Share on facebook
تەقەی خۆشی دەروازەیەك بۆ كوشتن
چوار شەممە, 10 تشرینی یەکەم 2018 08:05

 

 

ڕاپۆرت محەمەد ئامۆكەیی:

بوونی چەكی بێ مۆلەت لە ماڵەكان وایكردوە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە بۆنەو ئاهەنگەكان پەنا بۆ تەقەكردن بەرن بەو هۆیەشەوە زۆر جار روداوی گیان لە دەستدان و برینداربونی لێكەوتۆتەوە چەند رۆژێك لەمەوبەریش لە شاری سلێمانی و دەوروبەری بەهۆی تەقەی خۆشیەوە چەند كەسێك بونە قوربانی بەدەر لەمەش لە شارەكانی سۆران و چەند ناوچەیەكی تر ئەندام و لاینگرانی هەندێ حزب بەناوی خۆشی دەربڕین لەبەردەم ماڵەكان و بگرە شەقامە سەرەكیەكانیش تەقەی هەڕەمەكیان كرد، لە راِپۆرتێكدا زاری كرمانجی بۆچوونی هاونیشتیمانیانی لە چەند شارێكی جیا وەرگرتوە لەسەر دیاردەی تەقەكردن هەریەكەو بەجۆرێك باس لەم دیاردە قێزونە دەكەن دەخوازن حكومەتی هەرێم سزای توندی ئەو كەسانە بدات كەدەبنە هۆی بێزاری خەڵك.

هونەرمەند لاوین كوردستانی دەڵێت" تەقەكردن كارێكی قێزەون و ناشرینە جاری وا هەیە تەقەكردن بۆخۆشی دەكرێت، بەڵام كەسانێك دەبنە قوربانی ماڵی كەسانێك دەخرێتە گریان و ماڵیان وێران دەبێت، بۆیە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین ئەوەیی تەقە بكات سزا بدرێت بۆ ئەوەیی بۆ كەسانی تریش ببێتە پەند دەرسی لێوەرگرن ئەو كارە دوبارە نەكەنەوە، هەروەها تەقەكردن جگە لە زیان تا ئێستا قازانجی نەبووە و ناشبێت با هەموومان لەلایەن خۆمانەوە تەقەكردن نە هێلین تایبەت حكومەتی هەرێم بڕیارێك دەربكات و لە راگەیاندنەكان گرنگی بەم بابەتە بدرێت و بڵاو بكرێتەوە باس لە زیانەكانی تەقە بكرێت، لاوین زیاتر گووتیشی"ئەوەیی چەكی بێ مۆڵەتی هەبێت بەبێ جیاوازی چاو پۆشی لە هیچ كەسێك نەكرێت بەتوندی سزایی ئەوانە بدەن تاكو دیاردەی چەك هەلگرتن بن بڕ بكرێت، چیتر ڕۆڵە خێر لە خۆ نەدیوەكانی نیشتیمانان نەبنە قوربانی ئەو دیاردە ناشرینە.

شلێر سەعید ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی دەڵێت" پێویستە سزا هەبێت  بۆ ئەوانەی تەقە دەكەن خۆ دیاریش نیە كێ تەقە دەكات بۆیە زەرورە یاسایەك هەبێت لەهەر ناو چەیەك حزبی لێ باڵا دەستە تەقەی لێكرا ئەو سزا بدرێت بە سزایەكی زۆرو ئەوانەش كە دیارن تەقە دەكەن تاك تاك سزابدرێن وەك هەر تاوانبارێكی دیكە، دوای ئەوە لەكاتی ڕاگەیاندنی هەر بابەتێك بەم شێوە پێشتر لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن رابگەیەنرێت كە تەقەكردن قەدەغەیە، شلێر زیاتر گووتیشی" تەقەكردن جگە لە زیانی گیانی و مادی زیانی پیسبونی ژینگەشی بەدوا دادێ دەبێتە ژاوە ژاوێكی زۆر و مەترسیدارە جیاوازی نیە لەگەر پیس بونەكانی دیكەو پیسبونی هەوا بەهۆی تەقاندنی ئەم هەموو بارودە بێگومان ئەوە خۆی ڕاپۆرتێكی دەوێت بەتەنها بۆ قسە كردن لەسەری، جگە لەمەش هەندێ خەڵك فوبیایان هەیە بەم دەنگە یان كەسێكی لەشەڕ كوژراوە لەم كاتە ئەوكەسە دەزانێت ئێستا روداوەكە روی داوە لێ نوێ دەبێتەوە و زیانی بۆ نەخۆش و منداڵ  هەر زۆر بەدەر لەمەش تا بڵێی دیاردەێكی قێزونەو نازانم كۆمەڵگەی ئێمە بۆ هەر بۆ دواوە دەگەڕێتەوە بۆیە حكومەت دەتوانێت دەست بەسەر چەكی بێ مۆڵەت دابگرێت گەر مەبەستی بێت ئەگەر هاتوو دیاردەی چەك هەڵگرتن نەما گومانی تیانیە روداوەكانیش بەرەو كەم بونەوە دەچن.

