووە پێویستە ئالیەتێكی گونجاو هەبێت، میكانیزمێكی سێ لایەنە هەبێت لەنێوان هەرێم و بەغدا و هاوپەیمانان بۆ بنبڕكردنی دووبارە سەرهەڵدانەوە و دروستبوونی داعش لەو ناوچانە، لە هەمان كاتیش پێشكەشكردنی ئاسایش بۆ ئەو دەڤەرانە، ئەو خەڵكانەش بتوانن بگەڕێنەوە شوێنەكانیان، ئەوانەی كە گەڕانەوە ئەمن و ئاسایشیان بەرقەراربكرێت، بەداخەوە تاوەكو ئێستا ئەو پرۆگرامە دەستیپێنەكردووە، هەروەكو بینیتان لە ماوەی رابردوو چەندین جار هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی مەخموور و چەندین دەڤەری دیكە ئۆپەراسیۆنی خۆیان بە هاوكاری هاوپەیمان ئەنجامداوە و سەركەوتنی باشی بەدەستهێناوە، ئێمە لەو باوەڕەداین ئەو ئۆپەراسیۆنانە پێویستە بە هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیمانان زیاتر بكرێت".
سەبارەت بە دۆخی پەنابەرانی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان لە باشووری كوردستان و پرسی گەڕاندنەوەیان بۆ ئێران بۆ شوێنەكانی خۆیان، سەفین دزەیی روونیكردەوە:"ئەوە بەشێوازی ئەوە نییە كە هیچ كەسێك تەسلیم بكرێت، ئەوانە دەمێكە لە سەرەتای هەشتاكانەوە و لە سەردەمی رژێمی عێراق لە هەرێمی كوردستان و لە هەموو عێراق بوونە، چونكە بەشێكی زۆری ئەوانە لەلایەن UNHCR  وەكو پەناهەندە ناسراون، پێویستە رێز لە یاساكانی پەناهەندەیی بگرن و هەرێمی كوردستان بەكارنەهێنن وەكو بنكەیەك و دەستدرێژی بكەنە سەر ئەمن و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ. بەڵام لە هەمان كاتیش لەو باوەڕداین ئەو كێشەیەی كە هەیە بە سەربازی و توندووتیژی و دەستدرێژی سەربازی چارەسەرناكرێت، پێویستە چارەسەرێكی گونجاو هەبێت بۆ ئەو گرفتانە، هەروەكو دەزانن چەند ساڵێك پێش ئێستا پرۆسەیەكی ئاشتی لەنێوان پەكەكە و توركیا هەبوو، ئەوەش بە هاوكاری و پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بوو، هەرچەند نەگەیشتە ئەنجام، بەڵام ئێمە هەمیشە دەبینین كە پێویستە هەوڵ و تەقەڵاكان چڕ بكرێنەوە بۆ ئەوەی بە رێگەی ئاشتییانە گرفتەكان چارەسەر بكرێن، نەك بە رێگەی لەشكری و تووندوتیژی".
لەبارەی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوتی كەركووك، گوتەبێژی حكومەت دركاندی: "راستە لە مانگی یەك لە كۆنفرانسی داڤۆس، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە بەڕێز حەیدەر عەبادی لەوێ بینی، پێشنیازێكی پێشكەشكرد بۆ ئەو 250 بۆ 300 هەزار بەرمیلەی كە جاران لە هەرێمەوە رەوانەی دەرەوە دەكرا، پاش رووداوەكانی ئۆكتۆبەر كەوتووەتە ژێر كۆنترۆڵی بەغدا، دەكرێت بەغدا خۆی لەڕێگەی بۆری هەرێمی كوردستان ئەو نەوتە هەناردەی توركیا بكات و سۆمۆ خۆی سەرپەرشتی فرۆشتنی بكات و ئەو داهاتەش بگەڕێتەوە خەزێنەی عێراق و هەموو عێراق لێی سوودمەند ببێت، ئەوە وەكو پێشنیازێك پێشكەش بە بەغدا كرا، لە سەرەتا پێشوازی لێكرا، بەڵام تاوەكو ئێستا وەكو پێشنیاز ماوەتەوە، بەغدا هیچ بڕیارێكی كۆتایی لەسەر نەداوە.
سەفین دزەیی گوتیشی :"لە مانگی یەكەوە تاوەكو ئێستا بەغدا ئەو 250 بۆ 300 هەزار بەرمیلەی رۆژانە فرۆشتبا، ئەوا نزیكەی پێنج ملیار دۆلار داهات دەبوو بۆ عێراق، لە كاتێكدا عێراق پێویستی بە دۆلارێك هەیە بۆ ئەوەی بەكاری بهێنێت، بەتایبەت بۆ ئەو رووداوانەی بەسرەو شوێنی دیكەش، بەرامبەر بەوەی عێراق كرێی بۆری نەوتەكە بدات، كە ئەویش بۆ كەرتی تایبەتە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە، لە بەرامبەر نزیكەی 250 ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا، بە واتایەكی دیكە لەبری ئەوەی 250 ملیۆن دۆلار خەرجبكەن بۆ ساڵێك زەرەری 5 ملیۆن دۆلاریان لەخۆیانداوە".