Share on facebook
سەركەوتنی لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستكەوتێكی زێڕینە
پێنج شەممە, 11 تشرینی یەکەم 2018 10:39


سیروان شێخ

هەڵبژاردن بنەمایەكی گرنگە لە ژیانی سیاسی و دیموكراسیدا، هەنگاوێكیترە بۆ نزیكتر بوونەوە لە دۆزینەوەی شوناسی هاوڵاتی، یان بەدیوەكی تر هەڵبژاردن پرۆسەیەكی دیموكراسییە لە هەر كۆمەڵگایەك یا دەوڵەت یا هەرێمێكدا، بۆ ئەوەی تاكی دەنگ دەر لە رێگای سندوقی دەنگدان بڕیار لە دوارۆژی خۆی بدات، تاكو بتوانێت ئارامی و ئاسایشی ژیانی بەهێز بێت، ئەگەر هەڵبژاردن لە هەموو وڵاتان هۆكارێكی سەرەكی بێت بۆ دەستاودەست كردنی دەستەڵات و باشتر كردنی گوزەرانی خەڵك و پتەوتر كردنی دەستكەوتەكان، ئەوا لە هەرێمی كوردستاندا بە هۆكارێكی ئیجابی دەزانرێت بۆ رادەربڕین، جێگای خۆشحاڵییە كورد دوای كۆمەلێ ئەزموونی پەرلەمانی توانی جارێكی تر لە رۆژی 30-9 بە گڕوتینێكی گەرمەوە بە چەندین لیست و رەنگی جیاوازەوە بەشداری هەڵبژاردنی نوێنەرانیان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بكات ، هەر یەكەیان توانی كێ بڕكێ بكەن لەسەر بردنەوەی زۆرترین كورسی، بۆ ئەم هەڵبژاردنە پارتی دیموكراتی كوردستان بەلیستی ژمارە 183 بەشداری كرد بە ناونیشان یا دروشمی (بەرەو بوونیاتنانی كوردستانێكی بەهێز) كە تاكە لیستە دەتوانێت چارەنووسی خەڵكی كوردستان رۆشن بكات و بەرگری لە دەستكەوتەكان بكات، ئەو دەستكەوتانەی بەخوێنی سەدان شەهید و قوربانی بەدی هاتوون، كە بەدەستكەوتی زێرین دادەندرێن.

بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرایە ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆ بەدی هاتوون بەهەوڵ و تێكۆشانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، بەتایبەتی قۆناغی ریفراندۆم بەدرێژای مێژووی گەلی كورد هیچ حزب و سەركردەكان نەیانتوانیوە كوردستان بگەیەنێنە قۆناغی ریفراندۆم و سەربەخۆی، بەشانازییەوە لەسەر دەستی پارتی دیموكراتی كوردستان وجەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی كورد توانی بگات بە قۆناغی ریفراندۆم و سەربەخۆی كە لە رۆژی 25-9-2017 خەڵكی كوردستان بەرێژەی سەدا 93 بە بەلێ دەنگیان بەسەربەخۆیدا، باشترین دەستكەوت بوو بۆ كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەم هەڵبژاردنەدا سەنگ و قورسای لای پارتی دیموكراتی كوردستان تۆماركرا." گومان لەوە دانیە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن و پێكهێنانی كابینەی نوێ دەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان بەپێی رێژەی كورسییەكان گفتووگۆ لەگەڵ حزبە سیاسییەكان بكات، چونكە ناكرێت چیتر حزبەكان لەسەر میلاكات و دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان پۆست و وەزارەتەكان وەربگرن، لەپێناو یەكڕیزی نێو ماڵی كورد زۆرمان بەخشی بە حزبەكان، بەڵام لە كۆتایدا دەركەوت پێچەوانە دەرچوون بەرامبەر بە یەكریزی، بە تایبەتی لەكاتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق.