Share on facebook
صانع شەریف باشترە پارتی چیتر دەستپێشخەری یەكرێزی بۆ لایەنەكان نەكات چونكە هیچ جیێ متمانە نین
سێ شەممە, 09 تشرینی یەکەم 2018 08:00

 

زێرەڤان جەوهەر:

صانع شەریف شێروانی مامۆستا لە فاكەڵتی یاساو پەیوەندیە نێودەڵەتییەكان لە زانكۆی سۆران و هەڵگری بڕوانامەی ماستەری لە یاسایی نێودەوڵەتی گشتی، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاریكرد" بێ پارتی حكومەتی عێراق پێكناهنێرێت بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی ٣٠ئەیلول سەنگ و قورسایی  پارتی دەركەوت و پەیامێكیشبوو بۆ بەغدا كە پارتی حیزبێكی كاریگەری وخاوەن زۆرترین دەنگەلە كوردستان و خاوەن بڕیارە. ئەمە جگەلەوەی لە عێراقیش پارتی حیزبی یەكەمە". گووتیشی"  ئەبێت حكومەتێكی بەهێز لە كوردستان لەلایەن حیزبی براوە پێك بهێنرێت بە بەشداری ئەو لایەنەی  كە بیئەوێت بەپێی ئیستحقاقی خۆیان بەشداربن"

لە دەستپێكی قسەكانی ناصح شەریف قسەی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كردوو گووتی"  دیاریكردنی د.بەرهەم  وەكو سەرۆك كۆمار هیچ كاریگەری و بایەخێكی بۆ كورد نابێت چونكە لە لایەكەوە بە ڕەزامەندی حیزبە كوردستانیەكان نەبووە كە نوێنەری خەڵكی هەرێمی كوردستانن لە پەرلەمانی عێراقدا بەتایبەتی ڕەزامەندی پارتی دیموكراتی كوردستان كە حیزبی یەكەمی كوردیە لە سەر ئاستی عێراق و نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان و زۆرینەی خەلكی كوردستان دەكات بەو پێیەی كە ئێستا خاوەنی 44 كورسییە ،لەلایەكی تریشەوە بە بەراورد لەگەڵ خولەكانی پێشوتر دانانی ئەو زیاتر بۆ تێكدانی نێوماڵی كورد بووە نەك پشكی كورد بۆئەوەی ملكەچی بڕیارەكانی عەرەبی شیعی بێت نەك ڕەچاوكردنی كورد وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكی لە عێراقدا،ئەگەر بلێین دانانی سەرۆك كۆمار وەكو پشكی كورد پرۆسەیەكی دیموكراسی بووە، ئەمە هەڵەیە چونكە گەر وایە ئەبوایە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان بكەوێت كە زیاتر لە هەموو حیزبە كوردستانییەكان كورسی هەیە بۆیە بە پێچەوانەی پرۆسەی دیموكراسی بووە. هەروەها هۆكارێكی تری دانانی دكتۆر بەرهەم پاڵپشتی لایەنی ئێرانی بوو كە ئەمەش وای كرد ببێت بەسەرۆك كۆمار جا بۆیە دەكرێت بلێین ئەمە سەرۆك كۆمارێكی كوردی نییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كورد. لەگەڵ ئەوشدا لە بروایەدا نیم دكتۆر بەرهەم سودی بۆ كورد هەبێت بەڵكو بۆ خۆ دەرخستنی بووە،چونكە كاتێك ئەو حیزبێكی دروست كرد بەڵام دواتر وازی هێنا گەرایەوە ناو یەكێتی بۆ خودی پۆستەكە بوو. بۆیە بەگشتی من پێم وایە لەبەرئەوە بوونی ئەو جگە لە زیان هیچ سودێكی نییە".

لەسەر ئەوەی پارتی دەڵێت یەكێتی خیانەتی كرد، یەكێتیش دەڵێت دەستكەوتێكی گەورەمان بەدەستهێنا ناوبرا ڕایگەیاند" بە بووچوونی من ئەمە دەستكەوتی یەكێتی نییە, چونكە پێش هەموو شتێك گەر بگەرێینەوە بۆ سەردەمی دوای ڕووخانی رژێمی بەحس لە ٢٠٠٣ بەهەوڵ و هیمەتی جەنابی سەرۆك بارزانی لەوكاتەوە ئەم پۆستە وەكو پشكی كورد دانراوە  بۆتە نەریتێكی سیاسی, بۆیە تاكو ئێستاش دەسكەوتێكی سیاسی گرنگە بۆ كورد بەڵام ئەبێت دەسەڵاتەكانی خۆی بەكاربێنێت بۆ نموونە گرنگترینیان هەڵوەشا نەوەی حكوومەت و ڕەفزكردنەوەی یاساكان كاتێك لە پەرلەمان دەردەچن بەتایبەت ئەگەر دژی مافەكانی كورد بن . بەڵام كاتێك ئەم پۆستە لە دەست لایەنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بووە جگە لە مالوێرانی بۆ كورد و بەكارهێنانی بۆ بەرژەوەندی حیزبی و ماددی و تاكەسی هیچی ترنەبووە نموونەشمان سەروماڵی خەڵكی كەركووك و ئەمنییەتی تاكو ئێستاش مەترسی لە سەرە چونكە سەرۆك كۆمار كە پشكی یەكێتی بوو هیچی لەم بارەیەوە نەكرد. لەلایەكی تریشەوە كاتێك پارتی دەڵێت خیانەتە بێ گومان لەبەر ئەوەیە چونكە یەكێتی پێشێلی رێكەوتنامەكەی خۆی كردووە لەگەڵ پارتی لە سەر پۆستی سەرۆك كۆمار, بەدەنگی لایەنی عەرەبی دەرچووە بۆیە بە خیانەت ئەژمار دەكرێت لە كاتێكدا دەبویە رەزامەندی حیزبە كوردستانیەكان دیاریكرابایە".

