Share on facebook
جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق: زۆر زەحمەتە بەیانی پۆستی سەرۆككۆمار یەكلابكرێتەوە
دووشەممە, 24 ئەیلول 2018 20:41


دیدار- ڕائیب شێروانی
بەشیر خەلیل حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" پێویستە كورد لە بەغدا كار بۆ كەمكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەچوارچێوەی دەستووردا بكات و ئەو پەیوەندییە بگەڕێندرێتەوە، كە بەر لە درووستبوونی ناكۆكییەكان لەنێوان هەردوولادا هەبوو، بوونی ئێمە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەركێكە و پێویستە ئەو ئەركە بۆ خزمەتكردنی گەلەكەمان و جێبەجێكردنی دەستوور بەكاربهێنین. روونیشیكردەوە، زۆر زەحمەتە بەیانی پۆستی سەرۆككۆمار یەكلابكرێتەوە، ئۆمێدەوارم پارتی و یەكێتی لەسەر یەك كاندید ڕێك بكەون، بۆ ئەوەی ئێمە وەكو كورد وێنەیەكی جوانتر پیشانی دەرەوە بدەین.
بەشیر خەلیل حەداد، دیاركرد:" 25ی مانگ دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت، بەرنامەی كار دوو خاڵ لە خۆ دەگرێت، خاڵێكیان باس لە پێكهێنانی لیژنەكان دەكرێت، خاڵی دووەمیش پێش ماوەیەك وەفدێك لە پەرلەمان چووە شاری بەسرە بۆ ئاگاداربوون لە پێداویستییەكان و بارودۆخی ئەو شارە، ڕاپۆرتێك ئامادەكراوە و لە پەرلەمان باس دەكرێت و میوانداری هەندێك وەزیری پەیوەندیدار دەكرێت بۆ ئەو مەبەستە، هەر ئەو دوو خاڵە لە بەرنامەی كار دانراون و باوەڕناكەم باسی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار بكرێت، چونكە ئەو ماوەیە تەنیا ماوەی پێشكەشكردنی داواكارییەكانە و ناوەكان پێشكەش دەكرێن، تا 3-10 ئەو كات پۆستی سەرۆككۆمار یەكلادەكرێتەوە، بۆیە باوەڕناكەم 25ی مانگ پۆستی سەرۆككۆمار یەكلابكرێتەوە.
جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گوتیشی:" هەر دەم یەك كاندید باشترە، لەوەی كورد دوو كاندیدی هەبێت، بۆ ئەوەی ئێمە وەكو كورد وێنەیەكی جوانتر پیشانی دەرەوە بدەین، كە كورد یەكگرتوو و یەكڕیزە و یەك كاندیدی هەیە، ئەگەر سێ كاندیدیش هەبێت شتێكی ئاساییە، چونكە هەر تاكێك لەم وڵاتە مافی ئەوەی هەیە خۆ كاندید بكات، بەڵام ئۆمێدەوارم پارتی و یەكێتی یەك كاندیدیان هەبێت و لەسەر یەك كاندید ڕێك بكەون، ئۆمێدیش ماوە كە لەسەر یەك كاندید ڕێكبكەون.
بەشیر خەلیل حەداد، ئەوەشی دركاند:" پێویستە كورد لە بەغدا كار بۆ كەمكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەچوارچێوەی دەستووردا بكات و ئەو پەیوەندییە بگەڕێندرێتەوە، كە بەر لە درووستبوونی ناكۆكییەكان لەنێوان هەردوولادا هەبوو، بوونی ئێمە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەركێكە و پێویستە ئەو ئەركە بۆ خزمەتكردنی گەلەكەمان و جێبەجێكردنی دەستوور بەكاربهێنین.
بەشیر خەلیل حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی گوت:" هۆكاری سەرەكی كە من لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان نەم توانی دەنگی پێویست بهێنم و ببمە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەم دانیشتنە درێژەی كێشا لە كاتژمێر 11ی بەیانی تا 7ی ئێوارە درێژەی هەبوو، نزیكەی 8 كاتژمێر پەرلەمانتاران لە كۆبوونەوەدا بوون، دەنگدانی جێگری دووەم كەوتە كاتژمێر 7ی ئێوارە لەو كاتە بەشێك لە پەرلەمانتاران چوونە دەرەوە و نەگەڕانەوە، دوو كاندیدی دیكەش كە هەر دووكیان كورد بوون، خۆیان هەڵبژارد، ئەوان هەندێك دەنگیان برد، هەندێك دەنگیش بە بەتاڵی خرانە ناو سندووقەكە، بۆیە ئەو دەنگەی كە پێویست بوو بە دەست بهێنم، كە دەبوایە 166 دەنگم بە دەست هێنابایە بەدەستم نەهێنان، ئەوەی تایبەت بێت بە فراكسیۆنە كوردستانییەكان، دڵنیام هەموویان دەنگیان بە من نەداوە، تەنانەت هەندێك لە پەرلەمانتارە كوردەكان وەكو شانازی بۆ خۆیان بڵاوكردەوە كە دەنگمان بە كاندیدی پارتی نەداوە.
جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئاشكراشی كرد:" سەرۆكایەتی پەرلەمان لە سێ كەس پێكهاتووە، سەرۆك و دوو جێگرەكەی، زۆر بڕیار هەن دەبێت پێكەوە بدەین، بۆ نموونە بەرنامەی كار، دەبێت ئاگامان لە بەرنامەی كار بێت كە چی دانراوە و چ یاسایەك گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بۆیە ئەگەر بینیمان یاسایەك دژی گەلی كوردستانە دەتوانین رێگری لێ بكەین و لێ نەگەڕێین بخرێتە بەرنامەی كارەوە، یان گۆڕانكاری لە یاساكەدا بكرێت، پاشان بخرێتە بەرنامەی كارەوە، لە لایەكی دیكەوە دەتوانین پەیوەندی باش لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دروست بكەین، لە بارەی كوردەوە وێنەیەكی جوانی كوردستان پیشان بدەین و كێشەكانی كوردستان بگەیەنین بە خەڵكی دیكە و بڕوا بەو لایەنانە بهێنین كە گەلی كوردستان مایەی كێشە نیە بۆ خەڵكی عێراق، بەڵكو مایەی خۆشگوزەرانییە بۆ هەموو خەڵكی عێراق، هەتا بابەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم كە بە هەڵە لێ تێگەیشتوونە كە دەبێت بڕوایان پێ بهێنین كە ئەوە مافی خەڵكی كوردستانە و ناكرێت بە چاوێكی دیكە تەماشای كوردستان بكرێت، هەتا دەبێت بڕوایان پێ بهێنین كە بۆچی گەلی كوردستان ریفراندۆمی ئەنجامدا، لەبەر ئەوە بوو كە ئەو دەستوورەی خەڵكی عێراق دەنگی پێ داوە، ئەم دەستوورە جێبەجێ نەكراوە، بوودجە و مووچەی كوردستان بڕاوە، ئەوانە هەموو هۆكار بوون كە خەڵكی كوردستان ریفراندۆم ئەنجام بدات، ئەگەرنا دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ كرابایە گەلی كوردستان ریفراندۆمی ئەنجام نەدەدا، بۆیە دەكرێت ئەمانە بگەیەنینە لایەنەكانی دیكە، بۆیە ئەگەر ئێمە لە دەستەی سەرۆكایەتی بین بەشێوەیەكی زووتر و چاكتر ئەو شتانە دەگاتە لایەنەكانی دیكە، ئەوە گرنگی ئەو پۆستەیە، لەلایەكی دیكەوە گرنگی ئەو پۆستە بۆ فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەوەیە كە ئێمە دەتوانین ببینە فاكتەرێكی چاك بۆ لێك نزیككردنەوە و دروستكردنی هاوكاری و یەكڕیزی لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان، كۆیان بكەینەوە و ڕاوێژیان پێ بكەین، كۆدەنگی و یەكدەنگی كورد لە بەغدا دروست بكەین، بۆ ئەوەی بە هەموومان بتوانین ئەو دەنگە بگەیەنین بە سەرووی خۆمان.
لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی سەرۆك بارزانییەوە، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گوتی: ”دوای هەڵبژاردنم وەكو جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران سەرۆك بارزانی پەیوەندی پێوە كردم و پیرۆزبای خۆی لێ كردم، دڵخۆشی خۆشی نیشاندا و هیوای خواست كە ئێمە بتوانین ئەو ئەركانەی كە لەسەرمانە وەكو پێویست بە چاكترین شێوە جێبەجێ بكەین و دڵنیای خۆی دەربڕی كە ئێمە دەتوانین كارەكانی خۆمان بە باشترین شێوە بكەین، داوای كرد كەشوهەوایەكی كوردستانیانە لەوێ دروست بكەین، بۆ ئەوەی ئەو پۆستە ببیتە هۆكاری كۆكردنەوەی هەموو فراكسیۆنەكان، هۆكاری دروستكردنی یەكڕیزی لەنێوان فراكسیۆنەكان، پێی راگەیاندنم كە ئەو شوێنە، شوێنی كوردستانییەكانە، تەنیا موڵكی حزبێك نیە، بۆیە رایگەیاند، دەبێت موڵكی هەموو كوردستان بم، نەك موڵكی تەنیا حزبێك".