جەرگیس حسێن پێندرووی بناسە
دووشەممە, 08 تشرینی یەکەم 2018 07:26

 

 

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ- سۆران.

لە شەوێكی درێژی زستانی ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی پێندروو منداڵێك لە دایك بوو، كەوا تا تەمەنی پیری ژیانی خۆی هەر لە دەربەدەری و دوورە ووڵاتی بەرێی كردووە، ئەو جەرگیس حسێن پێندروویە، كوری شەهیدی فەرماندە حسێن لەشكری پێندروویە، دوای دەستپێكردنی شۆڕەشی دووەمی بارزان بە سەركردایەتی بارزانی نەمر جەرگیس وەك لاوێكی كورد هەر لە نزیكەوە ئاگادار بووە لە كار و بەرنامەی شۆڕەش، ئەمەش لەبەر ئەوەی باوكی فەرماندەیەكی پێشمەرگە بووە، دوای دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد جەرگیس پێندرووی لەگەڵ باوكی و دوو برای هاو سەفەر بوون لەگەڵ كۆچی بارزانیەكان بۆ پارێزگاری كردن لەو دەستكەوتەی نەتەوەی كورد، جەرگیس پێندرووی لەو ساڵانەی لە مەهاباد بووە تەمەنی لاوێكی تازە پێگەیشتوو بووە، هەردەم بە كەسێكی ڕۆح سوك و قاڕەمان ناسراو بوو، دوای ڕۆخانی كۆمار باوك و برایەكی جەرگیس لەگەڵ بارزانی نەمر دەچنە یەكەتی سوفیەتی جاران و جەرگیس دەگەرێتەوە بۆ زێدی باب و باپیرانی.

سەبارەت بەو ساڵانەی كەوا باوك و برای لە یەكەتی سوفیەت بوونە مام جەرگیس دەڵێت'' ١٢ ساڵ باوك و برایەكم دووربوون لە ئێمە ساڵانێكی زۆر ناخوش بوو، من و دایكم هەر خەریكی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بووین، گەڕانەوەی بارزانیەكان بۆ كوردستان هیوایەكی تری بە من بەخشی بۆ ئەوەی نیشتمان لە ژێر دەستی داگیركەران ڕزگار بكەین''.

دوای بەجێنەگەیاندنی بەڵێنەكان لە لایان حكومەتی عێراق و تێكچوونی پەیوەندیەكانی نێوان شۆڕەش لەگەڵ حكۆمەتی عێراق، لە ساڵی ١٩٦١شۆڕەشی ئەیلول بە سەركردایەتی و بەشداری بارزانی نەمر دەستی پێكرد، جاریكی تر مام جەرگیس چەكی شەڕەف لە شان دەكات و لەگەڵ باوكی و براكانی و كۆمەڵێك هاوسەنگەرەكانی خۆیان دەگەینە دەڤەری بادینان و بەشداری لە چەندین داستانی گەورەدا كردووە. مام جەرگیس دەڵێت'' هەرگیز بیرم نایەت شەڕ لە شوێنێك بێت من بمزانیبێت و خۆم نە گەیاندبێتە ئەوێ''.

مام جەرگیس لە ڕوخساردا پیاوێكی باڵا بەرز، دەستێك جلوبەرگی كوردی ئەو باڵا بەرزەی داپوشیوە، هەردەم بە كەسایەتیەكی كۆمەڵایەتی گەورە ناسراوە، لە سەردەمی شۆڕەشدا نەخۆشخانەی شۆڕەش لە دەڤەری بادینان لە ناوچەی قوومریێ دادەنرێت و هێزەكەی باوكی مام جەرگیس ئەركی پاراستن و چاودێری كردنی بریندارەكانی لە ئەستوو گرتبوو، مام جەرگیس سەبارەت بەو بریندارانە دەڵێت'' جار هەبوو ئێمە ٦٠ بریندارمان هەبوو لە لایەك پێویست بوو بیان پارێزین و لە لایەك هاوكاری پزیشكەكان بكەین و پێداویستیەكان دابین بكەین، هەموو بریندارەكانی دەڤەری بادینان دەهاتنە لای ئێمە، بارەگای ئێمە لە ناو ئەشكەوتەكاندا بوو، شوێنی بریندارەكان پارێزراو بوو، بەڵام وەك ئێستا نەبوو هەموو كەلوپەلەكان ئامادە بن ، بەڵكۆ چاوەری دەبووین كام پیشمەرگە خۆی بگەینیتە ناو خەڵك بۆ ئەوەی بەتانی و پێداویستیەكانمان بۆ بێنێت، ٩ ساڵ لەسەر فەرمانی بارزانی نەمر ئەركی پاراستنی نەخۆشخانەی شۆرەشمان پێ سپێردرابوو''.

