Share on facebook
هاووڵاتیانی كوردستان بە گڕو تینەوە بەشداردەبن لە هەڵبژاردنی پەڕلەمان
سێ شەممە, 25 ئەیلول 2018 17:39



ڕاپۆرت محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی:

كەمتر لە هەفتەیێك ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان زیاتر لە 600 كاندید لە لیستە جیاوازەكان كێ بڕكێ دەكەن لەسەر بەدەست هێنانی 111 كورسی پەڕِلەمان گەرم بوونی بانگەشە زۆربەی شەقامەكانی شارو بگرە گوندەكانیشی بە وێنەو دروشمی كاندید و لیستەكان گەرمتر كردوە، لە ڕاپۆرتێكدا زاری كرمانجی بۆ چوونی هاووڵاتیانی لە شارەكانی سۆران و چۆمان و خەلیفان و باسرمە وەرگرتوە هەریەكەو بەجۆرێك باس لەم  پڕۆسەیە دەكەن و قسەی خۆیان هەیە.

بیشار رەسوڵ هاونیشتیمانێكی خەلیفانەو دەڵێت" هەلبژاردن پڕۆسەیەكی دیموكراسیە لە ڕێگای سندوقەكانی دەنگدانەوە تیایدا دەنگدەر بڕیاری دەستاو دەست كردنی دەسەلات دەدات، تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەر لە یەكەم هەلبژاردنی پەڕلەمان لە ۱۹ /٥/ ۱۹۹۲ تا كو ئێستا بەردەوامی هەیە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی قەوارەیەك كە نمونەی دیموكراسی پیشانی جیهانی دەرەوە دەدات ، بە بۆچونی خۆم بەشداری كردن لەم پڕۆسەیە برەودانە بە دیموكراسیەت و وە بەئەركێكی ئەخلاقی نیشتمانی نەتەوەیی دەبینم، دروست كردنی هەستی بەشداری كردنی تاك لە هەڵبژاردنەكان ئەركێكە لەسەر هەمووان بۆ بنیات نانی قەوارەیەكی بە هێز و حكومەتێك لە خزمەت هاووڵاتیان بێت، وە پێویستە دەنگدەریش دەنگ بەو لیستە بدات كە ڕابردوو باگراوەندێكی نیشتمانی و نەتەوەیی هەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوو چارەنووسی ئەم نەتەوە ستەم دیدەیە نەكەوێتە مەترسیەوە لە چەند مانگی ڕابردوو بە چاوی خۆمان بینیمان، بۆیە دەبێت دەنگدەر جیاكاری بكات لە نێوان ئەم و ئەو، پێویستە بە گڕو تینێكی زۆرەوە ڕوو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەین و پشتگیری لە لەو لیستە بكەین كە خزمەت بە مالباتی شەهیدان دەكات، بەو لیستەی هەمیشە ویستویەتی هەرێمی كوردستان بە بەهێزی بمێنێتەوە.

مەلا ئازاد محەمەد بەرگركەیی گووتی" هەلبژاردن لای هەموان شتێكی ڕون و ئاشكرایە دەستاو دەست كردنی دەستەڵات و ئالوگۆڕ پێكردنی بەدوو ڕێگایە یاخود میرنشینی و میراتی و دیكتاتۆریە، یان بەڕاوێژو بەدەنگی جەماوەرو هاووڵاتیانە، بێ گومان ئەوەی كوردستان بە هەڵبژاردن و ڕاوێژە لە هەر چوارساڵ جارێك هەڵبژارن ئەنجام درێت، ئەم هەڵبژاردنەی ئێستاش لەكاتێك دایە كە میللەتی كورد لە هەمو كاتێك زیاتر داخوازی كەش و هەوایەكی ئازادەو خەون بە ئازادی و سەر بەخۆییەوە دەبینێت، لە پێناو ئاسودەیی دەرون و بەرقەراركردنی ئەمن و ئاسایش و بەخشینی متمانە بەكەسانی شیاو شایستەو، لەبەر چاوگرتنی دەنگ و ئازادی خەڵك هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، ئەگەربێت و هەڵبژاردن بە ئازادی دروستی و دور لە ساختە كاری بەلاڕێدابردنی دەنگی خەڵك بێمانای خۆی دەپێكێ، حەقی خۆشیەتی هەموان كار بۆ پڕۆسەیەكی ئاوا گەورەو گرنگ بكەین و خۆیان بەخاوەن بزانن و هەستێكی بەرزی بەرپرسیارەتی بگرنە ئەستۆ، بەشداری كردنی تاك ئەركێكی پیرۆز و ئاینی و ئەخلاقی و نیشتیمانیشە بۆیە داوا لەو كەسانە دەكەم كە مافی دەنگدانیان هەیە بچنە سەر سندوقەكان و دەنگی خۆیان بدەن.

