Share on facebook
حكوومەتی هەرێم: دەستگیركردنی تیرۆریستان بەپێی رێوشوێنی یاسایی بووە
یەک شەممە, 07 تشرینی یەکەم 2018 19:04


ئا: ڕائیب شێروانی
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتێكی بە ناوی (دەستگیركردنی نهێنی بە بێ رێوشوێنی پێویست، هەڵمەتێكی دەستگیركردنی زۆرەملێ) بڵاو كردەوە. رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانیش لە حكوومەتی هەرێم دەڵێ، دەستگیركردنی تیرۆریستان بەپێی رێوشوێنی یاسایی بووە.
لەو بارەیەوە، د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "جۆرە هەماهەنگییەك لە نێوان حكوومەتی هەرێم و رێكخراوی ناوبراو هەیە و بە میكانیزمێك كە بەر لە بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكانیان ئاگادارمان دەكەنەوە بە چەند پرسیار و تێبینییەك و دوای بەدواداچوونی ئەو سەرنج و تێبینیانەی كە ئاڕاستەمان كراون، لە دوایین راپۆرتی خۆیاندا رێكخراوەكە ئاماژەی بە روونكردنەوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە سەبارەت بەم بابەتە، ئەمەیش نیشانەی هەماهەنگیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پابەندبوونییەتی بە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ".
سەبارەت بە دەستگیركراوەكان لە هەرێمی كوردستان، زێباری گوتی: "لە هەرێمی كوردستاندا هیچ كەسێك بە بێ بەڵگە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر نەكراوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم بەپێی چەند رێوشوێنێك كەسانی تۆمەتباریان دەستگیر كردووە كە ئامارەكانیشیان بەم شێوەیە بووە: تا رۆژی 22/8/2017 بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەپێی ئامارەكانی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر (675) كەس بە گومانی تیرۆر دەستگیر كراون، لەوانە (56) كەس بێتاوان دەرچوون لە دوای لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئازاد كراون، (619) كەس حوكمیان بۆ دەرچووە و سزاكانیشیان لە نێوان (سێ) ساڵ بەندكردن تاوەكو سزای لە سێدارەدان بووە، هەرچەندە لەسێدارەدان لە هەرێمی كوردستان راگیراوە. لە دهۆكیش (1594) كەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر كراون، لەوانە(616) كەس بێتاوان دەرچوون و ئازاد كراون،  (522) لە ژێر لێكۆڵینەوەدان، (456) كەس حوكمی دادگایان بۆ دەرچووە و سزاكانیشیان لە نێوان بەندكردن و لەسێدارەداندایە".
سەبارەت بە پارێزگاكانی سلێمانی و كەركووك، زێباری ئاماژەی دا: "ساڵی (2014) بەپێی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی،  راگیراوانی شەڕی تیرۆر تەنیا (سێ) كەس بوون و لە ساڵی (2015) تەنیا (23) كەس بوون، لەوانە (18) كەسیان ئازاد كراون، (پێنج) كەسیان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاساییشی پارێزگای سلێمانی كراون. لە  ساڵی (2016) تەنیا پێنج راگیراو هەبووە، لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی (2017) تەنیا (چوار) كەس بوون كە دووانیان ئازاد كران دوای بێتاوان دەرچوونیان و دوانی دیكە پەڕاوەكانیان رەوانە دادگا كراوە. هەروەها لە ماوەی نێوان ساڵانی 2014 تا 2017 لە سەرۆكایەتیی دادگای نەوجەوانانی سلێمانی (22) كەس دادگایی كراون، لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی كەركووك لە نێوان ساڵانی 2014 تا 2017 ئەوانەی دەستگیر كراون، ژمارەیان گەییشتووەتە (٣٩٩) كەس، لەوانە (137) كەس لە ژێر لێكۆڵینەوەدان و (٣٥)یان سزایان بۆ دەرچووە، هەروەها لە شەش مانگی یەكەمی ٢٠١٧ لەو گیراوانە (36) كەس سزاكانیان تەمییز كراوەتەوە".
