Share on facebook
ئیسماعیل ئیبراهیم: كۆمەڵێك پڕۆژە و بەرنامەی خۆمم هەیە و دەمەوێت لە پەرلەمان جێبەجێ بكەم
دووشەممە, 24 ئەیلول 2018 20:49


ئامادەكردن –ڕائیب شێروانی
ئیسماعیل ئیبراهیم، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی رایگەیاند، پلان و بەرنامەی خۆمم هەیە، بۆیە دەمەوێت بچمە پەرلەمان. گوتیشی، باش لە معاناتی پێشمەرگە دەگەم، لە بارەی ژیانیان زۆر باش تێدەگەم، زۆر باشیش دەزانم ناكرێت پێشمەرگە گیانی خۆ بەو وڵاتە ببەخشێت، بەڵام خانووەیەكی نەبێت تێدا بحەسێتەوە و كرێچی بێت، پێویستە لە رووی یاساییەوە كێشەی ئەوانیش چارەسەر بكرێت، بۆیە دەبێت لەو بوارانەدا زەختێكی زۆر بكرێت.
ئیسماعیل ئیبراهیم، گوتی:" پەرلەمان شوێنێكی هەستیارە، ئێستا تۆزێك هەیبەتی شكاوە، بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسییە ناوخۆیە، ئەوە بابەتێكی دیكەیە دەبێت ئەم قۆناغە تێپەڕێنین، بەهۆی ئەزموونی كارم لە كاری راگەیاندن، لە پێشمەرگایەتی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دەمەوێت بچمە پەرلەمانی كوردستان، بێ گومان بێ پلان و بەرنامە نیمە، كۆمەڵێك بەرنامەی خۆم هەیە بۆ لیژنەكانی ناو پەرلەمان، بەتایبەتی لە لیژنەی ڕۆشنبیری و راگەیاندن، كە شارەزایەكی زۆر باشم هەیە و پێموایە دەبێت كار لەسەر یاسای كاری ژمارە 35ی رۆژنامەگەری بكەم كە دەرچووە و لەوێ كۆمەڵێك ماف و ئیمتیازات بۆ رۆژنامەنووس و راگەیاندنكاران دیاری كراوە، پێموایە ئەو یاسایە وەكو پێویست نیە و پێویستە كۆمەڵێك ماددە و بڕگەكانی هەموار بكرێنەوە، لەلایەكی دیكەوە دەربارەی رۆشنبیری پێموایە شێوازی مۆڵەتدات بە سەنتەرەكانی ڕۆشنبیری و ئەو دامەزراوانەی كە كاری رۆشنبیری دەكەن، ئەو یاسایەش پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە، دەبێت تێ بگەین هەر كەس لەو لا هات مەرج نیە باگراوندی رۆشنبیری ئەوەندە بەهێز بێت و بتوانین مۆڵەتی رۆشنبیری بدەینێ، هەویەی رۆشنبیری پێ بخەشین و سەنتەرەكان بكەنەوە، بۆیە پێموایە دەبێت ئەو یاسایە رێكبخرێتەوە، لەبەرامبەر هەموو ئەوانەشدا پێویستە باری دارایی سەنتەرەكان، هەم لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە، هەتا لە رووی خودی رۆشنبیرییەوە گۆڕانكارییەكی تەواویان بۆ بكرێت و ئەوانە هەر هەموویان دەبێت رێكبخرێنەوە، بێگومان بەهۆی ئەوەی كە من پێشمەرگە بوومە، نزیكەی 16 ساڵ پێشمەرگە بوومە و بریندار بوومە و خاوەن شەهیدم زۆر باش لە معاناتی پێشمەرگە دەگەم، زۆر باش تێدەگەم كە پێشمەرگە لە كوێ خەلەلی هەیە، لە بارەی ژیانیان زۆر باش تێدەگەم، زۆر باشیش دەزانم ناكرێت پێشمەرگە گیانی خۆ بەو وڵاتە ببەخشێت، بەڵام خانووەیەكی نەبێت تێدا بحەسێتەوە و كرێچی بێت، پێویستە لە رووی یاساییەوە كێشەی ئەوانیش چارەسەر بكرێت، بۆیە دەبێت لەو بوارانەدا زەختێكی زۆر بكرێت.