مهابات نیعمەت كچە خوێندكارێكە لە سۆران دەڵێت" هەڵبژاردن پڕۆسەیەكی دیموكراسی و سیاسی گرنگە، پێویستە لە هەمو ئەو ولاتانە ئەنجام بدرێت كە سیستەمی دیكتاتۆری تێیدا پەیڕەو ناكرێت، وە مافی هەر تاكێكە كە تەمەنی گەشتبێتە 18 ساڵ، بەگشتی ئەنجام دانی هەڵبژاردن گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ گۆڕانكاریكردن لە كابینەكانی حكومەت، هەر تاكێك دەتوانێت بە ئازادانە بڕیار بدات لە دەست نیشانكردنی نوێنەری خۆی بۆ پەڕلەمان، پەڕلەمان دەتوانێت دەنگی گەڵ بگەیەنێت، بەڵام ئایا لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دانی هەڵبژاردن گرنگی هەیە، یان تاك دەتوانێت ئازادانە بڕیار بدات لە دەست نیشانكردنی نوێنەری خۆی وەڵامی ئەم پرسیارانە بێگومان نەخێرە، هۆكارەكەشی ئەوەیە زۆرینەی كورد بە دڵ بڕیار دەدەن نەك ئەقڵ هەر بۆیەش لە كابینە یەك بە دوای یەكەكانی حكومەتدا بە ئاشكرا بینیومانە گۆڕانكاریەكی ڕیشەی لە سیستەمی بەڕێوەبردن نەكراوە بۆیە گرنگە خۆمان بچین بۆ دەنگدان و دەنگی خۆمان بە ئازادانە بدەین.

كەنعان سرێشمەی گووتی" هەڵبژاردن یەكێكە لەكۆلەكە سەرەكیەكانی دیموكراسی وەلەڕێی دەنگدان و هەڵبژاردنی كاندیدو لیست و قەوارەكان دەتوانرێت دەستاو دەستی دەسەڵات بكرێت و بەپێی سیستەمی هەر وڵاتێك لەماوەی چەند ساڵ جارێك گۆڕانكاری ڕوو دەدات لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێ بەجێ كردن خەڵك ئازادانە دەتوانن دەنگ بەو لیست و قەوارە بدەن كە پێیان وایە بەدیهێنەری خواستەكانیانن وە لیستەكانیش بەرنامەی خۆیان پێشكەش دەكەن لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی سەرنجی هاووڵاتیان بۆ خۆیان ڕابكێشن وە لەڕێی كاندیدكردنی خەڵكی پسپۆرو شارەزاو هەروەها خاوەن پێگەی جەماوەری، لەلایەكی تریش مافێكی سروشتی هاووڵاتیانە كە دەنگ بدەن بۆ دیاری كردنی كاندیدەكانیان وە بەشداری هەڵبژاردن بكەن ئەركێكیش لەسەر دەنگدەرە كە چۆن دەنگ دەدات و دەنگ بەكام لیست و كاندید دەدات، چونكە ئەبێ خەڵك هەلنەخەلەتێ لەكاتی بانگەشەكردندا ئەبێ بەوردی لێكۆلینەوە بكات لەو لیست و كاندیدانە كە پێشتر بەلێنی زۆر گەوەرەیان بەخەلك داوە یان بەلێنەكانیان نەبردۆتە سەر یان بەلێنەكانیان هەر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و كۆكردنەوەی دەنگی دەنگدەران بووە بۆیە ئەركە لەسەر هەرتاكێك بەشداری لە هەلبژاردن بكات و ئازادانە دەنگ بدات .