دوای ئەوەی ئەو پلانە نێودەوڵەتیەی دژی شۆرەشی ئەیلول ئەنجامدرا لە ساڵی ١٩٧٥ نسكوی شۆرەش دروست بوو، بارزانی لە پێناو پاراستنی خەڵكی كوردستان چونكە هیچ دۆستێكی نەمابوو، بڕیاری دا كۆتایی بە شۆرەشی ئەیلول بێنێت و فەرمانی كرد خەڵكی ئازادە لە گوندەكانیان بمینەوە یان بچنە ئێران یان توركیا، مام جەرگیس ڕوودەكاتە ووڵاتی ئێران و بۆ ماوەی ٢٣ ساڵ خێزانەكەی لە ئێران دەمێنێتەوە، مام جەرگیس دەڵێت'' دوای ئەوەی گەیشتینە ئێران سەرۆك بارزانی لەشكرێكی بۆ ئەو كوردانە دروست كرد كەوا ئاوارەی ئێران بووینە، من كرام بە بەرپرسی ئەو هێزە، دوای دەست پێكردنی داستانی خواكۆڕك لە لایەن سەرۆك بارزانیەوە فەرمانمان پێكرا خۆمان بگەینە خواكۆڕك و ئەو هێزە گەورەی سوپای عێراق بشكێنین، لە خواكۆرك دابەشكراین بەسەر چوار هێز و بە هیمەتی خودا و پێشمەرگە توانیمان ئەو داستانە تومار بكەین''.

هاوسەنگەرێكی مام جەرگیس دەڵێت'' جەرگیس ئەوەندە كەسێكی سادە و كۆمەلایەتی و ئازا بوو، هێزەكەی لە خەڵكی هەموو دەڤەرەكانی كوردستانی تێدا بوو ئەمەش لەبەر ئەوە بوو جەرگیس زۆر خوشەویست بوو و لە زۆربە هەرە زۆری ناوچەكانی كوردستان پێشمەرگایەتی كردووە و لەبەر قاڕەمانیەكەی كەسێكی ناسراو بووە''.

خێزانی مام جەرگیس بە دەم خاوێنكردنەوەی چاویلكەكانی سەبارەت بە مام جەرگیس گووتی'' من بەخۆشەویستی هاوسەرگیریم كرد لەگەڵ جەرگیس، هەردەم جەرگیس بە پیاوی ڕۆژی تەنگانە ناسراو بوو، بەڵام زوو زوو بۆ ماوەی درێژ بە جێی دەهێشتین، جار هەبوو سێ ساڵ نەم بینیوە و ئاگاداری بارودۆخی نەبوویمە، هەردەم چاوم لە رێ بوو بگەرێتەوە، ساڵانێكی زۆر لە ئێران بووین، ئێمە كارمان دەكرد سەرەرای ئەو بارودۆخە نەخۆشەی ئێران و ئەو ماندوبوونەی كاركردن هەردەم بیری جەرگیسم دەكرد، بە راستی پێی سەربەرزم كەوا خێزانی ئەوم.

مام جەرگیس بە هەمان خۆشەویستی سەردەمی گەنجی بە دەم پێكەنینەوە وەڵامی خێزانەكەی داوە و گووتی'' ڕاست دەكەی تۆو  ئافرەتەكانی تری سەردەمی شۆڕەش ماندووبوونێكی زۆرتان بینیوە، تو بۆ منداڵەكانم هەم دایك بووی هەم باوك، من بەهۆی پێشمەرگایەتیەوە نەمتوانیوە خزمەتی منداڵەكانم بكەم، هەردەم ئاگادار بووم خواجەی برا بچوكم خزمەتی منداڵەكانی منی دەكرد، من تا ساڵی ١٩٩٨ لە ئێران بووم دواتر دوای دەستپێكردنی راپەڕین و ئازادكردنی كوردستان من هەر لە ئێران بووم ئەویش لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی دواتر لە سەر فەرمانی جەنابیان گەرامەوە بۆ كوردستان و لە شاری پیرمام نیشتەجێ بووم، دواتر لە شاری سۆران نیشتەجێ بووم''.

لە كۆتایدا مام جەرگیس ئاماژەی بەوە دا " من پەروەردەی بارزانی نەمر بوویمە بۆ من سەربەرزیە ساڵانێكی زۆر پیشمەرگایەتیم كردووە، بۆ من جیاوازی نەبووە لە كام بەشی كوردستان  شۆرەش دەكەم ، گرنگ ئەوە بووە لەسەر رێبازی بارزانی بەرردەوامیم بە خەبات داوە، ئێستاش لە سایەی سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك زۆر خوشحالم كەوا كوردستان لەو ناوچە نا ئارامەدا بووەتە كەنارێكی تەژی ئارامی و ئازادی، كە ئەو ئارامی و پێشكەوتنەی كوردستان دەبینم ماندوبوون و ئازاری سەردەمی پێشمەرگایەتی لە یاد دەكەم، هیوادارم كوردستان هەر بە ئازادی و سەرفرازی بمینێتەوە''.

شایەنی ئاماژەدانە مام جەرگیس لە ساڵی ٢٠١٨ وەك ڕێزگرتنێك لەو خەبات و ماندبوونەیدا لە لایەن سەرۆك بارزانیەوە خەلاتی بارزانی نەمری پی بەخشرا.