Share on facebook
نێچیرڤان بارزانی: لە سۆران پێكەوە ژیانی ئایینەكان بە نرخ و گرنگە
یەک شەممە, 07 تشرینی یەکەم 2018 19:09


ئا: ڕِائیب شێروانی
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی، لە هەمان كاتدا كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە سۆران رایگەیاند، شانازییەكانی خەڵكی سۆران لە مێژوودا تۆمار كراون، پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر لە سۆران جێبەجێدەكەین و خاڵی سنووری و گومرگی بەهێز لەم دەڤەرە دروستدەكەین.
گوتیشی:" سەركەوتنی پارتی بۆ بەهێزبوونی كوردستانە، ڕۆڵی پێشمەرگە و خەڵكی ناوچەكەی لە پاراستنی خاكی كوردستان بە فیداكردنی گیان و خوێنی پیرۆزی 123 پێشمەرگەی قارەمان، بەداخەوە هێشتا تەرمی پیرۆزی 4 لەو شەهیدانە نەكەوتوونەتەوە دەست هاوسەنگەران و كەسوكاریان. هەروەها 812 پێشمەرگەی ئەم دەڤەرە لەو جەنگەی پاراستنی كوردستاندا بریندار بوون و هیوای سەلامەتییان بۆ دەخوازین، شانازییەكانی خەڵكی سۆران لە مێژوودا تۆماركراون، شانازییەكانی خەڵكی ئەم دەڤەرە لە شۆڕشەكانی بارزان و كۆماری كوردستانەوە تا ئێستا، بە قارەمانی و گیانبەخشی و خوێنی زیاتر لە 11 هەزار شەهید تۆمار كراوە، كوردستانپارێزیی ئێوە بە گیانبەخشی نووسراوەتەوە.
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاماژەدان بەوەی پارتی بوون بەقەد چیاكان سەربەرزییە، پارتی ئەندازیاری ئاوەدانكردنەوەی كوردستانە و رۆژ بە رۆژ شانازیكردن بە پارتی زیاتر دەبێت. كەس وەك پارتی چاوی لە پاراستنی هەرێمی كوردستان نییە.
لەبارەی پرۆژەكانی بۆ دەڤەری سۆران نێچیرڤان بارزانی روونیكردەوە: "پارتی لە دەڤەری سۆران هێزێكی جەماوەری بەهێزی هەیە، زانكۆی سۆران یەكێكە لە زانكۆ هەرەباشەكانی كوردستان، پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر لە سۆران جێبەجێدەكەین، خاڵی سنووری و گومرگی بەهێز لەم دەڤەرە دروستدەكەین.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی: "لەكاتێكدا هەوڵدەدرا قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێننەوە، ئێمە دەستمانكرد بە چاكسازی و پاشەكەوتی مووچەمان كەمكردەوە.
بەڕێزیان، ئاماژەی بە دۆزینەوەی یەكەمین شارستانییەتی مرۆڤایەتی لە ناوچەكە و دەسەڵاتدارێتیی خانزادی سۆران وەك یادگاریی دەسەڵاتی ژنی كورد كرد و دەڤەری بارزانی بە شوێنی نووسینەوەی یەكەمین بەرنامەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان پێناسە كرد و ناوچەكانی چۆمان و گەڵاڵە و باڵەكایەتیی بە مەڵبەندی یەكەمین شۆڕشی هاوچەرخی سەرتاسەری كوردستان، ناوچەكانی سیدەكان و كێلەشین و خواكوڕكیشی بە یادگاریی مێژووی كوردستان و تۆماركردنی داستانی نەبەردیی پێشمەرگە وەسف كرد، هەربۆیە ئەو ناوچانەی بە جێی شانازیی كوردستانییان و مرۆڤایەتی لەقەڵەمدا و خەڵكەكەی بە ئازا و سنوورەكەشی بە پارتی پارێز ناساند.
پێكەوەژیانی ئایینی بەشێكی دیكەی وتارەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بوو و لەو ڕووەوە پێكەوەژیانی موسڵمان و كریستیانانی ناوچەكانی بێدیال، هاودیان و دیانای وەك پێكەوەژیانی كەموێنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باس كرد كە توانیویانە نموونەیەكی جوانی پێكەوەژیانی ئایینی و ئاوێتەبوونی خەباتی كریستیان و موسڵمانانی ناوچەكە لە شۆڕش و ژیاندا نیشان بدەن.
لەڕووی پارتایەتیشەوە ئاشكرای كرد:" كە ئەم دەڤەرە لە ڕۆژە سەختەكانی شۆڕشدا شوێنی قارەمانێتی و ڕێكخستنەكانی پارتی بووە، هەربۆیە، پارتی بەم دەڤەرە سەربڵندە، بەتایبەت كە خەڵكەكەی بوونەتە مایەی پێشكەوتن بۆ هەموو كوردستان و زانكۆی سۆرانی بە نموونەیەكی زیندوو هێنایەوە كە ساڵانە لە پێشكەوتنەكانی بەردەوام دەبێت.