تەلعەت سورچی دەڵێت" بەشداری كردنی هەر تاكێك لە هەڵبژاردن گرینگی و تایبەت مەندی خۆی هەیە جگە لەوەی كە پڕۆسەیەكی دیموكراسی و دیموكراتیە وە لە هەمان كاتدا دروست كردن و بونیات نانی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو تێگەیشتوو پێگەیشتووە تاك یان هاووڵاتی بەگشتی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەتوانێت نوێنەری ڕاستەقینەی خۆی هەلبژێرێت و دەنگی پێ بدات ئەو نوێنەرەی چ لە ڕووی ئایدۆلۆژی و بیركردنەوە لەگەڵ خۆیدا دەگونجێت و چ لە ڕێگەی ڕابردووی لە ڕووی خزمەتكردنی بە وڵات و نیشتیمان دەتوانێت نوێنەری خۆی هەلبژێرێت، بۆیە  تاك دەبێت بزانێت كە چارەنووسی چوار ساڵی خۆی و خانەوادەكەی و وڵاتەكەی بەگشتی دەكەوێت بەر ڕەحمەت و دەستی پارتێكی براوە لە هەڵبژاردن یان چەند پارتێك  بۆیە دەنگی هەر تاكێك  مافێكی سروشتی و یاسای خۆیەتی خۆی لە ڕێگەی هەڵبژاردن دەتوانێت دەنگ بەو لایەنە بدات كە لە ئاست داخوازی و بیر و باوەڕی خۆی دابێت تایبەت دابینكردنی خزمەتگوزاری گشتی و ئاسایش و ئارامی وڵات و پێشڤەچوون لە باشتركردنی بژێو و ژیانی هاووڵاتیان بە گشتی، بۆیە بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەم تا بتوانم لە ڕێگەی هەڵبژاردن داهاتووی خۆم و خانەوادەكەم باشتر و شایەنتر بكەم دەنگ بەو لایەنە دەدەم كە هەمیشە خزمەت بە خاك و گەڵ و نیشتیمانم دەكات جیاوازی لە نێوان هیچ ئاینێك و نەتەوەو مەزهەب و دەڤەرێك ناكات كە دانیشتووی كوردستانن .

ككشار سرێشمەی گووتی" هەڵبژاردن پرۆسەیەكی دیموكراسی و مەدەنیە بە ئاراستە دەستاو دەست كردنی دەسەڵات تاك مافی ئەوەی هەیە لە هەڵبژاردنێكی ئازاد و نهێنی نوێنەری خۆی  دیاری بكات، ئەوەی گرنگە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن تاك لەسەر بنەمای لێهاتووی و شایەن یان ڕابردوی پاك بێت دەنگ بدات نەك لەسەر بنەمای سۆز و عاتیفە، بەشدار بوونی تاك لە هەڵبژاردن مانای باوەڕ بوونە بەو پڕۆسە دیموكراسیەیە دواجار هەر لەو پرۆسە دیموكراسیە دەتوانی دەنگ و سەدای خۆی لە ڕێگای نوێنەرە هەلبژێردراوەكانی بگەینێتە دەسەڵات،  ئێمەی تاكیش ئەو ئامادەیەمان تێدایە بە گەرم و گوڕی بەشدار بین لەم پڕۆسە گرنگە ئازادانە دەنگ بدەین.