ئیسماعیل حەمەدەمین هاونیشتیمانێكی هەریرەو گووتی" یەكێك لە دیاردە هەر ناشیرین و قێزەونكەر كە بەرۆكی كۆمەڵگای كوردی بۆتەوە و مێژوێكی درێژیشی هەیە ئەویش دیاردەی تەقەكردنە بە ئاسماندا لە زۆر كاتی جیاوازدا وەكو سەركەوتنی پارت و لایەنە سیاسیەكان لە هەڵبژارداندا و بردنەوەی یانە وەرزشیەكان هێشتای تر خۆشی دەردەبڕین هەیە كەس ناتوانێ نكۆلی لێ بكات،  بەڵام چۆنیەتی خۆشی دەربڕینەكە پێویستە بەجۆرێك بێت زەرەر بە كەسی بەرامبەر نەگەینێت، دیاردەی تەقەكردن سەرەڕای نەبونی سود، چەندین زیانی ماددی و  مەعنەویشی هەیە بۆ خودی كەسەكەو بۆ تاكەكانی كۆمەڵگا بە گشتی بۆیە پێویستە حكومەت و حیزبەكان هەر یەكەو لە لای خۆیەوە بە زووترین كات كار لەسەر نەهێشتنی یاخود كەمكردنەوەی ئەم دیاردەیە بكەن، دەكرێت حكومەت لە رێگای وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆوە كار بۆ نەهێشتنی چەك لە ماڵان بكات، لە رێگای وەزارەتی پەروەردە و خوێندی باڵاش كار لەسەر هۆشیاری كۆمەڵگە بكرێت بەتایبەتی لە رێگای زیادكردنی وانەیك لەناو سیستەمی خوێندندا لە ژێر ناونیشانی چۆنیەتی خۆشی دەربرین لە كاتی سەركەوتنەكاندا، ئەمە بە پێی تێپەڕِبوونی كات كاریگەریكی باشی دەبێت نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت پێویستە كەنالەكانی راگەیاندن بە بینراو و بیستراو و خوێندراو وە مامۆستایانی ئاینیش لە رێگای مینبەری مزگەوتەكانەوە خەڵك لە ناشارستانی ئەم دیاردەیە ئاگاداربكەنەوە بۆ ئەوەی كۆمەڵگایەكەمان زیاتر بەرەو پێش بچێت، ئەوەی لەم رۆژانە لە سنوری سلێمانی رویدا كارەسات بوو ماڵی خەڵك وێران بوو بە هۆی تەقەی خۆشیەوە بۆیە داوا كارم تاكی كورد زیاتر وشیار بێت و لە جیاتی چەك قەڵەم بەكار بێنێت.

