Share on facebook
د. بەشیر حەداد: هەوڵ دەدەین بارودۆخی كەركووك بگەڕێنینەوە پێش ١٦ی ئۆكتۆبەر
یەک شەممە, 04 تشرینی دووەم 2018 17:23


ئا: ڕائیب شێروانی
جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، باسیان لە كێشە و بارودۆخی خراپی سنووری كەركووك كرد، بەشیر خەلیل بەڵێنی دا بخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجوومەنەكەوە و، بەپێی یاسا و دەستوور باری ناوچەكە بۆ پێش ١٦ی ئۆكتۆبەر بگێڕدرێتەوە.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، رایگەیاند، بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانیان بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باس كردووە، هاوكات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەران كار بۆ ئەوە دەكەن، كە دەسەڵاتی سەربازی لە شارەكە نەمێنێت و بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە، كە دكتۆر بەشیر خەلیل وەك جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی نووسینگەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكی لە هەولێر كرد، تاڵەبانی گوتیشی: "ئەو بارەی لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر لە شارەكە هاتووەتە ئاراوە، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانی كەركووك كەوتوونەتە بارێكی نائاسایی، چەندین بەڕێوەبەر و بەرپرسی كوردی شارەكە دەستگیر كراون، كە لە بنكەی پۆلیسی قۆرییە دەستبەسەر كراون، وەك خۆی گوتی، هەموو ئەو شتانەی باس كردووە و داوایان لە جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە، كە خەمی كەركووكیان بباتە ناو ئەنجوومەنی نوێنەران.
دكتۆر بەشیریش هەر لە میانەی كۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەكەدا، بۆ مێدیاكان گوتی: "بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخیان بین، ئێمە وەك ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سیفەتی چاودێرمان بەسەر یاسا و دەستووردا هەیە، خودی رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و لە بابەتی سەربازی كە لە كەركووك روویان داوە، لە دەرەوەی یاسا و دەستوورن".
دكتۆر جەختیشی كردەوە:" ئەوان وەك ئەنجوومەنی نوێنەران، یادداشتی هەموو بابەتەكانیان كردووە و هەوڵ دەدەن لە رێی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بیخەنە بەرنامەی كاریانەوە، بە پێویستیشی زانی بە شێوەیەكی یاسایی و دەستووری ئەو بارودۆخە چارە بكرێت و ئاسایی بكرێتەوە و دیاردەی سەربازی و میلیشیاكان نەمێنن و بارودۆخی كەركووك بگێڕدرێتەوە پێش ١٦ی ئۆكتۆبەر.
خەلیل نەیشاردەوە، كە بە هۆی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە هاووڵاتیانی كورد لە شارەكە و دەوروبەری كاری ناڕەوایان بەرانبەر كراوە، نموونەی بەوە هێنایەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا داواكارییان بۆ هاتووە، لە لایەن ئەو هاووڵاتییانەی كەركووك، كە خاوەنی زەویوزاری كشتوكاڵین، بە هۆی ئەوەی وەرزی چاندنە، میلیشیا سەربازییەكان رێگرییان لێ دەكەن و ناهێڵن زەوییەكانیان بكێڵن و بیانچێنن، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و وەزارەتی كشتوكاڵ كاری لەسەر دەكەین".