هادی باڵەیی هاووڵاتێكی چۆمانەو دەڵێت" بۆیە بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەم چون پێم وایە دەستەواژەی دیموكراسی لەڕێی هەڵبژاردنەوە بۆ وێناكردنی شێوازێكی حوكمكردن و حوكمڕانیەكی دروست بەكار دەبرێت و دەستەبەر دەبێت كە تیایاندا بڕیارەكان بە پێی رێنماییەكانی زۆرینەی هاووڵاتیان بەهۆی پڕۆسەیەكی هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد وەر دەگیرێن، وە پەیڕەوكردنی دیموكراسیەت و هەبوونی هەڵبژاردن لە ئان و ساتی خۆیدا مانای هەنگاونانە بەرەو كۆمەڵگای شارستانی، خۆ ئەگەر هاتوو بە بێ دیموكراسی و دوور لە هەڵبژاردن و بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای هاووڵاتیان بەردەوامی بە حوكمڕانی و سەرۆكایەتی كوردستان بدرێت، ئەوا گومان لە وەدانیە كە هەنگاونانە بەرەو حوكمڕانیەكی دیكتاتۆری، یان  تۆتالیزم، یاخوود ئوتوكراسیە، بۆیەش جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ جێگیركردنی چەمكی دیموكراسی لە كوردستان بە پەرۆشەو هەمیشە پێداگری لە سەر گەڕانەوە بۆ ڕای گەڵ دەكات و ڕای هاووڵاتیانی پێ لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە، هەروەها ئێمە بانگەشەی بە دیموكراسی كردنی كوردستان دەكەین، دیموكراسیش بەبێ هەڵبژاردن هیچ مانایەك نابەخشێت بە هۆكاری ئەوەی كە حكومەتێكی دیموكراتیك دەبێت پایەكانی لە سەر ویست و دەنگی هاووڵاتیانەوە بنیاتبندرێت، هەر لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوەیە كە دەستەڵات لە كەشوهەوایەكی ئاشتییانە و هێمنانەدا دەستاو دەست دەكرێت وە هەڵبژاردن بەشێكە لە دیموكراسی و لێی جیا ناكرێتەوە، كەواتە لێرەدا گرنگی هۆشیاری تاكەكان و بەشداریكردنیان زەڕووڕیەتێكەو حاشا هەڵنەگرە لە پێناو بەلاڕێدا نەبردن و فریونەدانیان بە تایبەت لە قۆناغی سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردن، لەسەر بنەمای تێفكرین و هەڵسەنگاندنی كردەوەو گوفتاری حیزبە سیاسییەكان بڕیاری خۆیان بدەن و دەنگ بدەن بەو قەوارەیەی كە بە كردار هەڵگری پەیامی بەرەی میللەتە بۆ خۆشگوزەرانی و ئاوادانی و سەر بەخۆبوون و ئازادی خەڵك و وڵاتەكەمان، بە گرنگی دەزانم لەو هەڵبژاردنەی كە 30/9/2018 دەكرێت، لیست و قەوارە سیاسیەكان كە بەدەنگی ئێمە دەچنە پەرلەمان، ئەوە ئەركی ئێمەیە كە بتوانیین پابەندیان بكەین بەبەڵێنەكانیانەوە هەر لە بەسەروەری كردنی یاساو چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و كاركردن بۆ گێڕانەوەی شكۆی شكاوی مرۆڤی كورد لە كەركوك و تەواوی ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان و چاودێرێكی ئەكتیڤی دەسەڵاتبن و هاوكاربن بۆ باشتركردنی، نەك ببن بە بەشێك لە جێبەجێكردنی پلانە گڵاوەكانی دووژمن بۆ تێكدانی باری ئاسایشی هەرێمی كوردستان و لەباربردنی ئەزموون و دەستكەوتەكانی كوردستان، هەروەها پابەندیان بكەین بە پاڵپشتی كردن و  كاركردنیان لە پێناو سەربەخۆیی و بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجی ڕیفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی.