نێچیرڤان بارزانی، باسی لە پڕۆژە گەشتیارییە گەورەكانی ناوچەكە كرد كە بە پشتیوانی و ئاسانكاریی حكوومەت هاتوونەتە ئاراوە و موژدەی جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەی دیكەی گەشتیاریی پێدان كە هەموویان دەبنە هۆكاری ڕاكێشانی گەشتیار و زیادبوونی دەرفەتی كار و لە ئەنجامدا، باشتربوونی داهاتی خەڵكی كوردستان بەگشتی و ناوچەكە بەتایبەتی لێدەكەوێتەوە، هەروەها باشتركردنی ڕێگاوبانەكان، ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زیاتر، بایەخدانی پتر بە خاڵە سنوورییەكان، كاركردن بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووریی نێوان توركیا و سنووری مێرگەسۆر و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی شەڕ لە ناوچە سنوورییەكان، بە بەشێك لە بەرنامەكانی داهاتووی حكوومەت لەقەڵەمدا كە پڕۆژەكان لە حكوومەتی داهاتوودا بەپێی پێویست و توانای دارایی جێبەجێ دەكرێن. ئەم ناوچەیە حەقی نازكردنیشیان بەسەر هەموومانەوە هەیە، چونكە هەرچی بكەین بە ئەندازەی گیانبەخشیی خەڵكەكەی نابێت.
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند:" كە حزبەكەی هەروەك چۆن هەڵگیرسێنەری شۆڕش و پێشمەرگەی ڕۆژە سەختەكان بووە، ئێستاش ئەمینترین و باوەڕپێكراوترین هێز و ئەندازیاری پێشكەوتن و ئاوەدانییە و پلانی هەمەلایەنەی هەیە بۆ گەشەپێدانی زیاتری كوردستان. وەك بەڵگەش لێدوانی سەرەتاكانی ڕاپەڕێنی سەرۆك بارزانی لە دیانای بەبیر بەشداربووانی مەراسیمەكە هێنایەوە كە تیایدا بەڵێنی مانەوە و تێكشكاندنی پەلاماری سوپای ڕژێمی دا و بەڵێنەكەش لە تۆماركردنی داستانی كۆڕێدا بەجێگەیاند، هەروەها دوای ڕووداوەكانی ساڵی ڕابردووی كەركووكیش هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە داستانەكانی پردێ و سحێلا و مەخموور، خەونی ناحەزان و دوژمنانیان بۆ گرتنی هەولێر لەگۆڕنا و پیلانەكانیان تێكشكێندرا كە نەهێشتنی قەوارەی هەرێم، هەڵوەشاندەوەی حكوومەتی هەرێم و لەت لەتكردنی كوردستان بوو.
ئەوەشی باس كرد كە دواتر دەستیان بە ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكان كردەوە و ئابڵۆقەی سەر ئاسمانی كوردستانیان لادا و دواتریش بە كەمكردنەوەی پاشەكەوتی مووچە، پرۆسەی چاكسازییان درێژە پێدا. بەڵێنیی ئەوەشی بە خەڵك دا كە بە پشتیوانیی ئەوان، كوردستان بەهێزتر دەكەن.
نێچیرڤان بارزانی، بەشداری و سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بە سەركەوتنێكی دیكەی حزبەكەی دانا كە سەرەڕای داگیركرانی بارەگاكانیان لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە پارێزگای كەركووك، پارتی توانی ببێتە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق. هەربۆیە ڕووی لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان كرد كە دەیانەوێ هاوبەشی دەستوری ڕاستەقینە بن لە دروستكردنەوەی ئارامیی سیاسی و ئیداری بۆ خەڵكی عێراق، لەو ڕووەوە هەولێری بە خاوەنی كلیلە بەهێزەكانی ئارامیی سیاسی و ئیداری و هەروەها پردی ئاشتی و شوێنی ڕێككەوتن وەسف كرد و دووپاتی كردەوە كە هیچ ڕێككەوتنێك بە بێ هەولێر سەرناكەوێت و دەیانەوێ هێزی هەولێر بەكار بێنین بۆ ڕێككەوتنێكی تەواو لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستان كە مافەكانی خەڵكی عێراق و كورد بناغەی ئەو ڕێككەوتنە بن، نەك سەفەقاتی سیاسیی خۆپەرستانەی هەرزان و شەخسی و دوور لە بەرژەوەندییەكانی خەڵك.
نێچیرڤان بارزانی، ڕووی قسەی لە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد و پێی گوتن كە پارتی حیزبێك نییە دەرفەتی ستراتیژی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە و دەیەوێ بە هاوبەشی بڕیار لە هەموو هەنگاوەكان بدرێت و نایانەوێت پۆستەكانی كورد لە بەغدا بۆ بەرژەوەندیی شەخسی بەكار بهێندرێن، بەڵكوو دەبێ بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بن و بۆ ڕێگرتن بێت لە پیلانگێڕان دژی هەرێمی كوردستان.
بەڕێز بارزانی جەختی لەوەش كردەوە:" كە بە پاڵپشتیی هەمیشەیی خەڵكی كوردستان و بە بەیانكردنی ئەو ڕاستییەی كە كارنامەی ٥ ساڵی ڕابردووی پارتی بۆ پاراستنی قەوارەی كوردستان و ژیان و ئازادی لای خەڵك ئاشكرایە، خواستی حزبەكەی بۆ سەركەوتنی زیاتر خستەڕوو بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری ژیانی خەڵكی كوردستان".