پارێزەر كارزان هەنارەیی دەڵێت" دیاردەی تەقەكردن لە كاتی جەژن و بۆنەو بە دەست هێنانی دەست كەوت  كە پێی دەڵیین تەقەی خۆشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی بوونی هەیەو بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزیەكان بەردەوام لە ناوچەكەدا بۆتە دیاردەیەكی بەردەوام و وەك كلتورێكی لێ هاتوە، بەهەمان شێوە لە باشوری كوردستانیش بۆتە دیاردە و كلتورێكە كە لەكاتی خۆشی دەربڕیندا پەنا دەبرێتە بەر تەقەكردن بە ئاسمانداو هەرچەندە ئەو دیاردەیە قەدەغە كراوە، بەڵام كەسانێك هەن پەنای بۆ دەبەن و زۆربەی جارەكان بەهۆی تەقەكردنەوە قوربانی لێكەوتۆتەوەو دەیان كەس دەبنە قوربانی ئەو دیاردەیە، كارزان زیاتر گووتیشی" ئاشكرایە كوردیش بەهۆی دوژمنەكانیەوە هەمیشە ناچار بەچەك  هەڵگرتن كراوە و بۆ خۆ پاراستن شۆڕش و خەباتی ئەنجامداوە لەو چوار چێوەیەشدا هەمیشە تاكەكانی كورد خۆبەخشانە چەكیان هەڵ گرتوە، لەم دوایانەشدا بە هۆی شەڕی داعش و هێرشەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە سەرەڕای بونی هێزی پێشمەرگە بەهۆی بەرزی هەستی نەتەوایەتی هەزاران كەس وەك پێشمەرگەی خۆبەخش چەكیان هەڵگرت و بەرگیریان لە خاك و نیشتمان كرد، ئەمەش وای كردوە دیاردەی چەك هەڵگرتن بەردەوام بونی هەبێت و لە ئێستاشدا هەڕەشەكان لەسەر گەڵی كورد ناوە ناوە هەستی پێ دەكرێت واتە دەتوانین بڵیین ناچار كراوین چەك هەڵبگرین بۆ بەرگری كردن لە خۆمان،  لە سەردەمانی زوو یاری ئاگرین بوونی نەبوو گەڵی كورد بۆ خۆشی دەر بڕین تەنها پەنای بردۆتە بەر تەقەی خۆشی و ئاگر كردنەوە و چونە دەرەوە لە نەورۆزاندا، بەڵام لە ئێستادا كۆمەڵیك  فاكتەری تر هەن بۆ خۆشی دەر بڕین وەك یارییە ئاگرینەكان، ئەویش پێویستە بە شێوەیەكی یاسایی و دوور لە  ئازار دانی خەلك و شێواندنی شیرازیەی شارستانیمان بێت، هیج كات درەنگ نیە بۆ ئەوەی هەنگاوی باش هەڵبگرین دەتوانین كۆتایی بەو دیاردەیە بێنین لە رێگای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و یاسا ناسان و كەناڵەكان وەك كارێكی ناشرینین نیشانی خەڵكی بدەین چونكە لە ئەنجامدا گیانی خەلك بەردەوام لە مەترسی دادەبێت هەندێك جار شەڕو ئاژاوە دوژمنایەتی لێ دروست دەبێت لەناو كۆمەڵگادا با هەمومان خەڵك هان بدەین لەو ساتانەدا پەنا بۆ شتی تر ببەن بۆ خۆشی دەربڕین نەك تەقەكردن، ئەگەر دیاردەیەك كلتورێكی ناشرین بونی هەبێت پێوەیستە بەوردی  لە رێگای بەركردنەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵك و راگەیاندنی بەردەوام ئەو دیاردەیە نەهێلین  و بەرەو شارستانیەت هەنگاو بنێین.

پەخشان محەمەد بەرپرسی رێكخراوی گەشەپێدانی ئافرەتانی كوردستان لە سلێمانی دەڵێت" دەربڕینی خۆشی و كاردانەوەی مرۆڤەكان بۆ هەواڵی خۆش و گرنگ نەك تەنها بەپێی كۆمەڵگاكان بەڵكو بە پێی تاكیش دەگۆڕێت، ئەمەش بە پێی ڕادەی هۆشیاری تاك و دابونەریت و كلتوری ناو كۆمەڵگا كاریگەرییان هەیە لە وڵاتانی دواكەوتوودا لەوانەیە یەكێك لە شێوازەكانی دەربڕینی خۆشی بریتی بێت لە تەقەكردن،  ئەمەش هەڵەیەو ئاماژەیەكی زەقە بۆ دواكەوتووی ئەو كۆمەڵگایە، دیاردەی تەقەكردن دیاردەیەكی ناشارستانی و قیزەونە لەناو میلەتی كورد، تەقەكردن لە بۆنەكاندا بەهیج جۆرێك خۆشی و سودی تیا نیە جگە لە زەرەرو ماڵ وێرانی خەڵك، بۆیە پێویستە حكومەت و لایەنی پەیوەندی دار هەوڵی جدی بدەن بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە، لە رێگای نەهێشتنی چەكی بێ مۆڵەت وەك دەبینین زۆربەی ماڵەكان چەكیان هەیەو بێ موڵەتە دەكرێت حكومەت سزای قورسی ئەو كەسانەبدات بەڵام سزا دانەكە بێ جیاوازی بێت.