ئەو كاندیدەی پارتی گوتیشی:" یەكێك لە خەلەلەكانی شاری سۆران، نەك هەر تەنیا شاری سۆران، دەمەوێت لەسەر دەڤەری سۆران قسە بكەم، ئەو چوار قەزایە بە ناحیە و گوندەكانیەوە بە دەست كۆمەڵێك گیرو گرفت دەناڵێنن كە بە ڕاستی ئەم گیروگرفتانە بەخۆی بۆ حكوومەتی ئێستا مایەی شەرمە، ناحیەكمان هەیە بەناوی ناحیەی وەرتێ، هەتا ئێستا كەناڵی ناوخۆیی نیە، ناتوانن یەك كەناڵی ناوخۆیی ببینن، تا ئێستا هێلی ئینتەرنێت لەو شوێنە وەكو پێویست نیە، ڕەنگە تێچووی چاككردنی كێشەی ئەو خەڵكە لە هەزار و 500 دۆلار تێپەڕ نەكات، شاری سۆران لە رووی تەندرووستییەوە وێرانە، لە رووی وەرزشی، لە رووی خزمەتگوزاری وێرانە، كۆمەڵێك دەموچاو چەندین ساڵە دامودەزگای حكوومیان داگیر كردووە و كە تا سەر مۆخ لەناو شەقام ناشرین بوونە، دەبێت كار لەسەر ئەوە بكەم ئەو دەموچاوانە بگۆڕدرێن، ئەوەش بە یاسا دەبێت، بۆیە بە جددی كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەم، لەناو پەرلەمان كار لەسەر ئەوە دەكەم لۆبی بۆ پەیدا بكەم، هیچ بەرپرسێك، كوڕی هەر كەسێك بێت لە هەر بنەماڵەیەك بێت لە هەر چین و توێژێك بێت زیاتر لە چوار ساڵ بۆی نەبێت بەرێوەبەری هیچ دامودەزگایەكی حكوومی بێت، نەك تەنیا لە شاری سۆران و دەوروبەری، بەڵكو لە هەموو كوردستان بچەسپێنرێ، بوونی گەندەڵییەكی زۆر كە ئێستا لە شەقام هەیە، توڕەیی خەڵك كە ئێستا هەیە پەیوەندی بەوە هەیە كە كەسێك لەسەر كورسی دادەنیشێ و وا دەزانێ كورسی بنەماڵەكەیەتی، ئەوەندەی بۆ خۆ دەوڵەمەند كردن و خزمەتكردنی بنەماڵەی خۆی بەكاردێنێ، كەمتر بۆ خزمەتی شەقام بەكاردێنێ، نموونەش بۆ ئەوە گەلێك زۆرە، لە سۆران فەرمانگە هەیە بەرێوەبەرەكەی زیاتر لە 20 ساڵە بەرێوەبەر بووە، ئێستا گۆڕیویانە و كوڕەكەیان لە شوێنی دانراوە، ئەوە مانای وایە درێژەدانە بە گەندەڵی، درێژەدانە بە كەسی ناشیاو، ناكرێت، كەسێك 20 ساڵ بەڕێوەبەر بێت و كوڕەكەی لە شوێنی دابنرێ، پێویستە خەڵكی شیاو و شارەزا لە شوێنی شیاو دابنرێت، كە خزمەتی خەڵك بكات.
ئیسماعیل ئیبراهیم، كاندیدی پارتی بۆ پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" من یەك شتم بۆ دەنگدەر هەیە، دەنگدەری پارتی بە دەرەجە یەك، ئێمە چەندین ساڵە بە دەست ئەوە دەناڵێنین كە پەرلەمانتارانی خولی ئێستا و خولەكانی رابردوو، ئەندام پەرلەمانەكانی ئێمە نەیان توانیوە بە دواداچوون بۆ كێشە و معاناتی هاووڵاتیان بكەن، نەیانتوانیوە ئەو شەڕە سیاسیەی كە پێویستە لەناو هۆڵی پەرلەمان لەگەڵ فراكسیۆنەكان بكەین، نەیان توانیوە ئەوە بكەن، نەیان توانیوە شەڕی یاسایی بكەن، نەیانتوانیوە حەزی هاووڵاتیان بێنە جێ، هۆكارەكەشی ئەوەیە هاووڵاتیانی ئێمە وەكو پێویست دەنگیان نەدا، دەنگیان لەسەر بنەمای رۆشنبیری و مەعریفە وەكو پێویست نەیان داوە، لەسەر بنەمای عەشیرەت و بنەماڵە و خزم خزمێنە دەنگیان داوە، من داوا لە هاووڵاتیانی كوردستان و دەنگدەرانی پارتی دەكەم، داوا لە هەموو كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەكەم، گەنجان  و ئافرەتان دەكەم، داوایان لێ دەكەم ئەگەر ئەمجارە دەیانەوێت پارتییەكی بەهێزمان هەبێت دەبێت خەڵكی بەهێز لە پەرلەمان بێت، دەبێت خەڵكی بەهێز هەبێت و لە پەرلەمان بتوانێت شەڕی سیاسی  و یاسایی و گەندەڵی بكات، بۆیە تكایان لێ دەكەم ئەمجارە كە دەنگ دەدەن لەسەر بنەمای هۆشیاری دەنگ بدەن بۆ ئەوەی پارتیەكی بەهێز و كوردستانێكی بەهێزمان هەبێت".