سەنار دێلزی گووتی"  دەنگدان  چارەنوسمان دیاری دەكات هەمو تاكێكی ئەم كوردستانە دە توانێت چارەنوسی خۆی دیاری بكات، بەڵام دەبێت بزانێت بۆچی دەنگ دەدات ئایا دەنگ بە چ لایەنێك دەدات، لای هەمومان ڕون و ئاشكرایە كێ بەرگری كرد و كێ ئە فسانەی داعشی تێك شكاند و پشكی شێر بە بەركێ كەوت، ئەویش پارتی بووە سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی سە رۆك بوو كە ئەمڕۆ ئێمە زۆر بە ئازادانە كاری رۆژانەمان بەڕێ دەكەین بۆیە داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم هەمویان بەخۆیان چارەنوسی خۆیان دیاری بكەن دەنگ بەو لیست و كاندیدە بدەن كە لە خۆشی و نا خۆشیەكان لەگەل میلەتی خۆی بوە.

كاروان جەبار هاوونیشتیمانێكی باسرمەیە دەڵێت" بۆ ئەوەی ناسنامەی كورد بونی خۆم بپارێزم وڵاتێكی سەربەخوم هەبێت و چیتر ناسنامەی عێراقی بونم هەلنەگرم بۆ ئەوەی چیتر خاكم نەفرۆشرێ و خیانەتی هاوشێوەی 16 ئۆكتۆبەر دووبارە نەبێتەوە پێویستە لەسەر هەمو تاكێكی كورد بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن بكات و دەنگ بەو لیستە بدەن كە خزمەتی كورد و كوردستانی كردوەو خەباتی كردوە لە پێناو سەربەخۆی كوردستان و قوربانی داوە دەنگ بەو لیستە بدەن كە سەرپەرشتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی كرد ئەویش لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە دەنگ دەدەین بە لیستێك كە تانكی ئەبڕامزی تێك شكاندو داستانی پردێ و سحێلاو محمودیەی تۆماركرد چەندین شەهیدو برینداریاندا لەپێناو مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان،  لێرەشەوە داوا لە هاونیشتمانیانی سلێمانی و دەوروبەری دەكەم لیستێكی تر تاقیبكەنەوە و دەنگ بەلیستی  پارتی بدەن بۆ ئەوەی لە دەست ئیڕهابی فكری و خۆپیشاندان و بێ خزمەتگوزاری ڕزگاریان ببێت و لە ژێردەستی قاسم سلێمانی بێنە دەرەوە چیتر نەكرێنە ئامرازی دەستی دەرەكی باوەڕ بە سەربەخۆی كوردستان بكەن.

سبیلكان تۆفیق كچە خوێنكارێكی تری سۆرانە دەڵێت" هەڵبژاردن پرۆسەیەكی نیشتیمانی و ئەخلاقیە و سیاسیە تێیدا ئێمەی دەنگ دەر وەك تاكێكی ئەم نیشتیمانە بە دەنگ و بە ویوژدان و ویستی خۆمان ئەو كەسە كە شیاوە هەلدەبژێرین كە شایەنی متمانەو جێگای باوەڕی خۆمان بێت، گرنكە هەر تاكێكی ئەم نەتەوەیە بە شداری لەم پڕۆسەیە بكات، بەشداربوونی هاووڵاتی ئەوە دەسەلمێنێت كە خاوەن ئیرادە و توانای بڕیاردانی خۆمانین، بۆیە دەبێت بە خۆمان داوای مافەكانمان بكەین بەشداربین و نەهێلین هیچ كەسێكی تر لە شوێنمان دەنگ بدات، پێویستە لە سەر هەر تاكێك وشیارانە بڕیار بدات سەیری رابردوو ئێستاش بكات كێ بوون ئەوانەی نیشتیمانیان بەم رۆژگارە گەیاند و كوردستانیان ئازاد و ئاوەدان كردەوە یان چەندین رۆلەیان لە پێناو بەخشیوە و ئێمە لە سایەیی ئەوان بەم رۆژە و رەوشە ئارامە گەیشتین بۆیە لە ئێستاوە خۆمان ئامادە كردوە بۆ رۆژی دەنگدان و بە جڵی كوردیەوە بەشدار دەبین و دەنگی خۆمان بە ئازادانە دەدەین.