Share on facebook
دەروازەی زێتێ لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكرێتەوە
یەک شەممە, 07 تشرینی یەکەم 2018 10:38

زاری كرمانجی- شێروان مەزن: كۆڤان ڕەشید، بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووتی " زێتێ، وەك یەكەمین دەروازەی سنووری هەولێر لەگەڵ توركیا دەكرێتەوە و هەوڵدەدەین پێش هاتنی وەرزی زستان ڕێگاكە تەواو بكەین، بۆ ئەوەی جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی لەو سنوورە دەست پێ بكات".

دەروازەی سنووری زێتێ لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆر و دووری 150كم باكووری رۆژهەڵاتی هەولێری پایتەخت، بەكردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە وێڕای فراوان بوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری نێوان هەردوولا، ئابووری دانیشتوانەكەی دەبوژێتەوەو ئاوەدانی زیاتریش روو لەناوچەكە دەكات.

بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن ئاماژەی بەوەش كرد" هیوادارین پەكەكە نەبێتە ڕێگر لە كردنەوەی ئەو سنوورە، چونكە ئەو سنوورە لە بەرژەوەندی هەموو لایەكدایە، بەتایبەتی لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە، تۆپباران بەردەوامە، رۆژانە توركیا ناوچەكە تۆپباران دەكات، بەڵام بە كردنەوەی ئەو سنوورە ڕەنگە ئەو تۆپبارانە نەمێنێت، داواش لە پەكەكە دەكەین نەبێتە سەر ئێشە و كێشە بۆ خەڵكی كوردستان، بەتایبەتی خەڵكی ناوچەكە، بۆ ئەوەی خەڵكی ناوچەكە بگەڕێتەوە سەر گوند و ئاواییەكانی خۆیان و ئەو گوندانە ئاوەدان بكرێنەوە، لەگەڵ ئەوەی مەیدانی خەباتی ئەوان هەرێمی كوردستان نیە، بەڵكو باكووری كوردستانە".

زانیاری زیاتر لە ژمارەی سبەی دووشەممەی هەفتەنامەی زاری كرمانجی بخوێنەوە...