دیندار زێباری، هەروەها تیشكی خستە سەر ئەو گیراوانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاساییشی سلێمانی دەستگیر كرابوون و گوتی: "(10) كەس رەوانەی دادگاكانی دیكە كراون بەپێی تایبەتمەندی و (106) كەس ئازاد كراون و (26) كەس لەژێر لێكۆڵینەوەدان، بەڵام هیچ كەسێك بەپێی بڕیاری دادگا سزاكانیان (استئناف) نەكراوە. بەپێی یاسا و رێنماییەكانی مافی مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت".
سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ دەستگیركراوان، د. دیندار ڕایگەیاند: "هەر كەسێك دەستگیر دەكرێت، نەوجەوان بێت یان تەمەنی تەواو بێت، بە بڕیاری دادوەر رادەگیرێت بەپێی ماددەی یاسایی تایبەت بە تاوانی خۆی و بە هیچ شێوەیەك ئەشكەنجە نادرێت یان مامەڵەی نامرۆڤانەی لەگەڵدا ناكرێت و وەك گشت زیندانییەك مافی خۆی هەیە، چونكە بەپێی یاسا ئەشكەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بە شێوەیەكی گشتی بۆ وەرگرتنی ددانپێدانان و زانیاری، بە تاوان دادەنرێت، رێگا نادرێت كە ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیس راگیراوان ئەشكەنجە بدەن بەپێی ماددەی (333) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەمواركراو، هەر تۆمەتبارێك لەكاتی لێكۆڵینەوە ئەشكەنجە درابێت، لە رووی  یاساییەوە مافی هەیە سكاڵا تۆمار بكات دژی ئەو كەسەی ئەشكەنجەی داوە".
زێباری، ئاماژەی بە مافەكانی دەستگیركراوان كرد و لەم بارەیەوە گوتی: "هەموو بەندكراوێك دەتوانێت هەر داواكارییەكی هەبێت لە رێگای كارگێڕیی بەندیخانە یان داواكاری گشتی یان لە رێگای كەسوكاری كاتێك سەردانی دەكەن یان لە رێگای رێكخراوەكانی تایبەت بە مافی زیندانیان، بەرزی بكاتەوە. هەروەها لە هەموو گرتووخانە چاكسازییەكاندا (٢٤) كاتژمێر بنكەی تەندروستی و تیمی پزیشكی هەیە، هەروەها تاقیگە و دەرمان هەیە و هەر بەندكراوێك لە سەرەتای هاتنی بۆ گرتووخانەكانی گرتن و گواستنەوە، پشكنینی تایبەتی پەیوەنداری پێویستی بۆ دەكرێت و فایلی تەندروستیی تایبەت بە خۆی دەبێت، هەروەها پشكنین بۆ نەخۆشییە گوازراوەكانی وەك (هەوكردنی جگەر و ئایدز و سیل) و نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك (شەكرە و فشاری خوێن) و نەخوشیەكانی دیكەی بۆ ئەنجام دەدرێت".
لە كۆتاییدا، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە رێوشوێنەكانی دەستگیركردنی گومانلێكراوان كرد و ڕوونی كردەوە: "دوای ئەوەی لایەنە ئەمنییەكان زانیاریی تەواو لەسەر گومانلێكراوان دەدەن بە دادوەر، دادوەر رەزامەندی دەدات بە دەستگیركردنی گومانلێكراوان و فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەردەچێت، بەم پێیەش رێگا بە هێزەكانی ئاساییش و پۆلیس دەدرێت بە گرتن و پشكنین و بەدواداچوونی گومانلێكراوان و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەگەڵیان، لەم قۆناغەدا بۆ ماوەی (٢٤) كاتژمێر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەمێننەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵیاندا".
دەشڵێ: "دوای دەستگیركردنی گومانلێكراوان، پەڕاوی تایبەتیان بۆ دەكرێتەوە و دەنێردرێن بۆ دادگاكانی لێكۆڵینەوە كە بە شێوەیەكی گشتی بۆ ماوەی (٧٢) كاتژمێر كە لە ژێر لێكۆڵینەوەدا دەبن، بەڵام هەموو مافێكی یاساییان پارێزراو دەبێت وەك دابینكردنی پارێزەری تایبەت بە بەرگری، ئەگەر لەو ماوەیەدا سەلمێندرا كە لە كاری تیرۆریستیدا نەگلاوە و بێتاوانە، ئەوا بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە ئازاد دەكرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر دەگیرێتە بەر وەك ئەوەی ناردنی پەڕاوی لێكۆڵینەوەكان بۆ دادگای تاوان".