Share on facebook
جێگرەوەی یەكێتی بۆ پارتی ...
چوار شەممە, 10 تشرینی یەکەم 2018 09:58

ئیسماعیل ئیبراهیم

خوێندنەوەی جیاجیا بۆ سیاسەتكردن كراوە، هەر گرووپەو بە جۆرێك ناوی دەینن، بەڵام هەر جۆرێك بێت گرنگە هەنگاوی وابهاوێژرێ كە لایەنەكە لە ئامانجی سەركەوتوو بێت و فێڵی لێ نەكرێت، چونكە فێڵكردن لە سیاسەت واردیدە هەروەك چۆن سوێند خواردنی بەدرۆش هەر واریدە."ئەم هاتوو هاوارەی ناو فێسبووك كە لەلایەن كەسانی ناشارەزا لە بواری سیاسەت دەكرێت و كورت بینن و بە روكێشی بیردەكەنەوە، وای كردووە ئەندام و لایەنگیرانی حزبە كوردستانییەكان تا سەر موخ رقیان لە یەكتری ببێتەوە، ئەمە مەترسیدارترین شتە، چونكە دواجار مەترسی سەرهەڵدانی لێكترازای كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە كە لە ئەمەیان زیانمەندی یەكەم شەقام و هاووڵاتییانن، دەیان خێزان هەن بە هۆی حزبایەتیكردنی ساویلكانە رووبەرووی كێشە بوونەتەوەو ناچار بوونە ماڵ و حاڵ و شاری خۆیان بەجێ بهێڵن لە كاتێكدا هیچ حزبێك منەتی پێ نییە، بیرم دێت دوای شەڕی ناوەخۆ كە سەتان كەس بوونە قوربانی، هەر دوو بەرێزان جەنابی كاك مەسعود بارزانی و مام جەلال لە كەناڵەكانی راگەیاندن گووتیان( ئێمە بێ تاوانترین كەسین لە روودانی شەڕی ناوەخۆ) پێشموایە ئەم چەند وشەیە بەسە بۆ تێگەیشتن.

ئەوەی لە بەغدا روویدا و یەكێتی توانی دكتۆر بەرهەم ساڵح بكاتە سەرۆك كۆمار لە سیاسەتدا زۆر واریدە و فێڵی لە پارتی كرد و سەركەوت، واتە گۆڵی لە پارتی كرد، ئیتر ناشێ پارتییەكان بە دیار ئەو گۆڵەوە دانیشن بروبیانووی بۆ بدۆزنەوە، چونكە گۆڵەكە كرا و تەواو." ناشكرێت دۆخی كوردستان و دەستكەوتەكان و ئەم كیانە بكرێتە قوربانی ئەو ساویلكەییەی پارتی، پێویستە پارتی زیاتر لە جاران ژیرانەتر هەنگاو بنێت." دەبێ ئەوەش باش بزانین جێگرەوەی یەكێتی بۆ پارتی هەر خودی یەكێتییە، كە خاوەن هێزی سەربازی و دارایی و پشتگیری هەرێمی و ناوخۆییە.

ئەوانەشی خەون بە دوو ئیدارەییەوە دەبینن كەسانی دڵسۆز نین نە بۆ پارتی نە بۆ یەكێتی، بۆیە باشترین رێگا ئەوەیە دۆخەكە هێور كرێتەوە و بیر لە باشتر كردنی نێوماڵی كوردی بكرێت، حاڵ و گوزەرانی زۆربەی هەرە زۆری هاووڵاتییان بەرگەی ئەو هەموو ئاڵۆزییە سیاسییەی ناو خۆیی ناگرێت، پارتی لە هەموو حزبەكانی دیكە ئەركی پاراستنی ئەم دەستكەوتانە و باشتر كردنی دۆخی ئابووری كوردستانی لە سەرە، هێوركردنەوەی دۆخەكە یەكەم جار لە بەرژەوەندی كوردە دواتریش لە بەرژەوەندی پارتییە.

سێ مانگ بەر لە ئێستا لە نووسینێكم ئاماژەم بەوەدا كە دكتۆر بەرهەم دەچێتەوە ناو یەكێتی و دەشكرێتە سەرۆك كۆمار، چونكە ئەم بابەتە تەنها پەیوەندی بە كوردەوە نییە، ئینجا لێم تێبگەن...

دەبێ ئەوەش باش بزانین ئەو دەنگە زۆرەی پارتی بەدەستی هێنا، ئەگەر چی بۆ لایەنگیرانی پارتی دڵخۆشی هێنا و پێگەی ئەم حزبەی لە ناو كوردستان دیاری كرد، بەڵام مانای ئەوە نییە پارتی لە مەترسیدا نییە، من دۆخی پارتی لە هەموو كات زیاتر بە هەستیار دەبینم و پێویستە تا زووە پارتی دەست بەكات بە باشتركردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق و وڵاتانی هەرێمی، چونكە سیاسەتكردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە عێراقی ئێرانی لێوان لێوە لە پیلان و مەترسی بۆ كورد لە نێو كوردانیش پارتی تاكە هێزە، بۆ كەوتنە بەر ئەم پیلانە.