زیاتر ووتیشی" ئەگەر یەكرێزی هەبێت لە بەغدا بۆ كورد زۆر باشترە و بەهێزترە بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە چ جۆرە یەكرێزیەك لە كاتێكدا زۆربەی حیزبە كوردستانیەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان كاردەكەن لەوانەش یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە كە دەرفەت نەماوە بەڵكو دەكرێت حیزبە كوردیەكانی تر لە غیابی یەكێتی دا یەكرێزبن لە بەغدا بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەتوانێت كەناڵێكی نوێ پەیوەندی لەگەڵ حیزبە كوردستانییەكان بكاتەوە لەگەڵ یەكگرتوو, كۆمەڵ و گۆڕان بەنەوەی نوێشەوە لە پەرلەمانی عێراق".ئەوەشی خستەڕوو" هۆكاری بەشدارینەكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانیشتنی تایبەت بەراسپاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بۆ خودی شەخسی عادل عبدالمهدی ناگەرێتەوە بەڵكو بەهۆی بەرێوەچوونی پرۆسەیەكی نادیموكراسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بوو. ئەمەش بەو مانایە نایەت كە پارتی دیموكراتی كوردستان پەراوێز دەخرێت بە پێچەوانەوە بەبێ پارتی حكوومەتی عێراق پێكناهنێرێت بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی ٣٠ئەیلول كە ئەنجامی  85% دەنگەكان ڕاگەیەنراوە پارتی توانیویەتی 44 كورسی مسۆگەر بكات كەئەمەش پارتی بەهێزتر كرد و پەیامێكیشە بۆ بەغدا كە پارتی حیزبێكی كاریگەر و خاوەن  زۆرترین دەنگە لە كوردستان و خاوەن بڕیارە. جگەلەمەش  لە عێراقیشدا حیزبی یەكەمە". لەسەر ئەوەی  تاچەند ئەم تێكچوونەی نێوماڵی كورد لە بەغدا كاریگەری دەبێت لەسەر نێوخۆی هەرێمی كوردستان صانح شەریف دەڵێ" من پێم وایە هیچ كاریگەری نابێت چونكە لەكاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە ٢٥/٩/٢٠١٧ نێو ماڵی كورد یەكرێز نەبوو بەڵام پرۆسەكە هەر ئەنجامدرا و نەتیجەكەش ڕای زۆرینەی خەڵكی كوردستان بوو بۆ سەربەخۆیی. لەلایەكی تریشەوە مادامێك هەڵبژاردن كرا ئەبێت ئەنجامەكەی سەنگی مەحەك بێت نەك رێكەوتنەكان بۆیە هیچ پێویست بە یەكرێزی ناكات بەڵكو ئەبێت حكومەتێكی بەهێز لە كوردستان لەلایەن حیزبی براوە پێك بێنرێت بە بەشداری ئەو لایەنانەی كە دەیان ئەوێت بەپێی ئیستحقاقی خۆیان بەشداربن". ئەوەشی دیاریكرد" پارتی دیموكراتی كوردستان مافی خۆیەتی هەر رێگەیەك بگرێتە بەر بۆ پێكهێنانی حكووموتی نوێ لە هەرێمی كوردستان چونكە پارتی قوربانی خیانەتە و دروشمەكانی یەكرێزی حیزبەكانە، هەروەها پارتی هەمیشە لە پێناو بەرژەوەندی میللەت قوربانی داوە بەڵام باشترە پارتی چیتر دەستپێشخەری یەكرێزی بۆ لایەنەكان نەكات چونكە هیچ جیێ متمانە نین، پارتی لەكاتێكدا حیزبی یەكەم و خاوەن بڕیارە لە كوردستان پێویستە تا لە عێراقدایە دەبێت وەكو حكوومەت لەگەڵ بەغدا  مامڵە بكات و پەرە بە پەیوەندییە دیبلۆماسییەكان بدات و خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەشی هاولاتییان و دەنگدەری خۆی بكات بۆ ئەوەی هەمیشە بە بەهێزی بمَینێتەوە تاكو بتوانێت لە دەرفەتێكی گونجاوی هاوشێوەی رۆژی ڕیفراندۆم دەوڵەت ڕابگەیەنێ لە عێراق جیا بێتەوە، من پێم وایە ئەمەیە رێگەی یەكرێزی كە لەگەڵ گەلدا بی نەك لەگەڵ حیزبەكان كە هەریەك بۆ بەرژەوندی خۆی دەجوڵێتەوە بەبێ ڕەچاوكردنی هەستی نەتەوەیی جگە لە پارتی. لە كۆتایی قسەكانیدا ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەی بەوەدا" زیاتر لە ١٥ لە ساڵە دوای ئازادكردنی عێراق پارتی هەمیشە هەوڵیداوە كورد یەكرێز بێت بەڵام جگە لە خیانەتكردن لەگەڵ پارتی و چاوپۆشی كردن لە مافەكانی خۆی بۆ بەرامبەرەكانی تر هیچی لێ سەوز نەبووە بەهۆی ئەمانەوە ، بۆیە باشترە نەخشە رێگایەكی تر بدۆزێتەوە لەگەڵ ئەم حیزبانە كە ئەمیش بە پێی قورسایی دەنگەكانیان.